خۆشەوی هیرانی: چۆن بتوانم گۆرانی بڵێم كە هاونیشتمانییەكانم لە كێشەدا بن

:: AM:11:36:06/12/2016 ‌

گۆرانیبێژی لاو خۆشەوی هیرانی كە لە ساڵی 2003دا یەكەم بەرهەمی بەناوی (هیرانی) تۆمار كرد، دواتر ئەلبوومێكی گۆرانیی بەناونیشانی (گریان) بڵاو كردەوە و تا ئێستەیش بەردەوامە لە كاری هونەری. جیا لەوەی گۆرانیبێژە، هاوكات شاعیرە و تا ئێستە تێكستی بۆ چەندان گۆرانیبێژ نووسیوە. "وشە" پێی باش بوو لەم دیمانەیەدا چەند پرسیارێكی هونەریی رووبەڕوو بكاتەوە.

بەر لە گۆرانیگوتن، شیعریشت دەنووسی و تێكستت داوەتە گۆرانیبێژە لاوەكان، ئەی چۆن بوو رووت لە گۆرانیگوتن كرد؟
هەمیشە لە ناخمدا وشەی رەنگاورەنگ هەبوون، دنیایەك لە خۆشەویستی دەورمیان دابوو، بۆیە تێكستم بۆ گۆرانییەكانی خۆم نووسی و وشەكانم بە ئاوازەكانی خۆم گرێ دەدا. ناتوانم بڵێم شیعرم نووسیوەتەوە، پێم وایە ئەوەی من نووسیومن تەنیا تێكستن و لە گۆرانی بترازێت بۆ خوێندنەوە ناشێن. من جگە لەوەی بۆ خۆمم كردوون، چەند ئاواز و تێكستێكیشم داوە بە گۆرانیبێژان، لەوانە هونەرمەندان هەڤاڵ شێخانی و لاڤە خان و كاروان كەریم و سەربەست ئاكۆیی.

حەز لە چ جۆرە ستایڵێكی گۆرانی دەكەیت، چونكە لە ئەلبوومی (گریان)دا زیاتر لە ستایڵێك هەیە؟
هیچ كات بە خەیاڵمدا نەدەهات رۆژیك لە رۆژان وەك گۆرانیبێژێك دەركەوم، هەرچەندە لە منداڵیشەوە لە بۆنە جیاجیاكان گۆرانیم دەگوت، ئەوانەی لێمەوە نزیك بوون داوای گۆرانییان لێ‌ دەكردم، بەڵام من پێم وابوو گۆرانیگوتن ئەوە نییە كە من دەیڵێم. دواجار لە سووتانی عیشق و گەورەبووندا تەواوی جەستەم رادەستی ناخ بوو  و ئیتر ئەوەی هەمبوو كرا بەوەی كە هەمە. راستە لە ئەلبوومی گۆرانییەكانمدا بە چەند ستایڵێك كارم كردووە، ئەویش هەستكردنم بوو بەوەی گوێگری ئێستەی موزیكی كوردی هەمە ستایڵە، ئێمەی گۆرانیبێژان دەبێت خۆراك بین بۆ هەواداران و لە ئاست ئەواندا بین. لە راستیدا حەز بە تەواوی ستایڵەكان دەكەم، بەڵام بۆ خۆم زیاتر بە ستایڵی ئەرەبیسك كار دەكەم. 

زیاتر حەز دەكەی لەگەڵ كام هونەرمەند كار بكەی؟
بۆ من ئەوانەی رژدن لە كارەكانیان و ماندوون بۆ سەرخستنی هونەر و موزیكی كوردی، حەز دەكەم لە پاڵیاندا بم و بەشێك بم لە كارەكانیان، جا گرینگ ئەوانە كێن.

لەناو گۆرانییەكانی تۆدا عەشقێكی جوان هەیە، ئایا لە دەرەوەی گۆرانیش ئەم عەشقە هەیە؟
مەرج نییە ئەوەی لە گۆرانییەكاندا هەن رەنگدانەوەی واقیعی گۆرانیبێژەكە بێت، چونكە ئێمە نابێت ئەوە لە بیر بكەین كە گۆرانیبیژ بە زمانی شاعیر قسە دەكات و گۆرانی دەڵێت، جا رەنگە عیشقی كەسێك یان ناخی بێدارێك لەسەر كاغەزێكی سپی نووسرابێت و ئێمەیش بیچڕین. بەڵێ‌ من دەمێكە كەوتوومەتە داوی عیشقی ئەبەدیی موزیك و گۆرانیی كوردی.

بۆچی ماوەیەكی زۆرە بێ دەنگی؟
ماوەیەك لە دەرەوەی وڵات بووم، لەوێشدا ئاسان نەبوو كارێك یان بەرهەمێك تۆمار بكەیت. ئەگەر نا چەند بەرهەمێكم دەمێكە ئامادەن، بەڵام هەڵمگرتوون بۆ دوای سەركەوتنەكانی پێشمەرگە و ئەو دۆخە نەخوازراوەی ئەمڕۆ نیشتمانەكەمان تێی كەوتووە. من چۆن بتوانم گۆرانی بڵێم كە هاونیشتمانییەكانم لە كێشە و جەنگدا بن، بۆیە كارەكانم بۆ دوای باشبوون و سەركەوتنەكانی پێشمەرگە دوا خستوون.

وشە/ هەورین نەجات






وشە - تایبه‌ت