عوسمان زیندانی: هەزاران كرێكاری رۆژانە دەستەبەری كۆمەڵایەتییان نییە

:: PM:03:27:05/12/2016 ‌

عوسمان زیندانی سەرۆكی كرێكارانی بیناسازی سلێمانی لە دیدارێكی "وشە"دا رای دەگەیەنێت، رەوشی كار و كرێكاران لە كوردستاندا بە بارودۆخێكی خراپ و نائاساییدا تێپەڕ دەبێت. روونی دەكاتەوە، كەمبوونەوەی ژمارەی قوربانییانی كار، بەهۆی كەمبوونەوەی پڕۆژەكانی كاركردنەوەیە كە بەو هۆیەوە سەتان هەزار كرێكار بێكار كەوتوون. 
زیندانی رەخنە لە حكوومەت و پەرلەمان دەگرێت لە جێبەجێ‌ نەكردنی یاسای دەستەبەری كۆمەڵایەتی و خانەنیشنی كرێكاران. 

رەوشی كار و كرێكاران لە كوردستان چۆن هەڵدەسەنگێنن؟
رەوشی كار و كرێكاران لە كوردستاندا لەرووی یاسایی و كۆمەڵایەتییەوە بە بارودۆخێكی خراپ و نائاساییدا تێپەڕ دەبێت. لەرووی یاسایییەوە، سەرەڕای ئەوەی عێراق لە كۆتای 2015دا یاسایەكی نوێی كاری پەسند كرد، بەڵام كوردستان تا ئێستە یاسایەكی كۆنی كاری هەیە كە لەگەڵ بارودۆخی ئێستەدا ناگونجێت، جگەلەوەی یاسای دەستەبەری كۆمەڵایەتی و خانەنشنیی كرێكاران وەك خۆی جێبەجێ‌ نەكراوە. لەرووی كۆمەڵایەتیشەوە بەهۆی تەنگژەی دارایی و وەستانی پڕۆژەكانەوە، ژمارەیەكی بەرفرەوان لە كرێكاران بێكار كەوتوون و ئەوەش كاردانەوەی نەرێنی لەسەر ژیانیان دروست كردووە.

بۆچی یاسای دەستەبەری كۆمەڵایەتی و خانەنشنیی كرێكاران جێبەجێ‌ نەكرا؟
ئەو یاسایە لە 2012دا هەموار كرایەوە، ئامانجەكە ئەوە بوو كە كرێكارانی رۆژانە بگرێتەوە، بەڵام پەرلەمان و حكوومەت سەركەوتوو نەبوون لە بەدیهێنانی ئامانجەكە و تا ئێستەش كرێكارانی رۆژانە سوودمەندی ئەو یاسایە نەبوون، بەو هۆیەوە كە كرێكاری رۆژانە خاوەنكاری دیار نییە، چونكە بەپێی یاسایەكە خاوەنكار رێژەی 12% و كرێكارەكە رێژەی 5%ی مووچەكەی وەك دەستەبەری دەدات، بەڵام كە خاوەنكار دیار نەبوو، ئەو رێژەی 12%یە نادرێت، لەو ساڵانەدا چەند پێشنیازێك بۆ حكوومەت كران، وەك ئەوەی حكوومەت بەرپرسیارێتی رێژەی 12%یەكە هەڵبگرێت، بەڵام پێشنیازەكان رەت كرانەوە. هۆی جێبەجێ‌ نەكردنی یاساكە لە بنەڕەتدا ئەوەیە كە نابێت یاسای دەستەبەری كۆمەڵایەتی بەشێوەیەكی بەشەكی و سنووردار هەموار بكرێتەوە، بەڵكو دەبێت یاسایەكی نوێ‌ دەربكرێت كە لەگەڵ واقیعی ئێستەدا بگونجێت، بەتایبەت كە ئێستە دەیان هەزار كرێكاری رۆژانە هیچ دەستەبەریی و خانەنشینییەكیان نییە.

بەهۆی راگرتنی پڕۆژەكانی وەبەرهێنان و چالاكییە ئابوورییەكان بەگشتی رێژەی بێكاری هەڵكشاوە، بەڵام ئامارێكی ورد لەبارەی بێكاربوونی كرێكاران و هێزی كارەوە هەیە؟
هەریەك لە وەزارەتی كار و وەزارەتی پلاندانانی كوردستان لەگەڵ وەزارەتی كار و پلاندانانی عێراق ژمارەی جیاوازیان راگەیاندووە، بەڵام ئەو زانیارییانە ورد و دروست نین، چونكە پاڵپشت بە رووپێوێكی بەرفرەوانی واقیعی ئامادە نەكراون، بەڵام بە بەڵگەی ئەوەی كە بەهۆی تەنگژەی دارایییەوە، هەزاران كارگە داخراون، هەزاران پڕۆژەی جیاجیا وەستاون و سەتان كۆمپانیا و بەڵێندەر هەڵوەشاونەتەوە و وازیان لە كاركردن هێناوە، سەتان هەزار كرێكار بەو هۆیەوە بێكار كەوتوون، ئەوە جگە لە بێكاربوونی هەزاران هێزی كار كە لە دەرچووانی زانكۆ و پەیمانگەكان پێك دێن و بەهۆی تەنگژەكەوە كارێكیان نییە.

ئایا قوربانییانی كار روو لە هەڵكشان یان داكشان چووە؟
ژمارەی قوربانییانی كار روو لە داكشان نییە، بۆ نموونە لە سەرەتای ئەمساڵەوە تا ئێستە 16 كرێكار لە سنووری پارێزگای سلێمانی گیانیان لەدەست داوە، ئەگەر ژمارەكە بەراورد بكەین بە ژمارەی قوربانییانی ساڵی رابردوو، ئەوە كەمبوونەوە هەیە، بەڵام لەراستیدا كەمبوونەوەی قوربانییانی كار پێوەندی بە كەمبوونەوەی پڕۆژەكانی كاركردنەوە هەیە، بەدڵنیایییەوە هەر كاتێك پڕۆژەی كاركردن نەبوو، رووداوی كار كەم دەبێتەوە، كەواتە كەمبوونەوەی ئەو ژمارەیە مانای كەمبوونەوەی رووداوەكانی كار نییە.

سەندیكاكانی كرێكاریی لە كوردستاندا بەگشتی توانیویانە رۆڵی خۆیان بگێڕن؟
وەك سەندیكای كرێكارانی بیناسازی، ئەوەندەی لە دەستمان هاتبێت، رۆڵی خۆمان گێڕاوە لە پاراستنی ماف و داكۆكی لە كرێكار، بەڵام بەگشتی بزاڤی سەندیكایی لە كوردستاندا وەك پێویست داكۆكیكار نییە و نەیتوانیوە وەك پێویست رۆڵی خۆی بگێڕێت.

هۆكارەكەی بۆچی دەگەڕێتەوە؟
چەند هۆكارێكی كاریگەر هەن، بۆ نموونە، لاوازی سەندیكاكان لەڕووی تواناكانی مرۆیی و توانای مادییەوە، وای كردووە كاریگەریی سەندیكا كرێكارییەكان كەم ببێتەوە. هاوكات نەبوونی یاسای پێشكەوتوو بۆ رێكخستنی كاری سەندیكایی و نەبوونی یاسای نوێی كار و هەروەك لاوازیی بنەمای كاری دیموكراسی لە كوردستاندا و بەتەنگنەهاتنی حكوومەت و لایەنە پێوەندیدارەكان بەرامبەر بە داخوازییەكانی كرێكاران، لەماوەی ئەو كابینەیەی حكوومەتدا بەتایبەت حكوومەت و پەرلەمانی كوردستان لە ئاست داخوازییەكانی كرێكاراندا نەبوون، پەرلەمان و حكوومەت لەو ماوەیەدا زیاتر خەریكی ململانێی حزبی و دابینكردنی بودجەی حزب بوون و سەرنجیان لەسەر بارودۆخی كۆمەڵایەتی نەبوو، بەڵكو ئەو ناكۆكی و ململانێ‌ سیاسییەی ناو حكوومەت و پەرلەمان هۆكار بوو لەوەی بارودۆخەكە ئەوەندەی تر خراپ ببێت. 


وشە - ڕێبین فه‌تاح