ئیسپانیا جگە لە سەركەوتن هیچ چارەیەكی تری نییە


سەرجەم رۆژنامە وەرزشییەكانی ئیسپانیا سەبارەت بە یارییەكەی ئەمڕۆی هەڵبژاردەكەیان لە مۆندیالی 2018ی رووسیا بەرامبەر هەڵبژاردەی ئێران جەختیان كردەوە كە جگە لەسەركەوتن هیچ چارەیەكی تریان نییە.

ئەمڕۆ چوارشەم لە گەڕی دووەمی كۆمەڵەی دووەمی ركابەرییەكانی مۆندیال، سەعات 9ی شەو بەكاتی كوردستان هەردوو هەڵبژاردەی ئێران و ئیسپانیا رووبەڕووی یەكتر دەبنەوە.

هەڵبژاردەی ئیسپانیا لە یاریی یەكەمدا بە 3 گۆڵ بەرامبەر هەڵبژاردەی پورتوگال یەكسان ببوو، هەڵبژاردەی ئێرانیش بە گۆڵێكی بێ وەڵام لە هەڵبژاردەی مەغریبی بردبووەوە.

رۆژنامەی (مۆندۆ دیپۆرتیڤۆ)ی كەتەلۆنی لەلاپەڕەی یەكەمی ژمارەی ئەمڕۆ چوارشەمدا جەختی كردبووەوە كە پێویستە هەڵبژاردەی ئیسپانیا لە یارییەكەی ئەمڕۆدا بەرامبەر هەڵبژاردەی ئێران سەركەوتن بەدەست بێنن و زۆرترین گۆڵیش تۆمار بكەن بۆ ئەوەی ركابەری لەسەر ریزبەندی یەكەمی كۆمەڵەی دووەم بكەن.

لە لاپەڕەی یەكەمی رۆژنامەی (سپۆڕت) چاوپێكەوتنێكی ئەندرێس ئینێستای ئەستێرەی هێڵی ناوەڕاستی هەڵبژاردەی ئیسپانیا بڵاو كرابووەوە و تێیدا ئاماژەی بەوەدابوو كە تەنیا سەركەوتن چارەی هەڵبژاردەی وڵاتەكەیەتی تا سەركەون بۆ قۆناغی 16ی مۆندیال.

هەر لە رۆژنامەكەدا چاوپێكەوتنێكی هێرۆی راهێنەری هەڵبژاردەی ئیسپانیا بڵاو كراوەتەوە و تێیدا ئاماژە بەوە دەكات كە دی خیای گۆڵپارێز لە پێكهاتەی سەرەكیدا یاریی دەكات هەرچەندە لە یاری یەكەمدا بەرامبەر هەڵبژاردەی پورتوگال هەڵەی گەورەی ئەنجامدابوو.

رۆژنامەی (ماركا) لەلاپەڕەی یەكەمدا وێنەیەكی گەورەی ئیسكۆی ئەستێرەی یانەی ریال مەدریدی بڵاو كردبووەوە و تێیدا ئاماژەی بەوەدابوو كە هەڵبژاردەی ئیسپانیا مەترسییەكی گەورەی بۆ سەركەوتن بۆ قۆناغی دووەم لەسەر نییە.

ئیسكۆ ئاماژەی بەوەدابوو لە یارییەكەی ئەمڕۆدا بەرامبەر هەڵبژاردەی ئێران هیچ هەڵەیەك جێگەی قبووڵ كردن نییە، جەختیشی كردبووەوە كە ئەوان بۆ دۆخە زەحمەت و ئاڵۆزەكان خولقاون.

ئینێستا بۆ رۆژنامەی (سوپەر دیبۆرتی)ی نزیك لە یانەی ڤالێنسیا رایگەیاندبوو كە ئەوان باش دەزانن یارییەكەیان بەرامبەر ئێران زەحمەتە، بەڵام پێویستە سەركەوتن بەدەست بێنن.



وشە - ئامانج ئه‌كره‌م


AM:11:34:20/06/2018




ئه‌م بابه‌ته 293 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌