بەرشەلۆنە بڕوای بە گرێبەستی گریزمان هەیە

:: PM:01:37:11/06/2018 ‌

بەرپرسانی یانەی بەرشەلۆنەی ئیسپانی بڕوای تەواویان هەیە دەتوانن لەم هاوینەدا گرێبەستی ئەنتوان گریزمانی ئەستێرەی فڕەنسی و هێرشبەری یانەی ئەتلەتیكۆ مەدریدی ئیسپانی بەدەستبێنن.

گریزمان چەند رۆژێك پێش ئێستا رایگەیاندبوو بەر لە ئەنجامدانی یەكەم یاریی مۆندیالی 2018ی رووسیا لەگەڵ هەڵبژاردەی فڕەنسا چارەنووسی یەكلایی دەكاتەوە.

ماڵپەڕی (سپۆڕت)ی كەتەلۆنی ئاماژەی بەوەدا كە بەرپرسانی یانەی بەرشەلۆنە هیوای تەواویان هەیە گریزمان بڕیاری پەیوەندیكردن بە یانەكەیانەوە دەدات و ریزی یانەی ئەتلەتیكۆ مەدرید جێدێڵێ.

جۆسیپ ماریا بارتومیۆی سەرۆكی یانەی بەرشەلۆنە خۆی سەرپەرشتی كارەكانی گرێبەستەكەی گریزمان دەكات و بڕیاریداوە بەهەر نرخێك بێت گرێبەستی ئەم ئەستێرە فڕەنسییە بۆ وەرزی داهاتووی یانەكەی بەدەست بێنێ.

یانەی بەرشەلۆنە كار لەسەر ئەوە دەكات پارەی مەرجی هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەكەی گریزمان لەگەڵ یانەی ئەتلەتیكۆ مەدرید بدات كە 100 ملیۆن یۆرۆیە و بۆ وەرزی داهاتوو هێڵی هێرشبەری تیپەكەی پێ بەهێز بكات.



وشە - ئامانج ئه‌كره‌م