ئامادەیە دەستكەوتەكانی لەگەڵ ریال مەدرید بەقوربانی شتێك بكات


لوكا مۆدریچی ئەستێرەی كڕواتی ئاشكرای كرد كە ئامادەیە دەستبەرداری بەشێكی زۆری دەستكەوتەكانی لەگەڵ یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی بێت بۆ ئەوەی لەبەرامبەردا لەگەڵ هەڵبژاردەی وڵاتەكەی یەكەم ناسناو بباتەوە.

مۆدریچ لە ئاهەنگی دابەشكردنی خەڵاتەكانی یەكەتیی تۆپی پێی كڕواتیا كە تێیدا بە باشترین یاریزانی ساڵ دەستنیشان كرابوو، رایگەیاند: ئامادەم هەندێ لە دەستكەوتەكانم بگۆڕم كە لەگەڵ یانەی ریال مەدرید بەدەستمهێناون بە یەك تاكە دەستكەوتی گەورە لەگەڵ كڕواتیا كە ئەویش جامی مۆندیالە.

زیاتر گوتی: ئامانجی سەرەتامان تێپەڕاندنی قۆناغی كۆمەڵەكاننە كە لە ساڵی 1998وە نەمانتوانیوە ئەمە بكەین، بەڵام پێموایە ئەمساڵ لە مۆندیالی رووسیا دەتوانن ئەم ئامانجە بەدەست بێنین.

مۆدریچ لەگەڵ یاریزانانی هەڵبژاردەی كڕواتیا ئامادەیە بۆ بەشداریكردن لە یارییەكانی مۆندیالی 2018ی رووسیا كە بڕیارە دووسبەی پێنجشەم دەست پێ بكات، هەڵبژاردەكە لە كۆمەڵەی چوارەم و لەگەڵ هەڵبژاردەكانی ئەرجەنتین، نێجیریا و ئایسلەندا گیرساوەتەوە.




وشە - ئامانج ئه‌كره‌م


AM:09:45:12/06/2018




ئه‌م بابه‌ته 431 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌