لە چەند رۆژی رابردوودا لە ئەرجەنتین شوێنەواری دایناسۆرێكی گەورە دۆزرایەوە كە پێشبینی دەكرێت ئەوكات كێشی دایناسۆرەكە نۆ تۆن بووبێت. دایناسۆرەكە دەگەڕێتەوە قۆناغی تریاسیكی زەویناسی.
ئەوەی سەرنجی لێكۆڵەرەوان و توێژەرانی بۆ لای خۆی راكێشاوە ئەوەیە پێشتر لە هەمان قۆناغ ئێسكە پەیكەری دایناسۆر دۆزراوەتەوە، بەڵام هیچ كام لەو دۆزینەوانە تا ئەو ئاستە گەورە نەبوون و دەگوترێت ئەمەیان سێ هێندەی نموونەكانی پێشترە، بۆیە ناوی یەكەم زەبەلاحیان لە دایناسۆرەكە ناوە.
بەگوێرەی "
مێهرنیوز" قۆناغی تریاسیك بریتییە لە 200 تا 251 ملیۆن ساڵ لەمەوبەر. جیاوازی لە نێوان دایناسۆرەكاندا هەبووە و ئەوانەی رووەكخۆر بوون جەستەیان لە جۆرەكانی تری دایناسۆر گەورەتر بووە و هەر بە هۆی گەورەیی لەشیشیان لە بەرانبەر ئاژەڵەكانی تر بەرگرییان لە خۆیان كردووە.
زانایان دەڵێن دایناسۆرەكان سەرووی 160 ملیۆن ساڵ لەسەر زەوی ژیاون و تا 65 ملیۆن ساڵ لەمەوبەر هەر لەسەر زەوی ماون و دواتر سەرجەمیان لەناو چوون.
مرۆڤ دوای دۆزینەوەی ئێسكەپەیكەری دایناسۆر ویستوویەتی زیاتر لە رابردووی زەوی بزانێت و لەسەر بنەمای زانست و تیۆر و گریمانەكانیش دەیان فیلم بەرهەم هاتوون.