جۆست فۆنتێن یاریزانی هەڵبژاردەی فڕەنسا كە لەدایكبووی وڵاتی مەغریبە، تا ئێستا بە گۆڵكاری مێژوویی مۆندیالەكان دادەنرێ و هیچ یاریزانێكی تر نەیتوانیوە خۆی لە قەرەی بدات، ئەمە لە كاتێكدایە كە سبەی پێنجەشەم بەفەرمی یارییەكانی مۆندیالی 2018ی رووسیا دەست پێ دەكات.
فۆنتێن بە گۆڵكاری مێژوویی دادەنرێ لە رووی تۆماركردنی ژمارەی گۆڵ لە یەك مۆندیالدا بە تۆماركردنی 13 گۆڵ لە كۆی 6 یاریی لەگەڵ هەڵبژاردەی فڕەنسا لە مۆندیالی 1958ی سوێد.
فۆنتێن هەرچەندە گۆڵێكی زۆری بۆ هەڵبژاردەی فڕەنسا لەم مۆندیالەدا تۆمار كرد، بەڵام نەیانتوانی جامەكە بباتەوە و هەڵبژاردەكەی لە ریزبەندی سێیەم گیرسایەوە، هەڵبژاردەی بەڕازیل بووە پاڵەوانی جامەكە.
فۆنتێن لە 18ی ئابی 1933 لە شاری مەڕاكشی مەغریبی لە باوكێكی فڕەنسی و دایكێكی ئیسپانی لەدایك ببوو.
ئەو هێرشبەرە بەشداری لە 21 یاریی ناودەوڵەتی لەگەڵ هەڵبژاردەی فڕەنسا كردبوو و تێیدا 30 گۆڵی تۆمار كردبوو، دواجاریش لە ساڵی 1962 بەهۆی پێكانەوە وازی لە یاریكردن هێنا، ئەمە سەرەڕای ئەوەی دوای 5 ساڵ لەم وادەیە بەشداری لە 2 یاریی دۆستانەی هەڵبژاردەی وڵاتەكەی كرد، بەڵام نەیتوانی لە یاریكردن بەردەوام بێت.