ریال مەدرید شوێنگرەوەی بەنزیمای هەڵبژاردووە

:: AM:10:40:23/05/2018 ‌

چیرۆكی كەریم بەنزیمای هێرشبەری فڕەنسی لەگەڵ یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی لە كۆتایی نزیكبووەتەوە بەهۆی ئەو ئاستە خراپەی لە یارییەكانی ئەم وەزەردا پێشكەشی كرد.

هاندەرانی یانەی ریال مەدرید لەم وەرزدا لە چەندان یارییدا ناڕەزاییان بەرامبەر خراپی ئاستی بەنزیما دەربڕی بوو و لەنێو یاریگەی فیكەی ناڕەزاییان ئاراستەكردبوو، كەواتە ئەو هێرشبەرە فڕەنسییە لەماوەی گواستنەوەی هاوینەی داهاتوودا لە هەموو كاتێك لە جێهێشتنی یانەی شاهانە نزیكترە.

رۆژنامەكانی ئیسپانیا ئاشكرایان كرد: فلۆرنتینۆ پێرێزی سەرۆكی یانەی ریال مەدرید گەیشتووەتە ئەنجامی كۆتایی و هێرشبەرێكی نوێی بۆ یانەكەی و شوینی بەنزیما هەڵبژاردووە ئەویش ماورۆ ئیكاردی هێرشەری یانەی ئینتەر میلانی ئیتاڵییە.

پێرێز پێوایە هێرشبەرە تەمەن 25 ساڵییەكە لە وەرزی داهاتوودا یاریزانی پێكهاتەی سەرەكی زێنەدین زێدانی راهێنەر دەبێت دوای ئەوەی لە یارییەكانی ئەم وەرزەدا لەگەڵ یانەی ئینتەر میلان باشترین ئاستی پێشكەش كرد.

یانەی ریال مەدرید ئەمە یەكەمجار نییە گرینگی بە گرێبەستكردن لەگەڵ ئیكاردی دەدات، بەڵكو پێشتر چەند جارێكی تریش هەوڵی گرێبەستكردنی لەگەڵ داوە.

رۆژنامەكانی ئیسپانیا ئاشكراشیان كرد كە یانەی ریال مەدرید لە ماوەی گواستنەوەی هاوینەی داهاتوودا هەردوو هێرشبەری تیپەكەی بەنزیما و گاریس بێڵ دەفرۆشێ بەهۆی ئاستە خراپەكانیان كە لە یارییەكانی ئەم وەرزەدا پێشكەشیان كرد.

پێشبینی دەكرێ نرخی ئیكاردی لە بازاڕی گواستنەوەی یاریزاناندا 75 ملیۆن یۆرۆ بێت.

هێرشبەرە ئەرجەنتینییەكە لە وەرزی ئەمساڵی خولی ئیتاڵیا لەگەڵ شیرۆ ئیمۆبێلی هێرشبەری یانەی لازیۆ بە گۆڵكاری خولەكە دەستنیشان كران دوای ئەوەی توانیبوویان 29 گۆڵ تۆمار بكەن.



وشە - ئامانج ئه‌كره‌م