ژنه ئه‌كته‌رى شۆخى دیارى باكورى كوردستان گولده‌ن ئێرئاسلان، له ماڵباتێكی هونه‌رى چاوى به‌دنیا هه‌ڵهێناوه و له‌سه‌ر ڕێچكه‌ى بنه‌ماڵه‌كه‌ى كارى هونه‌رى ده‌كات، به‌ڵام له بوارێكى جیاوازتر كه نواندن و سینه‌مایه رۆڵی به‌رچاو ده‌گێڕێ. گۆلده‌ن له دیمانه‌یه‌كى "وشه"دا باسى كاره‌كانى و ژیانى تایبه‌تى خۆی ده‌كات و ئاماژه به‌وه ده‌كات كه ئاره‌زوویه‌كی منداڵی بۆ نواندن له‌گه‌ڵ گه‌وره بووه، بۆیه شانۆ بووه به ژیانی.
چى واى لێ كردى بوارى شانۆ هه‌ڵبژێریت جیاواز له كارى هونه‌رى ماڵباتهكهت كه گۆرانیگوتنه؟
له منداڵییه‌وه ئاره‌زووى زۆرم بۆ شانۆ‌و نواندن هه‌بوو، ئه‌وه ئاره‌زووه له‌گه‌ڵم گه‌وره ده‌بوو، بۆیه كه گه‌یشتمه قوتابخانه له‌وێ بۆم ڕه‌خسا و له‌سه‌ر ستهیچى شانۆى قوتابخانه رۆڵى سه‌ره‌كیم بینى، له‌و كاته‌وه شانۆ بووه‌ته به‌شێكى دانه‌بڕاو له ژیانم و هه‌ر به‌رده‌وامم .
دواى ئه‌وه‌ى سه‌ركه‌وتنت به‌ده‌ست هێنا له شانۆ، له باكورى كوردستان ده‌رهێنه‌ران گرنگییان پێ دای؟
دواى ئه‌وه‌ى به‌شێوه‌یه‌كى زۆرباش ده‌ركه‌وتم له بوارى شانۆ و سه‌ركه‌وتنێكى باشم به‌ده‌ست هێنا، له باكورى كوردستان بوومه جێى بایه‌خ و گرنگی پێدانی ده‌رهێنه‌رانى فیلم و دراما و به‌شداریم له درامایه‌كى كوردى كردووه، ئه‌و درامایه بۆ ماوه‌ى دوو ساڵ كارم تێدا كرد به‌ناوى "ژان" و زیاتر له 35 ئه‌ڵقه بوو .
له‌و درامایه‌دا چی تازه رووی دا له ئه‌زموونی هونه‌ریت؟
له‌گه‌ڵ به‌ردان ماردینى هونه‌رمه‌ندى ناودارى باكورى كوردستان رۆڵم بینى، ئه‌وه بۆ من هه‌نگاوێكى گه‌وره بوو له بوارى درامادا كه راسته‌وخۆ چوومه ریزی ئه‌و هونه‌رمه‌نده.
وه ده‌ڵێیت رۆڵت له‌گه‌ڵ به‌ردان ماردینى بینیوه له‌و درامایه‌دا، چۆن وه‌سفى ده‌كه‌یت؟
به‌ردان ماردینى یه‌كێكه له گۆرانیبێژ و هونه‌رمه‌نده ناوداره‌كانى باكورى كوردستان و ماوه‌یه‌كه ئه‌ویش له بوارێكى جیاوازى هونه‌رى كار ده‌كات جیاواز له پیشه‌ى سه‌ره‌كى خۆى، ئه‌ویش بوارى نواندن و كركردنه له دراما و ده‌ركه‌وتنى وه‌ك ئه‌كته‌ر، كاركردن له‌گه‌ڵ ئه‌و هونه‌رمه‌نده زۆر خۆش و سوودبه‌خشه، بۆیه له ماوه‌ى دوو ساڵ كاركردن پێكه‌وه، بۆم ده‌ركه‌وت ماردینی جگه له گۆرانیبێژێكى باش، ئه‌كته‌رێكى لێهاتوویشه و مرۆڤێكى زۆر دڵپاكیشه.
رۆڵی تۆ چییه له‌گه‌ڵ به‌ردان ماردینى؟
ڕۆڵه‌كه‌م ئه‌وه‌یه له‌و درامایه‌دا ده‌بمه ده‌زگیرانى ماردینی و دواتر شووى پێ ده‌كه‌م، به‌ڵام له ژیانى ڕاسته‌قینه‌ى خۆمدا شووم نه‌كردووه و ئێسته ته‌مه‌نم 22 ساڵه، پێم وایه هێشتا كاتى شووكردنم نه‌هاتووه.
به گشتیی ڕه‌وشى هونه‌رمه‌ندان و كارى هونه‌رى له باكورى كوردستان چۆن ده‌بینی؟
ڕه‌وشى هونه‌رى له ئامه‌د /دیاربه‌كر/ باش نییه، له‌به‌ر شه‌ڕ و ئاژاوه‌ى چه‌ند ساڵى ڕابردوو كارى هونه‌رى له‌و ناوچه‌یه لاواز بووه به‌داخه‌وه، ئێسته زۆر به كه‌مى كارى هونه‌ریى لێره ده‌كرێت، ئه‌مه‌ش هونه‌رمه‌ندانى باكورى كوردستانى په‌رته‌وازه كردووه .
به‌پێی زانیارییه‌كانمان به‌رده‌وام له ماڵه‌وه‌تان ده‌نگى گۆرانى و لاوك و به‌سته‌ى كوردى ده‌بیسترێ، به‌ڵام تۆ گۆرانى ناڵێیت وه‌ك پیشه‌ى سه‌ره‌كى، بۆچى؟
زۆر كه‌س پێیان گوتووم ده‌نگت خۆشه، به‌ڵام من ته‌نیا له ماڵه‌وه گۆرانى ده‌ڵێم و ته‌نیا بۆ خۆمى ده‌ڵێم و نه‌مكردووه به كارى سه‌ره‌كى یا پیشه‌ى خۆم، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ى خوشك و براكانم گۆرانیبێژن و دهنگبێژى زۆر چاكن .
جگه له كارى هونه‌رى و نواندن حه‌ز ده‌كه‌یت له چ بوارێكى تر كار بكه‌یت؟
حه‌ز ده‌كه‌م جگه له كارى هونه‌رى له بوارى راگه‌یاندنیش كار بكه‌م و وه‌ك پێشكه‌شكار ده‌ربكه‌وم، بۆ ئه‌و خه‌ونه‌م هه‌وڵى زۆرم داوه و دڵنیاشم خه‌ونه‌كه‌م ده‌بێت به ڕاستى .
گولده‌ن له ماڵباتێكی هونه‌رى له دایك بووه و به‌رده‌وام ده‌نگى لاوك و گۆرانى كوردى له ماڵه‌كه‌یان بیستراوه و دیوه‌خان و كۆبوونه‌وه‌ى ماڵه‌وه‌یان به‌رده‌وام هونه‌رى بووه، به‌ڵام ئه‌م به پێچه‌وانه‌ى ماڵه‌وه بواری نواندنى هه‌ڵبژاردووه و ئێسته یه‌كێكه له ئه‌كته‌ره دیاره‌كانى كوردستان و له ئامه‌د ژیان به‌سه‌ر ده‌بات. ماوه‌ى چه‌ند ساڵێكه له بوارى دراما كار ده‌كات و ئێسته درامایه‌كى به زمانى كوردى له كه‌ناڵى ته‌ره‌ته‌شه‌ش پێشكه‌ش ده‌كرێت.
وشه/ هه‌ولێر- شاخه‌وان شێخانى