پرتوگال و ئیسپانیا یاری لووتكە دەکەن و مەغریبیش بەدوای تۆڵەدا دەگەڕێ

:: PM:01:26:15/06/2018 ‌


پاش كەمێكی تر لە سەعات سێی پاش نیوەڕۆ بە كاتی كوردستان، لە دووەم رۆژی یارییەكانی جامی جیهانی رووسیا 2018 لە كۆمەڵەی یەكەم A هەردوو هەڵبژاردەی میسر و ئۆرۆگوای دژ بە یەكتر یاری دەكەن.

لە مێژووی مۆندیالەكاندا هیچ كات ئۆرۆگوای دژ بە هەڵبژاردەكانی كیشوەری ئەفریقا نەدۆڕاوە، لەو سێ یارییەی ئەنجامی داوە، یارییەك براوە بووە و دوو یاریش بەرانبەر.

لە یاری دووەمی مۆندیالدا لە گرووپی دووەم B، هەڵبژاردەی مەغریب دژ بە هەڵبژاردەی ئێران سەعات شەش بە كاتی كوردستان یاری دەكەن. تا ئێستە لە دوو پاڵەوانیەتی تردا هەردوو هەڵبژاردە دژ بەیەكتر یارییان كردووە، پاڵەوانیەتی جامی سەرۆك ساڵی 1978 كە لەو یارییەدا ئێرانییەكان دوو بە هیچ براوە بوون، هەروەها لە پاڵەوانیەتییەكی تری دۆستانەدا ساڵی 2002، هەردوو هەڵبژاردە بە گۆڵێك بۆ هەرلایەك بەرانبەر بوون.

لە یاریی سێیەمی مۆندیالدا هەر لە گرووپی B كە یەكێكە لە خۆشترین یارییەكانی كۆمەڵەكان، هەردوو هەڵبژاردەی ئییسپانیا و پورتوگال سەعات نۆی شەو بە كاتی كوردستان یاری دەكەن.

پێش ئەو یارییە هەردوو هەڵبژاردە لە مێژوودا چەندان جار دژ بەیەكتر یارییان كردووە، بەڵام سێ گرنگترین رووبەڕووبوونەوەی فەرمی بۆ جامی ئەوروپای 2012 و 2004 لەگەڵ جامی جیهانی 2010.

لە جامی ئەوروپای 2004 كە پورتوگال میوانداری دەكرد، لە گرووپی كۆمەڵەكان دژ بە یەكتر یارییان كرد و یارییەكەش لە بەرژەوەندی خاوەن خاك یەك بە هیچ كۆتای هات.

لە جامی جیهانی 2010 لە باشووری ئەفریقا لە قۆناغی هەشت كەوتنە بەرانبەر یەكتر، ئیسپانیا یەك بە هیچ براوە بوو، كە دواتر لەسەر حیسابی هۆڵەندا لە یاری كۆتا بە گۆڵێكی ئینستا بۆ یەكەمجار لە مێژوویاندا بوونە پاڵەوانی مۆندیال.

لە جامی ئەوروپای 2012 كە یارییەكانی لە ئۆكرانیا و پۆڵەندا بەڕێوە چوو، لە كاتی ئاساییدا بێ گۆڵ یەكسان بوون، بەڵام بە لێدانی یەكلاكەرەوە ئیسپانیا چوار بە دوو براوەی بوو.

سەرچاوە/ کوڕە


وشە - فه‌رمان سادق