ماتۆڕسكیل ژیانی شێواندووە و كەس چاودێری ناكات

:: AM:08:20:23/06/2018 ‌
ماتۆڕسكیل لە هەرێمی كوردستان هێندە زۆر بووە، ڕۆژ نییە ڕووداوێك تۆمار نەكەن و بەرپرسانی هاتوچۆ ئاشكرای دەكەن كە كۆنتڕۆڵكردنیان تەنیا لە دەسەڵاتی هاتوچۆدا نەماوە، بەڵكو بەگوتەی ئەوان "پێویستە لەناو خێزانەوە دەست بكرێ بە چاكسازی و هەستكردن بە بەرپرسیارێتی".

مەلا سەعد عەلی دووكاندارێكی شاری هەولێرە و خەریكی كڕین و فرۆشتنی ماتۆڕسكیلە، ئەو دەڵێت، لە ڕابردوودا هێزە تەناهییەكان دەگەڕان و دەستیان دەگرت بەسەر ماتۆڕسكیلی تۆمار نەكراودا، بەڵام دووپاتی دەكاتەوە "ئێستە ئەو چاودێرییەش كەم بووەتەوە لە كاتێكدا %20 ماتۆڕەكانی ناو ئەو بازاڕە تۆماری هەیە".
ئەو دووكاندارە بۆ "وشە" دەڵێ، بازاڕ هەمووی بووە بە ماتۆڕی تۆمارنەكراو، كەس ئامادە نییە بچێت تابلۆی بۆ ببەستێت و مۆڵەتی لێخوڕینی ماتۆڕسكیل وەربگرێت، تەنیا بەشێكی مەنەفێستی كڕین و فەرمیی هەیە.
مەلا سەعد زیاتر گوتی، ماتۆڕسكیلی جۆراوجۆر هەن لە بازاڕ، نرخیشیان لە 250 هەزارەوە دەست پێ دەكات تا هەشت ملیۆن دینار، بەگوێرەی وڵاتی بەرهەمهێن و جۆرەكەی دەگۆڕێ، هەروەها ئەوەی ئێستە لە بازاڕ زۆر گرنگی هەیە، جۆری (نامی و ساڤا)یە كە دروستكراوی ئێرانە و خەڵكی بە باشی دەزانن.
لە بەرانبەردا موقەدەم فازڵ حاجی حوسێن بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی هاتوچۆی هەولێر، بۆ "وشە" ئەوەی خستە ڕوو، لە كار و چالاكییەكانی بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی هەولێر بەمەبەستی زیاتر رێكخستنی هاتوچۆ لەناو شار و دەرەوەی شار بەردەوامە، چەند رۆژێكە دەست كراوە بەهەڵمەتی دەست بەسەرداگرتنی ماتۆڕسكیلە نایاسایییەكان كە ئێستە بوونیان لە شەقام بووەتە كێشەیەكی گەورە.
حاجی ئاشكرای دەكات، "ئەو هەڵمەتە بەهۆی نیگەرانی هاووڵاتییان و شوفێران لەم رۆژانە دەست پێ كردووە و هەڵمەتەكەدا تا ئێستە زیاتر لە 500 ماتۆڕسكیل دەستیان بەسەردا گیراوە، بەردەوامیش دەبێت تا ئەو دیاردەیە بنبڕ دەكرێ".
"داوا لە هاووڵاتییان دەكەین خۆیان دوور بگرن لە كڕین و بەكارهێنانی ماتۆڕسكیلی نایاسایی بێ‌ مەنەفێست و بێ تابلۆ، هەروەها خۆیان بەدوور بگرن لە لێخوڕینی ماتۆڕسكیل بەبێ بوونی مۆڵەتی لێخوڕین، چونكە ئەو ماتۆڕسكیلانەی بەو هۆكارانە دەگیرێن، نادرێنەوە خاوەنەكەی و لە دوای تەواوكردنی رێكارە یاسایییەكان، تێك دەشكێنرێن و دەدرێن بە كۆمپانیای تواندنەوەی ئاسن" گوتەبێژی هاتوچۆ وای گوت.
بەگوێرەی ئامارێك كە دەست "وشە" كەوتووە، لە ساڵی 2013دا 113 هەزار ماتۆڕسكیل و بەشەكانی هاتوونەتە هەرێمی كوردستان بەم شێوەیە دابەش بوون: دهۆك 20 هەزار و 25 ماتۆڕسكیل و بەشەكانی، سلێمانی 40 هەزار و 541 ماتۆڕسكیل و بەشەكانی، هەولێر 30 هەزار و 257 ماتۆڕسكیل و بەشەكانی، كەركووك 23 هەزار و 137 ماتۆڕسكیل و بەشەكانی لەخۆ دەگرن. بەكۆی گشتی 113 هەزار و 961 ماتۆڕسكیل و بەشەكانی هاتوونەتە هەرێمی كوردستان.
لای خۆیەوە ئەفسەرێكی هاتوچۆ ئەوە دەخاتە ڕوو كە ماتۆڕسكیل بووەتە كێشەیەكی گەورە و كەس ئامادە نین مۆڵەتی لێخوڕین و ڕێنوێنی جێبەجێ بكەن بۆ ئەوەی تووشی كێشە نەبن.
نەقیب كاروان ڕەسووڵ ئەفسەر لە یەكێك لە بنكەكانی پێدانی مۆڵەت بۆ "وشە" گوتی، وەرگرتنی مۆڵەتی لێخوڕینی ماتۆڕسكیل هەمووی دوو ڕۆژی پێویستە بە تێچوویەكی دارایی كەم، بەڵام خاوەن ماتۆڕەكان نایەن مۆڵەت وەربگرن، چونكە زۆرینەیان هەرزەكارن و تەمەنیان ڕێپێدراو نییە بۆ لێخوڕین.
ئەو ئەفسەرەی هاتوچۆ ئاشكرای دەكات كە ڕێنوێنییەكانی هاتوچۆ بۆ سەلامەتی شوفێرە كە لە سەركردنی كڵاو و دەستەوانە و كەسارەی سەرقاچەكان دەگرێتەوە و دەبنە هۆی پاراستنی شوفێر لە ڕووداوی نەخوازراودا، چونكە ڕۆژ نییە ڕووداوێكی هاتوچۆ تۆمار نەكرێت بە ماتۆڕسكیل، یان شوفێرەكە دەمرێت یان بە سەختی بریندار دەبێت و كەمئەندام دەبێت.
"بۆیە جگە لە ڕێنوێنییەكانی هاتوچۆ، خێزان ڕێ نەدات مێرمنداڵی خوار 18 ساڵ ماتۆڕسكیل لێبخوڕن، چونكە دوای هەر خۆیان باجی ڕەفتاری كوڕەكەیان دەدەن كە كۆتاییەكەی كارەساتبارە" نەقیب كاروان وای گوت. 


وشە - رامیار جەواد