رۆناڵدۆ یان میسی.. كامیان خۆشەویستترن لە جیهاندا؟

:: AM:11:49:23/05/2018 ‌

بەگوێرەی نوێترین تۆژینەوە دەركەوتووە كریستیانۆ رۆناڵدۆی ئەستێرەی پورتوگالی و یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی لەسەر ئاستی جیهان خۆشەویستترین وەرزشوانە و زۆرترین هەواداری هەیە.

تۆژینەوەكە لەلایەن تۆڕی ناوداری ئەمەریكی (ئیسپن) ئەنجامدراوە و دەركەوتووە رۆناڵدۆ لەسەر ئاستی جیهان خۆشەویستی زیاتری لە ركابەرەكەی لیۆنێل میسی ئەرجەنتینی و لیبرۆن جیمسی یاریزانی تۆپی باسكەی ئەمەریكی هەیە.

رۆناڵدۆ كە پارساڵ پێنجەمین خەڵاتی باشترین یاریزانی جیهانی بەدەستهێنا، بە یەكەم یاریزان دادەنرێ لەرووی هەوادارەوە لەسەر ئاستی جیهان، ئەمەش لەسەر بنەمای ژمارەی هەوادارەكانی لەسەر تۆڕەكانی كۆمەڵایەتی و نووسینی ناوی لەسەر گەڕانەكانی ئینتەرنێت و رێككەوتنی سپۆنسەرەكانی دیاری كراوە.

دوای رۆناڵدۆ ناوی لیبرۆن جیمس پاڵەوانی سێ ساڵەی خولی تۆپی باسكەی ئەمەریكی لە ریزبەندی دووەمدا هاتووە، دوای ئەویش میسی لە ریزبەندی سێیەمدا هاتووە لەرووی ژمارەی هەوادارەوە لەسەرتاسەری جیهان.

لە ریزبەندی چوارەمیشدا نیمار دا سیلڤای ئەستێرەی بەڕازیلی دێت كە تا ئێستا بە گرانترین یاریزان لە مێژووی تۆپی پێ دادەنرێ دوای ئەوەی وەرزی رابردوو بە 222 ملیۆن یۆرۆ لە یانەی بەرشەلۆنەی ئیسپانی چووە یانەی پاریس سان جێرمانی فڕەنسییەوە.

لە ریزبەندی پێنجەمیشدا رۆجەر فیدرەڕی تێنسكاری سویسڕی دیاری كراوە كە تا ئێستا زۆرترین ناسناوی لە مێژووی تێنسی جیهاندا بردۆتەوە و دوای ئەویش كیڤن دۆرانت ئەستێرەی تۆپی باسكەی ئەمەریكی و رافیێل نادالی تێنسكاری ناوداری ئیسپانی ناویان هاتووە.

لەسەر ئاستی ئافرەتانیشدا سیرینا ولیامزی تێنسكاری ئەمەریكی لە ریزبەندی یەكەمی ناودارترین وەرزشوان ناوی هاتووە، دوای ئەویش رۆندا راوزی پاڵەوانی هونەرە جەنگییەكان دێت.



وشە - ئامانج ئه‌كره‌م