گریزمان گرێ كوێرەكەی نەكردەوە


ئەنتوان گریزمانی ئەستێرەی فڕەنسی و هێرشبەری یانەی ئەتلەتیكۆ مەدریدی ئیسپانی رەتی كردەوە چارەنووسی خۆی یەكلایی بكاتەوە بەوەی بۆ وەرزی داهاتوو لە یانەكەی دەمێنێتەوە یان روو لە یانەیەكی تر دەكات.

گریزمان دوێنێ سێشەم لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی تایبەت بە ئامادەكارییەكانی هەڵبژاردەی فڕەنسا بۆ مۆندیالی 2018ی رووسیا رایگەیاند: داوای لێبوردن دەكەم ئەمڕۆ ناتوانم بڕیاری كۆتاییم رابگەیەنم، دەزانم زۆرێك لە ئێوە چاوەڕێی ئەوە بوون ئەمڕۆ چارەنووسم یەكلایی بكەمەوە، بەڵام پێتان دەڵێم ئەمڕۆ بۆ ئەم بڕیارە گونجاو نییە.

گریزمان پێشتر رایگەیاندبوو كە بەر لە ئەنجامدانی یەكەم یاریی لەگەڵ هەڵبژاردەی فڕەنسا لە جامی مۆندیال كە بڕیارە شەمووی داهاتوو بێت بەرامبەر هەڵبژاردەی ئوستڕالیا، چارەنووسی خۆی یەكلایی دەكاتەوە و بڕیار دەدات لە یانەی ئەتلەتیكۆ مەدرید بمێنێتەوە یان بڕوات.

ئەمە لە كاتێكدایە كە یانەی بەرشەلۆنە ماوەیەكی زۆرە ئامادەكاری دەكات بۆ گرێبەستكردن لەگەڵ ئەم هێرشبەرە و ئامادەیی خۆشی پێشانداوە بڕی پارەی مەرجی هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەكەی بدات كە لە 200 ملیۆن یۆرۆ بۆ 100 ملیۆن كەم دەبێتەوە.

لەبەرامبەریشدا بەرپرسانی یانەی ئەتلەتیكۆ مەدرید لە هەوڵەكانیان بەردەوامن بۆ پارێزگاریكردن لە گریزمان و چەند رۆژێك پێش ئێستاش دەستەوارەیەكی زەبەلاحی نوێیان ئاراستەكردبوو كە تێیدا مووچەی ساڵانەكەیان بۆ 23 ملیۆن یۆرۆ زیاد كردبوو لەگەڵ چەندان پاداشتی تر.




وشە - ئامانج ئه‌كره‌م


AM:10:26:13/06/2018




ئه‌م بابه‌ته 365 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌