ئایفۆنی 2019 چۆن دەبێ

:: AM:10:47:10/07/2018 ‌
میدیاكانی تەكنەلۆجیا بڵاویان كردەوە، كۆمپانیای ئەپڵ ئەو ڤێرژنەی ئایفۆن كە دەیەوێ لە 2019 بڵاوی بكاتەوە، زۆر جیاوازە و تایبەتمەندییەكانی لە هیچ یەكێك لە ڤێرژنەكانی ئێستە و پێشووی ئایفۆن بوونیان نییە.

میدیاكان دووپات لەوە دەكەنەوە، كە كۆمپانیای ئەپڵی ئەمەریكی و خاوەنی مۆبایلی زیرەكی ئایفۆن لەگەڵ كۆمپانیای "JSCK"ی ڕێككەوتووە، بۆ پەرەپێدانی هەستیاری تایبەت بە كامێرای ڤێرژنێكی نوێی ئایفۆن كە بڕیارە ساڵی داهاتوو بڵاو ببێتەوە، پێشبینی دەكرێ كامێرای ئەو ڤێرژنە نوێیەی ئایفۆن بەشێوەی 3D بتوانێ وێنە بگرێ و بە تەواوی لەگەڵ تەكنەلۆجیای خەیاڵی نزیك ببێتەوە.

شارەزایانی بواری تەكنەلۆجیا هێما بۆ ئەوە دەكەن، هەستەوەری زیاتر لە پێكهاتەی كامێرای ئایفۆنەكانی داهاتوو، بەجۆرێك دەبێ كە دەتوانێ لە دوورەوە هەست بە جەستەی خاوەنەكەی بكات و بیناسێتەوە.

ئەم هەنگاوەی ئەپڵ بۆ بەرەوپێشبردنی تایبەتمەندییەكانی ئایفۆن بۆ كێبەركێیە لەسەر داهاتووی بازاڕی مۆبایلە زیرەكەكان، چونكە ڕۆژ دوای ڕۆژ ڕكابەری نوێ و زیاتر بۆ ئەپڵ و سامسۆنگ پەیدا دەبن، كە بازاڕی مۆبایلی زیرەكیان كۆنتڕۆڵ كردووە، دوای ئەوەی كۆمپانیای هواوی چین مۆبایلێكی سێ هاوێنەیی بەرهەم دێنێت، ئەپڵ دەیەوێ بەم كارە پێش هواوی و سەرجەم كۆمپانیاكانی تر بكەوێتەوە.



وشە - باز ئه‌حمه‌د