پەرلەمانتارە براوەكانی عێراق لە ترسی مەرگ ڕوو لە هەولێر دەكەن

:: PM:03:13:23/05/2018 ‌


زۆر لە كاندیدەكان بۆ خولی چوارەمی پەرلەمانی عێراق، دوای بەدەستهێنانی دەنگی خەڵكی شارەكەی خۆیان و بوونیان بە پەرلەمانتار، ماڵەكانیان گواستووەتەوە بۆ هەرێمی كوردستان یان بەغدا لە ترسی بە ئامانجگرتن و كوشتنیان. بەرپرسانی تەناهیش دەڵێن رەوشی ئێستە لەبار نییە بۆ مانەوەیان لە شارەكانی خۆیان، بەتایبەت ئەوان هێشتا پاسەوانیان نییە.

یەكێك لە پەرلەمانتارانی خولی چوارەمی پەرلەمانی عێراق لە هاوپەیمانی قەرار، دەڵێ هەر كە بووینە كاندید بۆ هەڵبژاردن، ئێمە خراینە نێو بازنەی مەترسی لەسەر و بە ئامانجگرتن. ئەوەشی خستەڕوو لەكاتی بانگەشەی هەڵبژاردن ئەگەرچی مەترسیان لەسەر هەبووە، بەڵام بەناچاری لە شارەكەی خۆیان ماونەتەوە.

ئەو پەرلەمانتارە گوتی "راستە ماینەوە بەڵام هەمیشە خۆمان حەشار دەدا و بەردەوام لە یەك ماڵ یان خانوو نەدەماینەوە لە ترسی بەئامانجگرتنمان كە دەیانویست بمانكوژن".

زیاتر گوتی "دوای راگەیاندنی ئەنجامی هەڵبژاردن و دەرچوونمان، ئاستی مەترسییەكە زۆر زیاتر بوو لەسەرمان، بۆیە ناچار بووین بچین لە كوردستان نیشتەجێ بین وەك ئارامترین ناوچە لە عێراق. گوتی "ئێستە من لە هەولێر دەژیم، گوزەرانم جێگیرە و بە ئارەزووی خۆم هاتوچۆ دەكەم و هەست بە ئارامی و تەناهی دەكەم، ئەمە ئەو دۆخەیە كە لە پارێزگاكەی خۆم لەو كاتەوەی بوومە كاندید و وێنەم هەڵواسی، نەمدیوە".

ئەو پەرلەمانتارە كە قسەی بۆ" عەرەبی جەدید" كردووە، ئاماژەی بەوە دا پەرلەمانتارە نوێیەكان پاسەوانیان نییە، چونكە هێشتا دەستیان بەكار نەكردووە و كاری خولی ئێستەش تەواو نەبووە. گوتی "زۆرینەی پەرلەمانتاران بڕیاریان داوە لە كوردستان نیشتەجێ بن تا ئەوكاتەی یەكەم دانیشتنی پەرلەمانی عێراقی دەست پێ دەكات، دوای ئەوكات و وەرگرتنی پاسەوان و رێكخستنەوەی رەوشی خۆمان، یان لە بەغدا جێگیر دەبین یانیش دەگەڕێینەوە پارێزگاكەی خۆمان".

زیاتر گوتی "ترس هەمیشە لە داعشەوە نییە، بەڵكو زۆرجار ململانێی حزبی و گرووپی چەكدار كار لەسەر لەناوبردنی ركابەرە سیاسییەكان دەكات، بە پلەی یەكەمیش حزبە سیاسییە گەورەكانی خاوەن پێگەی جەماوەرین، بۆیە مەترسییەكە گەورەكە لەسەر ئێمەیە".

پێوەند بەو پرسە چەند سەرچاوەیەكی سیاسی عێراقی ئاگادار ئاشكرایان كردووە كە چەندان كاندیدی هاوپەیمانی سائیروون كە سەركەوتوون بۆ پەرلەمان و بوونەتە ئەندامی پەرلەمان، لە پارێزگاكەی خۆیان هەڵاتوون و روویان لە بەغدا كردووە لەبەر هەمان مەترسی و هەڕەشە، ئێستەش لە بەغدا لەلایەن میلیشیاكانی سەرایەی سەلامی سەربە رەوتی سەدر دەپارێزرێن.

ئەو دۆخەی پەرلەمانتارە نوێیەكانی خولی چوارەمی پەرلەمانی عێراقی تێی كەوتوون و باسی دەكەن، لە 2005ەوە هەرێمی كوردستان بووەتە لانەی ئارامی بەرپرسانی عێراقی بە گشتی، هەر لە پلەی بەڕێوەبەری گشتی فەرمانگە و دامەزراوە و وەزارەتەكان بگرە تا دەگات بە وەزیر و پەرلەمانتار و سەرۆك وەزیرانیش بەشی زۆریان خێزانەكانیان لە هەرێمی كوردستان نیشتەجێن و خۆیشیان پێنجشەمان دەگەڕێنەوە كوردستان و شەمووانیش دەچنەوە بەغدا بۆ راییكردنی كارەكانیان.

بەرپرسانی تەناهی دووپات لەوە دەكەنەوە كە رەوشی تەناهی ئێستە هیچ لەبار نییە بۆ مانەوەی ئەندامانی پەرلەمان لە پارێزگاكانی خۆیان، بۆیە باشترە روو لە كوردستان بكەن بەتایبەت هێشتا پاسەوانیان بۆ دانەمەزراوە.

ئەفسەرێك لە سەركردایەتیی ئۆپراسیۆنی هاوبەش دەڵێ، ئەگەرچی رەوشی تەناهی پارێزگانی عێراق بە بەراورد بە رابردوو زۆر باشتر بووە، بەڵام ئەوەی راستی بێت هیچ گونجاو نییە بۆ مانەوەی ئەو كاندیدانەی لە هەڵبژاردن براوە بوون و بوونەتە ئەندامی پەرلەمان.

روونی كردەوە هێزە تەناهییەكان زۆرینەی پارێزگاكانیان پاراستووە لە مەترسی داعش، بەڵام مەرج نییە مەترسی بۆ سەر ئەوان تەنیا لە داعشەوە بێت، رەنگە لە گرووپە چەكدارییە میلیشیاكانەوە بێت كە سەر بە حزبە سیاسییەكانن. گوتی "هێزە تەناهییەكان ناتوانن پارێزگاری هەموو ئەندامان بكەن، چونكە ئەركی ئێمە پاراستنی كۆی گشتی خەڵكەكەیە نەك تەنیا چەند كەسێك، ئێمەش ئەوەمان كردووە".

بەگوێرەی پێڕەوی ناوخۆی عێراق خولی سێی پەرلەمانی عێراق تا كۆتای ئەم مانگە ماوەی یاسایی ماوە، دوای ئەوە پەرلەمانتارە نوێیەكانی خولی چوارەم كە ژمارەیان 329 ئەندامە و لە هەڵبژاردنی 12ی ئایار سەركەوتن و بوونە ئەندامی پەرلەمان، ئەوا ئەوان لە یەكی حوزەیرانەوە بە فەرمی هەموو ماف و ئیمتیازێكی پەرلەمانی دەیانگرێتەوە و پاسەوانی تایبەتیشیان بۆ دابین دەكرێت تا بتوانن پێوەندی بە پەرلەمان و دەوامی پەرلەمانتاری بكەن.

جگە لەوانە، هەر پەرلەمانتارێك ئەگەر ماڵی لە بەغدا نەبێت، ئەوا خانووی نیشتەجێی دەدرێتێ لەگەڵ ئۆتۆمبێل و خەرجی تریش.

جێی باسە لە هەڵبژاردنی 12ی ئایاری رابردوو، زیاتر لە حەوت هەزار كاندید لە 205 لیست و قەوارە ركابەرایەتی یەكتریان كرد بۆ بەدەستهێنانی دەنگی 24 ملیۆن و 450 هەزار دەنگدەری عێراق، لەم ژمارەیەش تەنیا 329 ئەندامیان سەركەوتن بۆ پەرلەمان كە 58یان كوردن و نۆیان لە كۆتای توركمان و مەسیحی و ئێزیدی و سابیئە و شەبەكن.



وشە - فه‌رمان سادق