بڕیارەكانی ترەمپ هەڕەشە لە مانەوەی G7 دەكات

:: PM:09:27:10/06/2018 ‌
لووتكەی G7 كە دوێنێ نۆی حوزەیران لە شاری كیبكی كەنەدی كۆتایی بە كارەكانی هێنا، لەسەر چەند پرسێك رێككەوتن دیارترینیان رێگا نەدانە بەوەی ئێران ببێتە خاوەنی چەكی ئەتۆمی و داواكردن لە رووسیا دەستبەرداری رژێمی بەشار ئەسەد بێت، بەڵام دوای كەمتر لە 24 سەعات، دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا كشانەوەی وڵاتەكەی لە پابەندییەكانی بڕیارەكانی لووتكەكە راگەیاند.

وڵاتانی لووتكەی G7 لە بەیاننامەی كۆتایی كۆبوونەوەكەیان رێككەوتن لەسەر ئەوەی بازرگانی نێوانیان، بازرگانیەكی ئازاد و دادپەروەر و سوودبەخش بێت بۆ هەردوولا، هەروەها بەرەنگاری كۆك بوون لەسەر ئەوەی بەرەنگاری پاراستنی بازرگانی ببنەوە، بە تایبەت ناكۆكییەكانی نێوان ئەمەریكا لەگەڵ هاوپەیمانانی كە كار بكەن بۆ لادانی بەربەستە گومرگییەكانی نێوانیان.

پێوەند بە ئێران، هەمووان كۆك بوون لەسەر ئەوەی بە هیچ شێوەیەك رێگە نەدرێت ئێران ببێتە خاوەنی چەكی ئەتۆم و پێشخستنی مووشەكی بالیستی كیشوەربڕ، هەروەها كۆك بوون لەسەر چارەسەركردنی ئاریشەی بەرنامەی ناوەكی بە رێگای ئاشتیانە.

بەگوێرەی بەیاننامەی لووتكە G7  كە ماڵپەڕی "ئەلعالەم"ی كۆماری ئیسلامی ئێران بڵاوی كردووەتەوە، داوا لە ئێران كراوە رۆڵی بنیادنەر ببینێت لە سەپاندنی ئاشتی لە ناوچەكە و بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و كۆتایی هێنان بە ناكۆكییەكان كە بەهۆی سیاسەتەكانی تاران لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست هاتۆتە پێشەوە.

لە بەشێكی تری بەیاننامەكە، وڵاتانی G7كۆك بوون لەسەر فراوانكردنی سزا ئابوورییەكان بەسەر رووسیا ئەگەر پێویستی كرد، بۆ ئەوەی سزاكان كاریگەری زیاتر بەسەر رووسیا دروست بكەن، هاوكات هەڵگرتنی سزاكانی سەر ئەو وڵاتەیان بەستەوە بە رێككەوتنی مینسك لەبارەی دۆسییەی باشووری رۆژهەڵاتی ئۆكڕانیا.

هاوكات داوایان لە رووسیا كرد كە چیتر پشتگیری لە حكوومەتی سووریا نەكات و چالاكییەكانی لەو وڵاتە رابگرێت كە بووەتە هۆی نا سەقامگیری و تێكدانی سیستەمی دیموكراسی لە وڵاتانی تریش، ئامادەییشیان نیشاندا كە كار لەگەڵ رووسیا بكەن بۆ كۆتایی پێهێنانی تەنگژە هەرێمایەتی و تەنگژە نێودەوڵەتییەكان، هاوكات بە پێویستیشیان زانی پەلە بكرێت لە سزادانی ئەو بەرپرسانەی لە پشتەوەی بەكارهێنانی چەكی كیمیایی بوون لە مانگی نۆڤێمبەری 2017 لە سووریا.

وڵاتانی G7كۆ دەنگ بوون لەسەر تۆمەتباركردنی رووسیا بە هێرشی كیمیایی بۆ سەر سێرگی سكریپاڵ و یولیای كچی لە شاری سالزبۆری بەریتانی لە مانگی ئاداری رابردوو، پێیان وایە ئەمە هیچ لێكدانەوەیەكی تر هەڵناگرێت.

لەبارەی گۆڕانكارییەكانی كەشوهەوا، وڵاتانی G7 جگە لە سەرۆكی ئەمەریكا، پابەندبوونی خۆیان بە رێككەوتنی پاریس بۆ رزگاركردنی بەرگە هەوای دنیا و رێگریكردن لە زیاتر گەرم نەبوونی راگەیاند كە 196 وڵات لە مانگی كانونی یەكەمی 2015 واژوویان لەسەر كردووە.


وڵاتانی G7 كێن؟
لووتكەیەكی جیهانییە ساڵانە لەنێوان وڵاتانی ئەڵمانیا، بەریتانیا، فڕەنسا، كەنەدا، ئەمەریكا، ژاپۆن و ئیتاڵیا دەبەسترێت كە 60%ی بازرگانی نێودەوڵەتی لە دەستی ئەوان دایە.

لە لووتكەی  G7پرسی ئابووری سەر لیستی بەرنامەی كار پێكدەهێنێت، ئەگەرچی لە پاڵیدا گفتوگۆ لەسەر پرسی هەنووكەیی نێودەوڵەتیش دەكرێت.

ئەندامییەتی رووسیا ساڵی 2014 لەو لووتكەیە هەڵپەسێردرا بەهۆی هێرشكردنی بۆ سەر دوورگەی قرمی ئۆكرانیا، بەڵام لە لووتكەی ئەمجارەی كەنەدا، دۆناڵد ترەمپ هەمووانی سەرسام كرد كاتێك داوای كرد رێگە بە رووسیا بدرێت لەمەولا بەشداری لووتكەكە بكات، بەڵام ئەنجێلا مێركڵ راوێژكاری ئەڵمانیا رای گەیاند، ئەندامانی تری لووتكەكە ناڕازین.

ترەمپ پاشگەز دەبێتەوە
رۆژێك دوای لووتكەی G7 و دەركردنی بەیاننامەی كۆتایی، دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا پاشگەز بوونەوەی وڵاتەكەی لە بەیاننامەی لووتكەكە راگەیاند و كەنەداشی بەوە تۆمەتبار كرد كە دەستپاك نییە و رای گەیاند، هەندێك وڵات هەن پێناسی قورس بەسەر ئەمەریكا دەسەپێنن لە بارەی گومرگەوە، بەتایبەت لەبارەی رێكخستنی سیستەمی بازرگانی كە ئەمەریكا پێی رازی نییە.

بەمدواییە ئەمەریكا باجی زیاتری خستەسەر هاوردەكردنی ئەلەمنیۆم و پۆڵا كە لە كەنەدا و ئەڵمانیا و وڵاتانی تری ئەوروپی هاوردەی ئەمەریكا دەكرێت، بەمەش نیگەرانی ئەو وڵاتانەی لێكەوتەوە.

جاستن ترودۆ سەرۆك وەزیرانی كەنەدا لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رای گەیاند، لە سەرەتای مانگی تەمووزی داهاتوو باجی زیاتر دەخەینە سەر كەلوپەلی هاوردەی ئەمەریكی بۆ كەنەدا، ئەمەیش وەك وەڵامێك بۆ بڕیارەكەی ترەمپ.
 
بەڵام یەكێتی ئەوروپا پابەندبوونی خۆی بە بەیاننامەكەی لووتكەی G7 دووپات كردەوە ئەگەرچی ئەمەریكا لێی پاشەكشەی كردووە.

دۆناڵد ترەمپ لە گەشتی بۆ سەنگاپوورە و ئامادەبوونی لە لووتكەی ئەمەریكا كۆریای باكور كە بڕیارە لە 12ی ئەم مانگە ئەنجام بدرێت، رای گەیاند كە رێنوێنی دەركردووە بۆ بەرپرسانی ئەمەریكا كە باجی زیاتر بخەنە سەر ئۆتۆمبێلە هاوردە كراوەكانی ئەوروپا، بەڵام وڵاتانی یەكێتی ئەوروپا دەڵێن باوەڕ بەو قسەیەی ترەمپ ناكەین تا تەعریفە گومرگیە نوێیەكەی ئەمەریكا نەبینین.

ماڵپەڕی "بی بی سی عەرەبی" بڵاوی كردووەتەوە كە دۆناڵد ترەمپ لە تویتەكانیدا رای گەیاندووە رێگە بە وڵاتانی تر نادەین تەعریفەی گومرگی بەسەر ئەمەریكا بسەپێنن وەك ئاماژەیەك بۆ كەنەدا.

جێی باسە ململانێی نێوان ئەمەریكا و یەكێتی ئەوروپا لەسەر زیاد كردنی باج لەسەر كاڵاكان، بۆ سەرەتای ئەم مانگە دەگەڕێتەوە كە ئەمەریكا بڕیاری زیادكردنی باجی بە رێژەی 25% بۆ سەرر پۆڵا و 10% بۆ سەر ئەلەمنیۆمی هاوردە كراو لە یەكێتی ئەوروپا راگەیاند، هەمان بڕیاریش كەنەدا و مەكسیكی گرتەوە.

ترەمپ رای گەیاند، ئەو هەنگاوە بەرهەمهێنە ناوخۆییەكانی ئەمەریكا ناگرێتەوە كە هەوڵی دابینكردنی ئەو مادانە دەدەن و ئاسایشی نیشتمانی وڵات دەپارێزن.

بەرانبەر بەو بڕیارەی ئەمەریكا، یەكێتی ئەوروپایش بڕیاریدا باج بخاتە سەر كەلوپەلی هاوردەكراوی ئەمەریكی، هاوكات چاوەڕوان دەكرێت سەرەتای مانگی داهاتوو كەنەدا و مەكسیكیش هاوشێوەی ئەوان باجی زیاتر بخەنە سەر كەلوپەلی هاوردە كراوی ئەمەریكی.



وشە - فه‌رمان سادق