ماڕادۆنا داوای لێبوردنی كرد

:: AM:11:07:19/06/2018 ‌

دییگۆ ماڕادۆنای ئەفسانەی ئەرجەنتین لە یاریی یەكەمی هەڵبژاردەی وڵاتەكەی لە چوارچێوەی یارییەكانی مۆندیالی 2018ی رووسیا بەرامبەر هەڵبژاردەی ئایسلەندا ئامادەبوو و تێیدا بەهۆی چەند هەڵسوكەوتێكەوە رووبەڕووی رەخنەیەكی توند بووەوە.

لە یارییەكەدا كە هەردوو هەڵبژاردە بە گۆڵێك یەكسان بوون، ماڕادۆنا دەركەوتبوو جگەرەی دەكێشا ئەمە لە كاتێكدابوو كە لەبەرامبەریدا پۆستەرێك هەڵواسرابوو تێیدا ئاماژە بەوەدرابوو جگەرە كێشان لەنێو یاریگە قەدەغەیە.

ماڕادۆنا لە چاوپێكەوتنێكدا بۆ رۆژنامەی (زە سەن)ی ئینگلیزی رایگەیاند كە نەیزانیوە لەشوێنی دانیشتنی یاریزانان جگەرەكێشان قەدەغەیە، جەختیشی كردەوە كە رۆژی یارییەكە لەرووی دەروونییەوە ئارام نەبووە بەهۆی ئەنجامەكەیەوە لەبەر ئەمە جگەرەی كێشاوە.

ماڕادۆنا بەهۆی ئەم هەڵسوكەوتەوە داوای لێبوردنی لەسەرجەم ئامادەبووانی یارییەكە و هەوادارانی تۆپی پێ كرد و تەئكیدیشی كردەوە كە جارێكی تر رووداوی هاوشێوە دووبارە نابێتەوە.

جێی باسە ماڕادۆنا بە یەكێك لە باشترین یاریزانەكان لە مێژووی تۆپی پێ دادەنرێ و لە مۆندیالی 1986 پێشەوایەتی هەڵبژاردەی ئەرجەنتینی كرد بۆ بردنەوەی جامەكە.



وشە - ئامانج ئه‌كره‌م