كوڕێك له هه‌ولێر ماوه‌ی دوو ساڵه پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ خاڵۆژنی هه‌یه و ئێسته ئاشكرا بووه. خاڵۆژنه‌كه‌ی دوای ئه‌وه‌ی دووجار هه‌وڵی خۆكوشتنی داوه و سه‌ركه‌وتوو نه‌بووه، ئێسته له ماڵی خزمێكی خۆی حه‌شار داوه. كوڕه‌كه‌یش كه جیا له خۆشه‌ویستی له‌گه‌ڵ خاڵۆژنی، ده‌زگیرانداریش بووه و لێك جیا بوونه‌وه، هه‌رچه‌نده دووپاتی له‌وه كردووه‌ته‌وه كه خاڵۆژنی به زۆر ناچاری كردووه خۆشه‌ویستی له‌گه‌ڵ بكات.
"كاروان" ئه‌و كوڕه‌یه كه ماوه‌ی دوو ساڵ پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ "هه‌ڵات"ی خاڵۆژنی هه‌بووه، به‌ڵام به‌هۆی ئه‌و پێوه‌ندییه‌وه ئێسته چه‌ندان خێزان كێشه‌ی تێكه‌وتووه و هه‌ڵات چاره‌نووسی خۆی و دوو منداڵه‌كه‌ی به نادیاری هه‌ڵپه‌ساردووه، هه‌رچه‌نده هاوسه‌ره‌كه‌ی ئاماده‌یی ئه‌وه‌ی ده‌ربڕیوه بیبه‌خشێت، به‌ڵام خۆی ده‌ڵێت "دوای ئه‌و ره‌فتاره‌ی به‌رانبه‌ر هاوسه‌ر و منداڵه‌كانی كردووه، جارێكی تر ناتوانێ بگه‌ڕێته‌وه ناویان".
"وشه" ئه‌م زانیارییانه له زاری هه‌ڵات وه‌رده‌گرێت كه دوای ئاڵۆزبوونی هه‌موو شتێك، ئێسته ددان به‌وه‌دا ده‌نێت كه هه‌ڵه‌یه‌ك ته‌واوی ژیانی تێك داوه، باجی ئه‌و هه‌ڵه‌یه‌ش زۆر گه‌وره ده‌بێت، چونكه ئه‌گه‌ر باردۆخیش ئاسایی ببێته‌وه وه‌ك په‌ڵه‌یه‌كی ڕه‌ش له ژیانی ده‌مێنێته‌وه.
هه‌ڵات ١١ ساڵه هاوسه‌رگیری له‌گه‌ڵ "نه‌وزاد" كردووه و خاوه‌نی دوو منداڵه، دوای ئه‌وه‌ی ده‌بێت به دایك و ژیانێكی بێ كه‌موكوڕی به‌ڕێ ده‌كات له ماڵی خۆیدا، كوڕی خوشكی هاوسه‌ره‌كه‌ی "كاروان" كه ماڵیان له ده‌ره‌وه‌ی هه‌ولێره بۆ مه‌به‌ستی خوێندنی له په‌یمانگه دێته هه‌ولێر و به‌هۆی ئه‌وه‌ی نه‌وزاد ڕێ نادات به‌رده‌وام له به‌شه ناوخۆیی بمێنێته‌وه، بۆیه زۆربه‌ی كات له ماڵی خاڵۆ نه‌وزادی ماوه‌ته‌وه، به‌ڵام ئه‌م چاكه‌یه‌ی خاڵی له كۆتادا خراپ كه‌وته‌وه، چونكه ئه‌و مانه‌وه زۆره‌ی كاروان وا ده‌كات له‌گه‌ڵ هه‌ڵاتی خاڵۆژنی پێوه‌ندی دروست بكه‌ن.
هه‌ڵات سه‌ره‌تای دروستبوونی پێوه‌ندییه‌كه‌یانی بیره چۆن ده‌ستی پێ كردووه و ئه‌وه ده‌خاته ڕوو كه نه‌یویستووه به هیچ جۆرێك ناپاكی له هه‌وسه‌ره‌كه‌ی بكات، چونكه به‌گوته‌ی خۆی "دڵم به ماڵ و منداڵه‌كانم زۆر خۆش بوو، به‌ڵام كاتێك كوڕێكی گه‌نج و جوان له ماڵه‌وه له‌گه‌ڵت بێت و وه‌ك شاژن مامه‌ڵه‌ت له‌گه‌ڵ بكات له‌چاو هاوسه‌ره‌كه‌ت و له‌سه‌ر سه‌رت دابنێ، هه‌موو شتێك ده‌گوڕێ". هه‌ڵات وه‌ك پاساو بۆ قسه‌كه‌ی ئاماژه به‌وه ده‌دات كه "دڵی ژن زۆر ساده‌یه، له كوێ سۆز و گرنگی هه‌بێ له‌وێ لێ ده‌دات".
به‌پێی قسه‌كانی هه‌ڵات، سه‌ره‌تا هاوسه‌ره‌كه‌ی ویستوویه‌تی كاروان به یه‌كجاری بێته‌وه ماڵی ئه‌وان و ئه‌و دوو ساڵه له‌گه‌ڵ ئه‌وان بژی، به‌ڵام هه‌ڵات ڕێی نه‌داوه، پاشان نه‌یتوانیوه ڕێگر بێت له‌وه‌ی كه زووزوو سه‌ردانیان بكات، بۆیه ماوه‌ی دوو مانگ تێده‌په‌ڕێت له سه‌ردانیكردنی كاروان بۆ ماڵی خاڵۆی و هیچ ڕوو نادات، به‌ڵام دواتر خاڵۆ نه‌وزادی سه‌فه‌ر ده‌كات و ماوه‌ی سێ هه‌فته ناگه‌ڕێته‌وه، له‌وێوه سه‌ره‌داو و ئاماژه‌كان ده‌رده‌كه‌ون و لێدانی دڵ گۆڕانكاری تێده‌كه‌وێ له نێوان كاروان و خاڵۆژنی.
هه‌ڵات دووپات ده‌كاته‌وه كه چه‌ند جارێك به‌هۆی مانه‌وه‌ی كاروان له ماڵیان ناخۆشی ڕووی داوه له نێوانیان، به‌ڵام له كۆتادا ئه‌وه‌ی لێی ترساوه ڕووی داوه و كه‌وته داوی خۆشه‌ویستی كاروانه‌وه. ئه‌وه‌ش دووپات ده‌كاته‌وه كه "ترسم له كاروان ئه‌وه‌بوو كه نه‌مویست بێته ماڵمان، ئه‌و زۆر گرنگی پێ ده‌دام و هه‌ستم ده‌كرد ناتوانم له ده‌ستی ده‌رچم".
"كاتێك نه‌وزاد سه‌فه‌ری كرد ئێمه زیاتر له یه‌ك نزیك بووینه‌وه و پێوه‌ندییه‌كه‌مان دروست كرد، دواتر ئه‌وه‌نده قووڵ بووینه‌وه وا هه‌ستم ده‌كرد كاروان هاوسه‌رمه". هه‌ڵاتی خاڵۆژن وا ده‌ڵێ.
كاروان جیا له خاڵۆژنی، له په‌یمانگه‌یش پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ كچێك هه‌بووه و به‌ڵێنی ماره‌كردنی پێ داوه، له ماڵی خاڵۆیشی خۆی پیاوی ماڵه له هه‌موو روویه‌كه‌وه و ته‌نانه‌ت ژنی ماڵه‌كه‌یش وه‌ك ژنی خۆی بووه.
ئه‌م باردۆخه له‌ژێر چه‌ندان مه‌ترسیدا بۆ ماوه‌ی دوو ساڵ به‌رده‌وام ده‌بێت، به‌ڵام دوای ته‌واوكردنی په‌یمانگه، كاروان ده‌گه‌ڕێته‌وه ماڵی باوكی و به‌هه‌موو شێوه‌یه‌ك خۆی له هه‌ڵات دوور ده‌خاته‌وه. ئه‌مه بۆ خاڵۆژنی ته‌حه‌مول نه‌كرا، بۆیه رووداوه‌كان به ئاراسته‌ی ئاشكرابوونی راستییه‌كان ده‌ڕوات.
هه‌ڵات باس له‌وه ده‌كات "كاروان له ماڵمان به‌شێوه‌یه‌ك بوو له‌گه‌ڵم كه من تاكه ژنی دنیا و ژیانی ئه‌وم، ته‌نانه‌ت به‌ڵێنی دا هه‌رگیز هاوسه‌رگیری نه‌كات، به‌ڵام كاتێك گه‌ڕایه‌وه ماڵ باوكی هه‌موو پێوه‌ندییه‌كه گۆڕا، بێ ئه‌وه‌ی ئاگادارم بكاته‌وه، به‌وه‌یشه‌وه نه‌وه‌ستا چووه داوای خۆشه‌ویسته‌كه‌ی و ماره‌ی كرد، ئه‌و خۆشه‌ویسته‌ی ماوه‌ی دوو ساڵ به‌نهێنی پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ هه‌بووه و له منی شاردووه‌ته‌وه".
به‌ڵام ئه‌مه ئێسته گێڕانه‌وه‌ی ئاوا ئاسانه، ئه‌گه‌ر نا راستییه‌كه‌ی ئه‌وه‌یه كه هه‌ڵات ددانی پێدا ده‌نێت و دوای بیستنی هه‌واڵی هاوسه‌رگیری كاروان، ئه‌م خاڵۆژنه‌ی هه‌وڵی خۆسووتاندن ده‌دات و ژنێكی دراوسێیان فریای ده‌كه‌وێت و ڕێی لێ ده‌گرێت.
"نامه‌م نارد بۆ كاروان لێی ده‌پاڕامه‌وه وه‌ڵامم بداته‌وه، هیچ وه‌ڵامی نه‌بوو وه‌ك ئه‌وه‌ی منی هه‌ر نه‌ناسیبێ، ئیتر ته‌حه‌مولم نه‌ما و به‌رچاوم ڕه‌ش بوو، بۆیه ڕووی ڕاستی هه‌ردووكمانم ده‌رخست و یه‌كه‌م كه‌سیش نامه‌م بۆ ده‌زگیرانه‌كه‌ی نارد و وێنه‌كانی خۆمانم بۆ نارد، دواتر هه‌موو شتێكم به دایكی كاروان گوت، ئینجا حه‌بم خوارد تا بمرم سوودی نه‌بوو، ئه‌وه‌تا ده‌ژیم بۆ ئه‌وه‌ی زیاتر ڕێسوایی خۆمم ببینم". هه‌ڵات خۆی وای گوت.
ئه‌و ژنه ئێسته له ماڵی خزمێكیان پارێزراوه بۆ ئه‌وه‌ی باوانی یاخۆ خه‌زوورانی توندوتیژی به‌رانبه‌ر نه‌كه‌ن، منداڵه‌كانیشی لای ماڵی خه‌سووی به‌خێو ده‌كرێن. هه‌رچی كاروانه ده‌زگیرانه‌كه‌ی لێی جیا بووه‌وه و به‌پێی ئه‌و زانیارییانه بێت كه بۆ هه‌ڵات هاتووه، له‌ناو خزمه‌كانی هاوسه‌ره‌كه‌ی بابه‌ته‌كه به‌جۆرێك بڵاو بووه‌ته‌وه كه خاڵۆژنی واته هه‌ڵات زۆری له كاروان كردووه و ناچاری كردووه له‌گه‌ڵیدا بێت!
وشه/ هه‌ولێر- ئیڤان عه‌بدوڕه‌حمان