دەرهێنەرێكی كورد خەڵاتی زێڕین وەردەگرێت

:: PM:04:55:07/06/2018 ‌
دەرهێنەری كوردی ڕۆژئاوا "تەڵال دەركی" كە ئێستە لە بەرلین دادەنیشێ، خەڵاتی زێڕینی پەنجاو هەشتەمین  فێستیڤاڵی فیلمی دێكیۆمێنتاری "كراكۆڤی" وەرگرت بۆ فیلمیكی بە ناوی "باوكەكان و كوڕەكان" كە تیایدا دەردەكەوێت چۆن لە ناو داعش باوكەكان كوڕەكانیان پەروەردە دەكەن.

تەڵال دەركی بە كامێراوە چووە ناو داعش لە سووریا و خۆی پێشان دا كە لەگەڵ ئەواندایە و هاوڕایە لەگەڵیان، بۆیە توانی بچێتە ناو مەیدانەكانی شەڕ و مەشق و ڕاهێنان و توانی ریكۆردی ڤیدیۆیی بكات .

لیژنەی هەڵسەنگاندنی فێستیڤاڵەكە دەرهێنەری ناو نا بە "چاونەترس لە جیهانێكی دڕندە".  فیلمەكە لە هەمان كات خەڵاتێكی تری بردەوە كە ئەویش خەڵاتی فیدراسیۆنی ڕەخنەگرانی فیلمە.

بەپێی ڕاگەیەنراوێكی نوێنەرایەتی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە پۆڵۆنیا، زیاد رەئووف نوێنەری حكوومەتی هەرێم لە پۆڵۆنیا پیرۆزبایی لە تەڵال دەركی كردووە و پێشنیاری كرد كە بەشداری بكات لە فێستیڤاڵەكانی لە كوردستان و فیلمەكەی پێشان بدا.


 لە كاتی فێستیڤاڵی كراكۆڤ فیلمێكی دۆكومینتاری تر لە كوردستانەوە پیشكەش كرا، ئەویش فیلمی دەرهێنەر هۆگر هیرۆری بوو بە ناوی "دێمینەر" كە چیڕۆكی ژیان و پاڵەوانیەتیی پێشمەرگە شەهید فاخیرە.

ئەو فیلمەیش لەلایەن بینەران و ڕەخنەگران بەرز هەڵسەنگێنرا و دوای نمایشكردنی فیلمەكە دیبەیتی لەبارەیەوە كرا.





وشە - سه‌رخێڵ هاشم