بە ژمارە.. دوای چوار ساڵ لە كەوتنی مووسڵ

:: PM:05:06:10/06/2018 ‌


داعش چۆن سەری هەڵدا؟
 دینیس روس شارەزا لە پەیمانگەی واشنتن تایبەتمەند بە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە گوتارێكیدا لە بارەی سەرهەڵدانی داعش دەڵێ، گەشەسەندنی تایفەگەرایی هۆكاری سەرەكی گەشەسەندنی رێكخراوی تیرۆریستی داعش بوو لە سووریا پاشان عێراق.

دینیس پێی وایە هێشتا هۆكارەكانی سەرهەڵدانی داعش كە پشتگوێ خستنی سوننە بووە لە سووریا و عێراق، هێشتا بنەبڕ نەكراوە و ئەگەری هەیە دووبارە سەرهەڵبداتەوە كە تایفەگەرایی باشترین و سەرەكیترین خۆراكی گەشەسەندن و مانەوەی داعشە.

 مێژووی زەوینە رەخساوی سەرهەڵدانی داعش، دەگەڕێتەوە بۆ 2003 كاتێك ئەمەریكا رژێمی بەعس لە عێراق رووخاند، ئەوكات ئەبو موسعەب زەرقاوی رێكخراوی تیرۆریستی "جیهاد و تەوحیدی" لە مانگی ئەیلوولی 2003 دامەزراند، ئەو رێكخراوە بە چەند قۆناغێكی تێپەڕی دواتر خۆی لە دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق بینییەوە لە ساڵی 2006.

لە كۆتاكانی 2011، بەرەی نوسڕە لە شام دامەزرا كە لقی قاعیدە بوو لە سووریا بە سەركردایەتی ئەبو محەمەد جەولانی، كە رێكخستنەكانی ئیسلامی لە عێراق ناردیانە سووریا.

لە مانگی نیسانی 2013 بڕیاری دامەزرانی دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام راگەیەنرا و بەرەی نوسڕە چووە پاڵیان و دەستی بەسەر زۆرێك لە ناوچەكانی عێراق و سووریا  گرت.

ئەوەی داعش لە رێكخستنە ئیسلامییەكانی پێش خۆی جیای دەكاتەوە، ئەوەیە كە تەنیا پشت بە شەڕكردن نابەستێت، بەڵكو هەوڵی دامەزراندنی دەوڵەتی دا لە ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی خۆیدا و ئەمەش ژینگەیەكی لەباری رەخساند بۆ پێگەیاندنی نەوەیەكی نوێ بە هزری ئیسلامی توندڕۆیی داعشی كە دوای ساڵێك لە نەمانی ئەو دەوڵەتە هێشتا عەقڵەكە ماوە و هەوێنی گرووپە تیرۆریستییەكانی داعشە.

لە كوێوە داعش هاتە ناو مووسڵ؟
لە نۆی حوزەیرانی 2014، چەند سەد چەكدارێكی داعش لە سووریاوە هاتنە ناوەوەی لای راستی مووسڵ، سوپای عێراق هیچ بەرگرییەكی نەكرد و خەڵكی شارەكەش بەهۆی كۆمەڵێك هۆكارەوە پێشوازییان لە چەكدارە سوننەكان كرد، لە 10ی حوزەیران، مووسڵ دووەم گەورەترین پارێزگای عێراق كەوتە دەست داعش.

لە پێنجی حوزەیران، ئەسیڵ نوجێفی پارێزگاری ئەوكاتی مووسڵ رای گەیاند هیچ هێزێكی چەكدار لە مووسڵ بوونیان نییە و سەركردایەتی ئۆپراسیۆنی سێیانە "پۆلیس و سوپا و پۆلیسی فیدڕاڵ" شارەكە دەپارێزن، بەڵام رۆژێك دواتر داعش توانی خۆی بگەیەنێتە دەوروبەری مووسڵ و گەڕەكەكانی مشیرفە و 17ی تەمووز و هەڕەمات و تەنك و عەرەبی و زەهیرا و تەحریر لەلای راست و شەڕ لە نێوان ئەوان و سوپای عێراق رووی دا و 12یان لێ كوشتن.

پۆلیسی شارەكە توانییان بۆ ماوەی سێ رۆژ شەڕی داعش بكەن، بەڵام لە سەركردایەتی ئۆپراسیۆنەوە هیچ هاوكارییەكیان پێ نەگەیشت و ئەوانیش شكان.

لە حەوتی حوزەیران، خەڵك لە مووسڵ ئاوارە بوون و داعش 90%ی شارەكەی گرت، لە نۆی حوزەیران پۆلیسی فیدڕاڵ لە شارەكە كشانەوە و داعش و بە سێ سەعات ورەی سوپا داڕووخا و لە 10ی حوزەیران داعش رای گەیاند كە دەستیان بەسەر تەواوی مووسڵ گرتووە كە لە نێوان 40 بۆ 50 هەزار چەكدار لە پۆلیس و سوپا بە نوێترین چەكی ئەمەریكی لێ بوو، هەموویان هەڵاتن و شارەكەیان بۆ داعش بەو هەموو چەكە پێشكەوتووە چۆڵ كرد.
 
لیژنەی لێكۆڵینەوە و دەرخستنی راستییەكان
دوای كەوتنی مووسڵ، نووری مالیكی سەرۆك وەزیرانی ئەوكاتی عێراق رای گەیاند كە ئەسیڵ نوجێفی پارێزگاری شارەكە بەرپرسە لە كەوتنی مووسڵ و ئەو خیانەتی گەورەی كردووە. لە وەڵامدا نوجێفی پەنجەی تۆمەتی بۆ مالیكی درێژ كرد بەوەی سەركردەی گشتی هێزی چەكدارە، گوتی "مالیكی مووسڵی دایە دەست داعش و سوپای عێراقی لە شارەكە كشاندەوە".

 دوتر پەرلەمانی عێراق لیژنەی لێكۆڵینەوە و دەرخستنی راستییەكانی كەوتنی مووسڵی راگەیاند، دوای هەشت مانگ، لە 16ی ئابی 2015، راپۆرتی لیژنەكە، نووری مالیكی سەرۆك وەزیرانی ئەوكات و 35 بەرپرسی تری بە هۆكاری كەوتنی مووسڵ تۆمەتبار كرد كە ئەبوبەكر بەغدادی لە چواری تەمووزی 2014 لە مزگەوتی نووری خەلافەتی ئیسلامی راگەیاند.

داعش دەگاتە بەغدا
لە هەشتی حوزەیران، داعش دەگاتە حەویجە لە باشووری رۆژئاوای كەركووك، لە 11ی حوزەیران دەگاتە سنووری پارێزگای كەركووك و 15 پۆلیس گولەباران دەكات، بۆ رۆژی دواتر پێشمەرگە كۆنتڕۆڵكردنی شارەكە رادەگەیەنێت.

چەكدارانی عەشایەری عەرەبی سوننە لە سەڵاحەدین رادەپەڕن و دەست دەگرن بەسەر شاری تكریت و دواتریش دەست بەسەر تەواوی شارەكە دەگرن.

ئەو هێزە لەگەڵ داعش هێرش دەكەن بۆ سەر پارێزگای بەغدای پایتەختی عێراق، داعش لە هێرشبردن بۆ بەغدا بەردەوام دەبێت و سوپاش هەر دەكشێتەوە تا دواتر حكوومەتی عێراق لە كۆنگرەیەكی دژی تیرۆر راگەیاند و چەندان وڵات پشتگیرییان لێ كرد و فڕۆكە جەنگییەكانی ئەمەریكا و بەریتانیا و فڕەنسا هێرشیان كردە سەر داعش و نەیانهێشت بەغدا داگیر بكات.

داعش، ناوچە سوننەنشینەكانی بە تەواوی داگیر كرد، مووسڵ، ئەنبار، سەڵاحەدین، دیالە و باشووری كەركووك لە حەویجە و چەند ناوچەیەكی تریش، ماوەی سێ ساڵیش حوكمی تێدا كرد و دەوڵەتی خەلافەتی راگەیاند.

خاڵی وەرچەرخان.. فتواكەی سیستانی
نزیكبوونەوەی داعش لە بەغدا، ترسی خستە دڵی شیعەی دەسەڵاتدار، لە 13ی حوزەیران 2014، عەلی سیستانی گەورە مەرجەعی شیعەكانی عێراق لە رێی عەبدولمەهدی كەربەلائی پێشنوێژ و وتارخوێنی مزگەوتی كەربەلا، لە رۆژی هەینی فەتوای "جیهادی كەفائی" دژ بە داعش راگەیاند بەوەی هەر كەسێك لە شەڕی دژ بە داعش بكوژرێت ئەوا "شەهیدە".

لە رێی فەتواكەی سیستانی هەزاران شیعە چەكیان هەڵگرت كە دواتر بە یاسا، لە ژێر ناوی حەشدی شەعبی رێكخران و زیاتر لە 65 گرووپی چەكداری دەبن و سەركردەكانیان فەرمان لە ئێران و خامەنەیی وەردەگرن و ژمارەیان زیاتر لە 150 هەزار چەكدار دەبێت، ئێستە ئەو هێزە بووەتە مەترسی بەسەر ئارامی عێراق و سەپاندنی یاسا.

هاوپەیمانی نێودەوڵەتی
داعش دوای بەغدا، رووی بەرەو هەرێمی كوردستان وەرگێڕا و هێرشی كردە سەر شنگال و مەخموور و چەندان ناوچەی تری داگیر كرد، ئەو هێزە بەرەو هەولێر هات، بەڵام باراك ئۆباما لە حەوتی ئابی 2014، بڕیاری بە هێزی ئاسمانی دا لە داعش بدات.

لێرەوە هێزی پێشمەرگەی كوردستان بە پاڵپشتی فڕۆكە جەنگییەكانی ئەمەریكا هێرشیان كردە سەر داعش و ناوچە داگیركراوەكانیان ئازاد كردەوە.

دوای ئەو رووداوانە، رۆژ دوای رۆژ وڵاتان دەهاتنە ریزی هاوپەیمانی دژ بە داعش و ژمارەیان دواتر گەیشتە 72 دەوڵەت.

شەڕی دژ بە داعش
یەكەم شەڕی سوپای عێراق دژ بە داعش لە دەوروبەری بەغدا رووی دا بۆ رێگرتن لە داگیركردنی ئەو شارە لە 2014، دواتر 31ی ئاداری 2015 شاری تكریت ناوەندی پارێزگای سەڵاحەدین لە داعش رزگار دەكرێت، كە پارێزگاكە لە 24ی ئەیلوولی 2016 بە تەواوەتی لە دەستی داعش رزگار دەكرێت.

لە مانگی 12ی 2015 سوپای عێراق رومادی ناوەندی پارێزگای ئەنبار لە دەستی داعش رزگار دەكات، فەلووجەش لە حوزەیرانی 2016 و تەواوی پارێزگاكەش لە مانگی ئەیلوولی 2017 لە دەستی داعش رزگار دەكرێت.

لە 31ی ئابی 2017، عەبای سەرۆك وەزیرانی عێراق رزگاركردنی تەواوی نەینەوا لە دەستی داعش راگەیاند كە پرۆسەی ئازادكردنی شارەكە لە ژێر دروشمی "قادیمون یا نەینەوا" لە 16ی ئۆكتۆبەری 2016 دەستی پێ كردبوو، دوا شوێنیش شارۆكەی حەویجە بوو كە عەبادی لە پێنجی ئۆكتۆبەری 2017 رزگاركردنی لە دەستی داعش راگەیاند.

بە ژمارە.. زیانەكانی مووسڵ
داعش لە 10ی حوزەیرانی 2014 مووسڵی داگیر كرد تا 31ی ئابی 2017 كە دەكاتە سێ ساڵ و 81 رۆژ، لەم ماوەیەدا زیانێكی زۆر گەورەی مرۆیی و ئابووری بە شارەكە گەیاند.

یەكەم/ زیانە مرۆییەكان:
بەگوێرەی راپۆرتی نەتەوە یەكگرتووەكان لە ساڵی 2016، ژمارەی كوژراوان لە عێراق بۆ ساڵی 2014 و 2015 پێوەندار بە هێرشەكانی داعش گەیشتووەتە 18 هەزار و 802 كوژراو و 37 هەزار بریندار هەبووە. هاوكات سێ ملیۆن و 200 هەزار كەسیش لە شارەكانی مووسڵ و ئەنبار و دیالە و سەڵاحەدین و كەركووك و دەوروبەری بەغدا ئاوارە بوونە.

لە 2016دا ژمارەی شەش هەزار و 878 كوژرا هەبووە، ئەمە جگە لە هاووڵاتییانی سڤیل كە ژمارەیان زیاتر لە سێ هەزار و 229 كەس بوونە.
بەڵام پێگەی "Iraq body count "كە پێگەیەكی تایبەت بە ژمارەی قوربانییانی سڤیل لە راپۆرتی 2016ی دەڵێ، لە 2015 ژمارەی قوربانییان 16 هەزار و 393 كەس بووە، لە 2014ش،  17 هەزار و 578 كەس بوونە.

جەنگی مووسڵ:
رۆژنامەی ئیندیپێندنتی بەریانی لە راپۆرتێكیدا دەڵێ، زیاتر لە 40 هەزار هاووڵاتیی سڤیل لە شەڕی ئازادكردنی مووسڵ بوونەتە قوربانی، ئەمە جگە لە برینداران و پەككەوتووەكان. بەڵام بەگوێرەی راپۆرتێكی تر ژمارەكە 16 هەزار كەس بووە، كەچی حكوومەتی عێراق هەردوو راپۆرتەكە رەت دەكاتەوە و دەڵێ تەنیا چوار هەزار كەسە.

لەبارەی قوربانییانی سوپای عێراقیش، لە راپۆرتەكەدا هاتووە كە زیاتر لە هەشت هەزار سەرباز تا نیسانی 2017 كوژراون جگە لە میلشیاكانی حەشد كە هی ئەوانیش شەش هەزار كوژراو و 17 هەزار بریندارە. بە پێی لێدوانی فەرمی گوتەبێژی دەستەی حەشدی شەعبی لە كانونی دووەمی 2016.

لە ریزەكانی پێشمەرگەش بەگوێرەی ئامارەكانی وەزارەتی پێشمەگە، هەزار و 745 شەهید و زیاتر لە 10 هەزار بریندار هەیە.

سێیەم/ زیانە ئابوورییەكان:
حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق رای گەیاند كە زیانە ئابوورییەكان بە 100 ملیار دۆلار دەخەمڵێنرێت كە بەر ژێرخانی گشتی كەوتووە لە پرد، نەخۆشخانە، قوتابخانە، كارگەكان، ئەمە جگە لە زیانی چەك و كەلوپەلی سەربازی.

لەبارەی زیانە سەربازییەكانیش، بەلیغ ئەبو كلەل گوتەبێژی هاوپەیمانی مواتن دەڵێ، زیاتر لە 300 ملیار دۆلار بووە كە 100 ملیار بۆ زەخیرە بووە و چاككردنەوە بووە.
 
چوارەم/ زیانی خانوو
بە گوێرەی راپۆرتەكان لە نێوان 80 بۆ 100 هەزار یەكەی نیشتەجێبوون لە ئەنبار و كەركووك و تكریت و بێجی و دیالە و دەوروبەری بەغدا وێران بوون. هاوكات تەنیا لەلای راستی مووسڵ 32 هەزار یەكەی نیشتەجێبوون وێران بووە كە زیاتر لە پێنج هەزاری لە مووسڵی كۆنە.

پێنجەم/ گۆڕی بە كۆمەڵ:
بەگوێرەی دوا زانیاری، داعش زیاتر لە 74 گۆڕی بە كۆمەڵی لە دوای خۆیدا جێ هێشتووە، لەو ژمارەیە نیوەی تەنیا لە ناوچە كوردییەكانە بەتایبەت شنگال كە ژمارەی گۆڕە بە كۆمەڵەكانی زیاتر لە 20 گۆڕ دەبێت.

شەشەم/ دیارترین بڕیار و یاساكانی داعش لە مووسڵ
دوای سێ ساڵ لە حوكمكردنی لە مووسڵ، دیارترین بڕیار و یاساكانی داعش كە بەسەر هاووڵاتییانی شارەكەی سەپاند ئەمانە بوون.
1-    كەس بۆی نییە لە مانگێك زیاتر شار بچێتەدەر مەگەر كەفیلی نەبێت، ئەگەر نەگەڕێتەوە، ئەوا سزاكەی 2500 دۆلار بوو.
2-    سزای جگەرەكێشان 70 جەڵد یان 25 هەزار دینار.
3-    سزای قژ سفركردن 30 جەڵد یان 25 هەزار.
4-    پۆشینی نیقابێك لەگەڵ شەرع نەیەتەوە، ئەوا پیاوەكەی دەگیرێت و 50 هەزاریش سزا دەدرێت.
5-    سزای هەڵگرتنی مۆبایل لە شەقام 15 جەڵد.
6-    ئەگەر پارەی سزاكە نەدەیت ئەوا زیادەی دەچووە سەر و 25 جەڵدیش لە كەسەكە دەدرا.
7-    سزای ریشتاشین 100 جەڵد یان 50 هەزار.
8-    سزای نەچوونە مزگەوت لەكاتی بانگدان، 150 جەڵد و گرتن بۆ ماوەی هەفتەیەك لەگەڵ سزای 25 هەزار.

هاوشانی ئەوانە، چەندان بڕیار و یاسای تر داعش لە مووسڵ پێڕەوی كردووە.

ئاوەدانكردنەوەی مووسڵ
دوای ساڵێك لە ئازادكردنی مووسڵ، ئەو شارە هێشتا وەك خۆیەتی و ژیان نەگەڕاوەتەوە لای راست. هەرچی لای چەپی شارەكەیە كە كەمترین زیانی بەركەوتووە، خەڵكێكی زۆر گەڕاونەتەوە، بەڵام ترس لە میلشیاكانی حەشد بەربەستی یەكەمی نەگەڕانەوەیە و وایكردووە سەتان خێزانی تر كۆچی پێچەوانە بەرەو كوردستان بكەن.

كۆنگرەی دووبارە ئاوەدانكردنەوەی عێراق كە مانگی شوباتی رابردوو لە كوێت بە بەشداری 76 وڵات بەڕێوە چوو، وڵاتانی كۆمەكبەخش بڕیاریان دا كە 30 ملیار دۆلار هاوكاری عێراق بكەن، هاوكات كۆی گشتی كۆمەك و قەرزەكان بۆ عێراق گەیشتە 88 ملیار دۆلار، بەڵام تا ئێستە هیچ بڕە پارەیەك بە عێراق نەدراوە، ئەمەش بە یەكێك لە هۆكارەكانی مانەوەی مووسڵ و دەیان ناوچەی تری عێراق بە وێرانی دادەنرێت.







وشە - فه‌رمان سادق