بێخاڵ لەلایەن مێردی پوورزاكەیەوە دووجار سكپڕ كراوە

:: PM:03:42:04/07/2018 ‌
ژنێكی تەمەن 25 ساڵ، دانیشتووی هەولێر و خەڵكی یەكێك لە شارۆكەكانی سەر بە پارێزگای سلێمانییە، شەش ساڵی زانكۆ لە بەشە ناوخۆیی لەگەڵ گەورەترین ئازار و كێشەدا بەسەر دەبات.

بێخاڵ ئەو ژنەیە كە لە تەمەنێكی هەرزەكارییەوە دەكەوێتە خۆشەویستی هاوسەری كچی پوورەكەی، لە چەند قسەكردنێكی سادە و هەستێكی هەرزەكارانەوە، ئەو خۆشەویستییە سەر دەكێشێت بۆ پێوەندییەكی قوڵ دوور و درێژ، بەڵام پڕاوپڕ لە ناپاكی، تا ئەو كاتەی بێخاڵ دەچێتە زانكۆ و لوقمان كە خۆشەویستیەتی و هاوسەری كچی پووریەتی دەیكات بەژن و پێوەندییە نهێنییەكەیان بۆ شەش ساڵی زانكۆ بەردەوام دەبێت. لەو ماوەیەشدا دووجار دووگیان دەبێت جارێك لەباری دەبات و جارێكی تر دەبێتە مۆتەكەی ژیانی.

بێخاڵ ئێستە نازانێت خۆزگە بەكام كاتی تەمەنی بخوازێت، چونكە وەك خۆی باسی دەكات، لەوەتەی بیریدێ ئالوودەی خۆشەویستی پیاوێك بووە كە هەر ڕۆژە و بەجۆرێك تووشی نەهامەتی دەكات، نایشارێتەوە كە هۆكاری سەرەكی نەهامەتییەكان خۆی و بێباكی خێزانەكەی بووە، ئەو ئێستە لەگەڵ منداڵەكەیدا بە تەنیا لە هەولێر دەژیت وەك خۆی ئاماژەی پێ دەكات ژیانێك كە مردن هەزار جار باشترە.

بێخاڵ باسی چیرۆكی تاڵی لەگەڵ لوقمان بۆ "وشە" دەكات و دەڵێت، ئەوەی بەسەر من هات پەندێكە پێویستە هەموو كچێك دەرسی لێ وەربگرێت.

چیرۆكەكە لێرەوە دەست پێ دەكات، "هەر لە تەمەنی 14 و 15 ساڵی كە سەرەتای هاوسەرگیریان بوو لەگەڵ پوورزاكەمدا، من خۆشمویست، بەڵام ئەوكات سەرەتای هەرزەكاریم بوون، بیرم لە زۆر شت نەكردبووەوە و ئەو هەر لەو كاتەوە ئەو هەستە منداڵانەی منی خراپ بەكار هێنا و خستمییە ژێر ڕكێفی خۆی و هەموو ژیانم بووبوو بەو لەو كاتەوە فێری كردم درۆ لەگەڵ ماڵەوە بكەم. تاوان تەنیا ئەو نەبوو، بەڵكو هەموو دەوروبەرەكەم تاوانبار بوون، چونكە لەبەر چاوی ئەوان من لە خشتە برام". بێخاڵ وا دەڵێ‌.

زیاتر گوتی، لە زانكۆ لە بەشی ئەندازیاری وەرگیرام چوار ساڵی زانكۆ نەمتوانی سەركەوتووبم، هەر ساڵێكم بە دوو ساڵ بڕی و دواتر وازم هێنا، لە قۆناغی یەكەم بووم دووگیان بووم، لەبارمان برد، دواتر لە قۆناغی سێ دووبارە دووگیان بوومەوە، ئەو جارە نەمتوانی لەباری ببەم، چونكە پزیشك گوتی ئەگەر لەباری ببەی دەمریت، یا جارێكی تر ناتوانی منداڵ دروست بكەی، ئەو هەڵانەی كە لەگەڵ پیاوێكدا بە هەزار درۆ و تەڵەكەبازی دەمانكرد بۆی مانگی جارێك بگاتە لام خستمییە بەردەم دیواری مەرگ.

لوقمان لەوكاتەدا دەیەوێت واز لە بێخاڵ بهێنێت و دەڵێت ئەگەر ئاشكرای بكەی حاشا دەكەم، چونكە لوقمان خاوەنی خێزان و شەش منداڵ بووە نەیویستووە خێزانەكەی بشێوێن و لە ڕووی كۆمەڵایەتییەوە زیانی پێ بگات، بەڵام ئەوە ڕوو نادات و بێخاڵ لەلای دایك و خوشكەكانی باسی كێشە گەورەكەی خۆی دەكات.

بێخاڵ دەگێڕێتەوە "سكم پێنج مانگ بوو شاردبوومەوە وازم لە خوێندن هێنابوو، لەناو بەشە ناوخۆیی كەوتبووم ماڵەوەمان سێ مانگ منیان نەدی، هەر دەیانگوت وەرەوە دەمگوت لەبەر تاقیكردنەوە ناتوانم، ئەوكاتە كەسیان ئەركی نەكێشا بێن و ببینن كچەكەیان چۆنە؟. من شەش ساڵ لە زانكۆ و بەشە ناوخۆیی ژیانێك ژیاوم لە هەموو شتێك دەچوو لە ژیان نەدەچوو، لەتاو خۆم شەڕم بە هەموو كچەكان دەفرۆشت، بیرم نایەتەوە كچێك هەبێت و من شەڕم لەگەڵ نەكردبێت، كەس بە حاڵی منی نەدەزانی، منیش لە گێژاوێك بووم دەرگایەكی دەرچوونم نەدەدی بۆ دەربازبوون، هەموو ساڵێك یەكەم كەس بووم دەچوومەوە بەشە ناوخۆیی و دوا كەس بووم دەگەڕامەوە ماڵی باوكم.".

ئەو لە بەشێكی تری قسەكانیدا ڕوونی دەكاتەوە كە ماڵی باوكی بێباك لەوەی بزانن كچەكەیان چۆنە، بپرسن لە زانكۆ و بەشە ناوخۆیی چۆن دەژی. دەڵێت "تەنیا ئەو كاتە بیریان كەوتەوە كە ئەو ئابڕووچوونەم بردەوە هەریەكەیان بوونە پارێزەرێكی تایبەت و فەلسەفەی گەورەیان لێ دەدا، یەك هەفتە بەس بە قسەی سووك و لێدان من مامەوە لەژێر دەستی خوشكەكانم و دایكم، دواتر بابەتەكەم ئاشكرابوو هەرخوا ڕزگاری كردم لە دەستیان، ناهەقیان نەبوو وابكەن باجی ئابڕووچوون گرانە، بەڵام گرانتر ئاگابوون لە كچە لە ماڵدا".

چیرۆكەكەی بێخاڵ بە سوڵحی عەشایەری كۆتایی دێت بە جۆرێك سوڵحی عەشایەری دەكرێت چوار دەفتەر دۆلار دەدرێت بە ماڵی بێخاڵ و لەگەڵ لوقمانیش هاوسەرگیرییەكی بەزۆریان پێ دەكرێت، ئەو هاوسەرگیرییەی بێخاڵ ساڵانێكی دوور و درێژ خەوی پێوە بینیوە، ئێستە هیوا بۆ لەناوچوونی دەخوازێت، ئەو نایشارێتەوە كە خۆی هۆكاری سەرەكی بابەتەكانە، ئاماژەیش بەوە دەكات كە ئەو هەرگیز تەمەنای ژیانێكی لەو شێوەیەی نەكردووە كە لە خوێندن و كەسوكار ببێت و لە سەرووی هەمووشیان لوقمان چەند هەفتە جارێك سەردانیان دەكات و ئەو ئێستە بەتەنیا لەگەڵ منداڵەكەی دەژیت.

هەولێر/ئیڤان عەبدوڕەحمان

 



وشە - سه‌رخێڵ هاشم