ئەمڕۆ گەڕی دووەمی مۆندیال دەست پێ دەكات

:: AM:09:44:19/06/2018 ‌

ئەمڕۆ سێشەم ركابەرییەكانی مۆندیالی 2018ی رووسیا پێ دەنێتە گەڕی دووەمەوە و تێیدا هەڵبژاردەی میسڕ كە لە یاریی یەكەمدا دۆڕا بوو رووبەڕووی هەڵبژاردەی مێوانداری پاڵەوانیەتییەكە رووسیا دەبێتەوە.

ئەمڕۆ سێشەم 3 یاریی لە چوارچێوەی ركابەرییەكانی قۆناغی كۆمەڵەكانی مۆندیالی 2018ی رووسیا بەڕێوە دەچێت كە دوو یارییان لە دوا قۆناغ دەبێت.

لە یاریی یەكەمدا لە كۆمەڵەی هەشتەم سەعات 3ی دوای نیوەڕۆ بەكاتی كوردستان، هەڵبژاردەی كۆڵۆمبیا رووبەڕووی هەڵبژاردەی ژاپۆن دەبێتەوە، یارییەكە لەلایەن دەستەیەك لە ناوبژیوانانی سلۆڤینی بەسەركردایەتی دامیر سكۆمینا لەنێو یاریگەی مۆردافیا ئەرینا بەڕێوە دەچێت.

یاریی دووەم كە دوایین یاریی گەڕی یەكەمی قۆناغی كۆمەڵەكان دەبێت سەعات 6ی ئێوارە هەردوو هەڵبژاردەی پۆڵەندا و سەنیگال رووبەڕووی یەكتر دەبنەوە، یارییەكە لەنێو یاریگەی ئەتكرێت ئەرینا لەلایەن ناوبژیوانانی بەحرێنی بەسەركردایەتی نەواف عەبدوڵا بەڕێوە دەچێت.

سەعات 9ی شەو ركابەرییەكانی گەڕی دووەمی قۆناغی كۆمەڵەكانی مۆندیال دەست پێ دەكات و تێیدا هەڵبژاردەی میسڕ كە لە یاریی یەكەمدا بە گۆڵێكی بێ وەڵام بەرامبەر هەڵبژاردەی ئۆرگوای دۆڕا بوو، رووبەڕووی هەڵبژاردەی مێوانداری پاڵەوانیەتییەكە دەبێتەوە، هەڵبژاردەی رووسیا لە یاریی یەكەمدا بە ئەنجامێكی گەورە و بە 5 گۆڵی بێ وەڵام لە هەڵبژاردەی سعوودییەی بردبووەوە، یارییەكە لەنێو یاریگەی كریستۆفیسكی لەلایەن دەستەیەك لە ناوبژیوانانی پاراگوای بەسەركردایەتی ئێنریكی كاسیرێس بەڕێوە دەچێت.

لە كۆمەڵەی یەكەم هەڵبژاردەی رووسیا بەكۆكردنەوەی 3 خاڵ لە ریزبەندی یەكەمی هەڵبژاردەكاندایە و بەجیاوازی گۆڵ و بەكۆكردنەوەی 3 خاڵ هەڵبژاردەی ئۆرگوای لە ریزبەندی دووەمدایە، هەردوو هەڵبژاردەی میسڕ و سعوودییەش بەبێ خاڵ لە ریزبەندی سێیەم و چوارەمدان.

جێی باسە دوێنێ دووشەم 3 یاریی تر گەڕی یەكەمی قۆناغی كۆمەڵەكانی مۆندیال بەڕێوە چوون كە ئەنجامەكانیان بەمشێوەی خوارەوە بوون:-

سوێد 1-0 كۆریای باشوور
بەلجیكا 3-0 پەنەما
توونس 1-2 ئینگلتەڕا




وشە - ئامانج ئه‌كره‌م