هۆكاری دۆڕانی هەڵبژاردە عەرەبییەكان لە ياريیەکانی مۆندیال؟

:: PM:12:56:19/06/2018 ‌

هەرچوار هەڵبژاردەی عەرەبی سعوودیە و میسڕ و مەغریب و توونس لە یارییەكانی گەڕی یەكەمی قۆناغی كۆمەڵەكانی مۆندیالی 2018ی رووسیا شكستیان خواردووە و بەشی زۆریشیان گۆڵی شكستەكەیان لە دوا ساتەكاندا لێ كراوە.

هەڵبژاردەی میسڕ لە یاریی یەكەمیدا لە ركابەرییەكانی مۆندیالی رووسیا بەرامبەر هەڵبژاردەی ئۆرگوای لە دوا ساتەكاندا و لە خولەكی 89 گۆڵی لێ تۆمار كرا و گۆڵەكەش لەلایەن خیمینێز تۆمار كرا و بەهۆیەوە هەڵبژاردەی فیرعەونەكان تامی یەكەم شكستیان چەشت.

هەڵبژاردەی مەغریبیش لە یاریی یەكەمیدا لە كاتی زیادكراودا و لە خولەكی 95 گۆڵێكی بەرامبەر هەڵبژاردەی ئێران لێ تۆمار كرا و یارییەكەی دۆڕاند.

شەوی رابردووش هەڵبژاردەی توونس بەرامبەر هەڵبژاردەی ئینگلتەڕا لە خولەكی 91 گۆڵی لێ تۆمار كرا و بە ئەنجامی 1-2 گۆڵ دۆڕا.

ئەگەر سەیری هەرسێ گۆڵی دۆڕانی هەڵبژاردە عەرەبییەكان بكرێ دەبینیت گۆڵەكان بە لێدانی بڵند و سەر تۆمار كراوە.

سەرچاوە رۆژنامەوانییەكان باس لەوە دەكەن كە هۆكاری هەرسێ شكستەكە هەڵەی هێڵی بەرگری بووە كە بەهۆی ماندووبوونەوە سەرنجیان لەسەر یاریكردن كەمبووەتەوە لە دواساتەكاندا بە لێدانی سەر گۆڵی شكستیان لێ تۆمار كراوە.

ئاماژەیان بەوەشدا كە پێویستە هەڵبژاردە عەرەبییەكان لە یارییەكانی داهاتوویاندا تا دواساتەكان هزر و سەرنجیان لەسەر یاریكردن بەردەوام بێت بەتایبەتیش یاریزانانی هێڵی بەرگری بەوپەڕی توانایانەوە چاودێری وردی لێدانە جێگیر و بڵندەكان بكەن.

جێی باسە لە مۆندیالی ئەمساڵدا چوار هەڵبژاردەی عەرەبی بەشدارن و لە گەڕی یەكەمی قۆناغی كۆمەڵەكاندا هەرچوار هەڵبژاردەكە دۆڕاون، گەورەترین شكستی هەڵبژاردەی عەرەبییەكانیش دۆڕانی هەڵبژاردەی سعوودییە بوو بەرامبەر هەڵبژاردەی رووسیا بە 5 گۆڵی بێ وەڵام.




وشە - ئامانج ئه‌كره‌م