ئه‌و كچه‌ی ده‌ستڕه‌نگینییه‌كه‌ی ده‌نگی داوه‌ته‌وه: هه‌زار به‌ربه‌ست هه‌بێ ده‌توانی بڕۆی
خاتوونه وێنه‌كێش ناسك عومه‌ر له دایكبووی شارۆكه‌ی شه‌قڵاوه و دانیشتووی هه‌ولێر، قوتابیی قۆناغی دووی زانكۆی ئه‌مه‌ریكی-سلێمانییه له به‌شی بازرگانی. به‌شێوه‌یه‌كی جیاواز جگه له كاغه‌ز، وێنه له‌سه‌ر به‌رد و گوڵ و ته‌خته و لاستیك ده‌كێشێت و خاوه‌نی زیاتر له دوو هه‌زار وێنه‌یه، سێ پێشانگه‌ی كردووه‌ته‌وه و پلانی هه‌یه له داهاتوودا به تابلۆی جیاوازه‌وه پێشانگه‌ی تایبه‌تی خۆی بكاته‌وه.
ناسك /21 ساڵ/ له‌م دیمانه تایبه‌ته‌ی "وشه"دا رای ده‌گه‌یه‌نێت، ده‌یه‌وێت خولی تایبه‌ت بۆ ژنانی به‌هره‌مه‌ندی وه‌ك خۆی بكاته‌وه و بۆ یه‌كه‌م جار قسه له‌سه‌ر كاره هونه‌رییه‌كانی و ڕۆحی وێنه‌كێشانی و ئه‌و به‌هره‌ی هه‌یه‌تی ده‌كات.
كه‌ی ده‌ستت به‌م كاره كرد و سه‌ره‌تا به چ جۆرێك تواناكانی خۆتت دۆزییه‌وه؟
له منداڵییه‌وه ئاره‌زووی وێنه‌كێشانم هه‌بوو. راستییه‌كه‌ی ناتوانم بڵێم رێك چ كاتێك هه‌بوو، ئه‌وه شتێك نه‌بوو بتوانم كاته‌كه‌ی به ته‌واوی دیاری بكه‌م. هونه‌ر شتێكه له رۆحمدا بوو، رۆژ به رۆژ گه‌شه‌ی ده‌كرد. ته‌مه‌نم ١١ ساڵ بوو، تازه ده‌چوومه قۆناغی ئاماده‌یی، ده‌توانم بڵێم له‌وكاته‌دا زیاتر ئاشنای هونه‌ری وێنه‌كێشان بووم، له ئاماده‌یی مامۆستایه‌كی زۆر باشمان هه‌بوو ئه‌و تا ئاستێكی زۆر كاریگه‌ری هه‌بوو تا بنچینه‌یه‌ك له هونه‌ری وێنه‌كێشان فێر بم. هه‌ڵبه‌ته ئه‌وه‌ش هه‌موو شتێك نه‌بوو تا من سه‌ركه‌وتنی خۆم له خاڵێكدا كۆ بكه‌مه‌وه.
هه‌بوونی خولیا بۆ وێنه‌كێشان و راهێنانی به‌رده‌وام، وای لێ كردم زۆر باش بم. ئه‌وكات زیاتر خه‌ریكی ئیشی هێڵكاری و چۆنیه‌تیی سێبه‌ر دروستكردن بووم، بۆیه زۆربه‌ی وێنه‌كانی ئه‌وكاته‌م به قه‌ڵه‌می ره‌ساس بوو.
زۆرجار باس له‌وه ده‌كرێ له كوردستان كاتێ كچێك ده‌ست به كاری هونه‌ری ده‌كات، پێویستی به‌هاوكاری خێزانه‌كه‌یه‌تی، ئایا تۆ تا چه‌ند خێزانه‌كه‌ت هاوكارت بوون؟ پێت وایه ده‌بێت ژن خۆی توانای خۆی ده‌ربخات كاتێك ده‌گاته ته‌مه‌نێكی دیاریكراو به‌بێ ئه‌وه‌ی هیچ كه‌س هاوكاری بكات؟
هه‌موو مرۆڤێك له سه‌ره‌تای كاركرندا پێویستی به پشتگیری كه‌سه نزیكه‌كانیه‌تی به تایبه‌تی خێزان، ئه‌وه هیوایه‌كی گه‌وره‌ت پێ ده‌به‌خشێ و هانت ده‌دا زیاتر بڕوات به به‌هره‌كه‌ت هه‌بێ. به‌ڵام به‌و مانایه نییه ئه‌گه‌ر ئه‌و پشتگیرییه نه‌بوو تۆ ناتوانی به‌رده‌وام بی. ده‌بێت ئه‌وه‌ت بیر بێ گه‌وره‌ترین هۆكار بۆ سه‌ركه‌وتن، خۆتی. تۆ تاكه هۆی بۆ روودانی هه‌ر شتێك، نابێ به‌ربه‌سته‌كان وات لێ بكه‌ن كۆڵ بده‌ی و بڵێی ناتوانم .
پلانت بۆ داهاتوو چییه، ده‌ته‌وێ له‌ڕێی خوێندنه‌وه ئه‌و به‌هره‌یه بگه‌یه‌نی به‌چی؟
ده‌مه‌وێ وه‌ك ژنك بتوانم هانی ژنانی تر بده‌م به‌دوای خه‌ونه‌كانیان بكه‌ون و به‌رده‌وام بن، پلانم ئه‌وه‌یه له داهاتوودا پێشانگه بكه‌مه‌وه و هه‌ر كاریگه‌رییه‌كی (كولتووری، مرۆیی، سروشت، پێكه‌وه‌ژیان ....) یا هه‌ر شتێك كه له ژیانمان هه‌بوونیان كاریگه‌ره، بتوانم بیانكه‌م به تابلۆ و بیرۆكه‌كان له تابلۆكان بنه‌خشێنم، ئه‌گه‌ر به لایه‌نی كه‌میشه‌وه بێت بتوانم جوانی ژیان له وێنه‌كان ده‌رببڕم، هه‌روه‌ها پلانی ئه‌وه‌شم هه‌یه خول بكه‌مه‌وه بۆ ئه‌وه‌ی بتوانم یارمه‌تی ئه‌و كه‌سانه بده‌م كه ئاره‌زووی وێنه‌كێشانیان هه‌یه.
ئایا پێشانگه‌ی تایبه‌تت بۆ كاره‌كانی خۆت كردووه‌ته‌وه؟
یه‌كه‌م پێشانگه كه كردمه‌وه له قۆناغی ناوه‌ندی بووم ساڵی (٢٠١٢) له ته‌مه‌نی ١٦ ساڵی بووم له قوتابخانه‌كه‌ی خۆمان كه تیایدا به ١٢٠ وێنه به‌شداریم كرد. زیاتر وێنه‌كان وێنه‌ی سروشت بوون، له‌گه‌ڵ وێنه‌ی فكری. دووه‌م پێشانگه‌م له ٢٠١٨/٣/٨ بوو له رۆژی جیهانی ژن له كونسوڵگه‌ی فڕه‌نسا. وێنه‌كانم له‌و پێشانگه‌یه له‌سه‌ر مافی ژن بوو، هاوكات هاندانی ئه‌و ژنانه‌ی له ترسی كۆمه‌ڵگه یا رێگری خێزانه‌كانیان بۆ گه‌یشتن به خه‌ونه‌كانیان به‌ربه‌ستیان بۆ دروست ده‌كات، چۆن به‌رده‌وام بن له خه‌ونه‌كانیان. به‌شێك له وێنه‌كان باسی ئه‌و كولتووره كۆنه‌م كردبوو كه له كۆمه‌ڵگه‌كه‌مان مامه‌ڵه‌ی پێ له‌گه‌ڵ ژن كراوه و مافه‌كانیان خوراوه. پێشانگه‌ی سێیه‌مم له‌گه‌ڵ رێكخراوێك بوو كه فێستیڤاڵێكیان به‌ناوی "ده‌ستخۆش" ئاماده كرد بۆ ١٨ گه‌نجی به‌هره‌مه‌ند له بواری جیاجیا. كاره‌كانم له‌و پێشانگه‌یه زیاتر ئه‌و نه‌خشانه بوون كه له‌سه‌ر به‌رد كێشابووم بۆ ئه‌وه‌ی بیرۆكه‌ی نوێ پێشانی ئه‌وانی تر بده‌م.
ئه‌و بواره‌ی هه‌ڵتبژادووه بۆ خوێندن جیاوازی زۆری هه‌یه له‌گه‌ڵ ئه‌و به‌هره‌یه‌ی هه‌ته، ئه‌مه چۆن ڕێك ده‌خه‌ی له‌ناو خۆت، ئایا خوێندن نه‌بووه‌ته هۆی سست به‌ڕێوه‌چوونی كاره هونه‌رییه‌كانت؟
به‌ڵێ ڕاسته ئه‌و بواره‌ی تێیدا ده‌خوێنم زۆر جیایه له‌و بواری به‌هره‌كه‌م. راستییه‌كه‌ی هه‌ردووكیان كاتی خۆیان ده‌وێ . من له پاڵ خوێندنه‌وه به به‌رده‌وامی خه‌ریكی هونه‌ره‌كه‌م بوومه، به‌ڵام هه‌موو شتێ له كاتی خۆی. ناتوانم بڵێم به ته‌واوی هه‌قم به هونه‌ره‌كه‌م داوه، به‌ڵام هه‌میشه كاتم بۆ دۆزیوه‌ته‌وه، چونكه نه‌مویستووه لێی دابڕێم. ئه‌گه‌ر مرۆڤ مه‌به‌ستی ئه‌نجامدانی شتێكی هه‌بێ هه‌میشه كاتی بۆ ده‌دۆزێته‌وه، هه‌رچه‌ندیش به ژیانه‌وه سه‌رقاڵ بێت.
به چ كه‌سێك زۆر سه‌رسامی و شێوازی كێت هه‌ڵبژاردووه بۆ وێنه‌كێشان و هه‌موو كاره هونه‌رییه‌كانی تر؟
فریدا كاهلۆ خاتوونه وێنه‌كێشی مه‌كسیكی جێی سه‌رسامیمه. ئه‌وه‌ی وای لێ كردم سه‌رسامی ئه‌ویش بم، فریدا له‌گه‌ڵ ئه‌و هه‌موو ئازار و مه‌ینه‌تییانه‌ی ژیانیدا، توانی به‌دوای خه‌ونه‌كه‌ی بكه‌وێ . ئه‌و له كاتێكدا ته‌واوی جه‌سته‌ی له جووڵان كه‌وت به‌هۆی كاره‌ساتی ئۆتۆمبێل، به‌ڵام بێ‌ئومێد نه‌بوو، هه‌ر به‌رده‌وام بوو له خه‌ونه‌كه‌ی له كاتێكدا ته‌نیا ده‌یتوانی ده‌ستی بجووڵێنێ، به‌ڵام توانی په‌ره به به‌هره‌كه‌ی بدات و ببێت به هونه‌رمه‌ندێكی ناسراو له‌سه‌ر ئاستی دنیا.
فریدا وای لێ كردم كه ته‌واو بڕوام به‌وه بێ مرۆڤ له هه‌ر بارودۆخێكی ژیاندا بێ ده‌توانێ هه‌موو شتێك بكات و به‌ربه‌ست شتێكه كه خۆت بنیاتی ده‌نێی و ده‌شتوانی هه‌ڵیته‌كێنی، بۆیه ئه‌گه‌ر هه‌زار به‌ربه‌ستیش هه‌بوون رێیه‌ك هه‌ر هه‌یه تۆ تێیدا هه‌نگاو بنێی.
جگه له كاغه‌ز چی تر بۆ نه‌خشاندن به‌كار دێنیت؟
جگه له كاغه‌ز، كانڤاس بۆ ره‌نگی زه‌یتی. ئاگر به‌كار دێنم بۆ نه‌خشاندنی ته‌خته. نه‌خشی زه‌خره‌فه له‌سه‌ر دیوار. نه‌خشاندنی كه‌ڤه‌ری مۆبایل و به‌كارهێنانی به‌رد له هونه‌ری وێنه‌كێشاندا..
هیچ خولێكت بینیوه یان ته‌نیا به‌هره‌یه و خۆت گه‌شه‌ت پێ داوه؟
تا ئێسته هیچ خولێكم نه‌بینیوه و له كه‌سیشه‌وه فێر نه‌بوومه. ئه‌وه به‌هره‌یه‌كی خودایییه پێی داوم و منیش ئیشی له‌سه‌ر ده‌كه‌م. هه‌ر مرۆڤێك خودا شتێكی پێ ده‌به‌خشێ بۆ سه‌ركه‌وتووه، به‌ڵام زۆرجار مرۆڤه‌كان به هه‌ندی وه‌رناگرن و گرنگی پێ ناده‌ن. شته‌كان ئه‌گه‌ر چه‌ندیش بچووك بوون به‌ڵام تۆ ده‌توانی هێنده گه‌وره‌ی بكه‌ی و به‌های پێ ببه‌خشی، كه‌وایه تۆ هۆكاری بۆ روودانی هه‌ر شتێك.
وه‌سفی كاره هونه‌رییه‌كانت چی له‌خۆ ده‌گرن؟
كاره‌كانم زیاتر ره‌نگدانه‌وه‌ی سروشته. زیاتر له دوو هه‌زار به‌ردم نه‌خشاندووه و تابلۆی سروشتیم دروست كردووه به كه‌ره‌سته‌ی سروشتی خۆی. به‌شێكی تری كاره‌كانم له‌سه‌ر ژنه و مافه‌كانی، چۆن كۆمه‌ڵگه‌ی كۆن مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵ ژن كردووه و به‌شێكی تری تابلۆكانیشم تابلۆی گوڵن بۆ پێشاندانی جوانی سروشت.
كۆتا قسه‌ت بۆ كچانی كوردی خاوه‌ن به‌هره چییه؟
ده‌بێ پاڵنه‌ری ناخت هێزێكی زۆری هه‌بێ به شێوه‌یه‌ك وات لێ بكات بۆ هه‌میشه به‌رده‌وام بی له كاركردن. هیچ كات گوێ به هیچ شتێك نه‌دا له پێناوی خه‌ونه‌كه‌ت، زۆر كه‌س پێی ده‌گوتم ناسك له بارودۆخێكی وای وڵاته‌كه‌ماندا هونه‌ر چ مانایه‌كی هه‌یه!. به‌شێوه‌یه‌كی گشتی ئه‌وه‌ی ده‌یكه‌م بۆ ئارامی رۆحمه نه‌ك له‌پێناو بارودۆخ یا مرۆڤه‌كان. ده‌بێت پاڵنه‌ری ناخی خۆت هێنده بڕوای به‌خۆی هه‌بێت كه هیچ ترسێك له‌ناویدا وجوودی نه‌بێ.