لە سۆران دەست بەسەر ژمارەیەك ئامێری قومار كردندا گیرا

لیژنەی ئابووری شارۆكەی سۆران، دەستی بەسەر ژمارەیەك ئامێری قوماركردنیدا گرت و چەند كافتریایەكیش سزا دران.
ئەمڕۆ چوارشەم 11ی تەمووز/ یۆلیۆ، كازم شێروانی بەرپرسی لیژنەی ئابووری سۆران بە "وشە"ی راگەیاند، بە مەبەستی نەهێشتنی كافتریای نایاسایی و شوێنی قوماركردن لە سۆران و دەوروبەری، هەڵمەتێك بە هاوئاهەنگی نووسینگەی نەهێشتنی تاوانی سۆران دەستی پێ كردووە و بەهۆی پابەند نەبوون بە یاسا و رێنوێنییەكان، پێنج كافتریا لە سۆران بۆ سزادان بانگهێشتی لیژنە كراون .
بەرپرسی لیژنەی ئابووری سۆران دەڵێت"هەر كافتریایەك پابەندی رێنوێنییەكان نەبووبێت، بانگهێشتی لیژنە كراون و بە 300 بۆ 400 هەزار دینار سزای دارایی دراون و بە دووبارەكردنەوەی سەرپێچییەكانیان شوێنەكە دادەخرێت.
سەرپێچی كافتریاكان پێكهاتووە لە هێنانی ژنانی بیانی بێ ئەوەی دەزگا تەناهییەكانی لێ ئاگادار بكەنەوە یامۆڵەتی كاركردنیان نەبێت.
ئەو بەرپرسە كارگێڕییەی شارۆكەی سۆران دەڵێت، لەناو چەند كافتریایەكی سۆران دوو كۆمپیوتەری قوماركردن و چەند ئامێرێكی قومار بە مۆبایل لەلایەن تیمەكانمانەوە دەستی بەسەردا گیراوە بەهۆی نەبوونی هیچ مۆڵەتێكی یاسایی و دۆسیەكەش ڕەوانە دادگا كراوە.
جاری یەكەم نییە لە سۆران دەست بەسەر ئامێری قوماركردندا دەگیرێت، ساڵی رابردوویش تیمەكانی نەهێشتنی تاوان و لیژنەی ئابووری لە سۆران دەستیان بەسەر زیاتر لە شەش ئامێری قوماركردندا گرت.
سۆران/ موڕشید برادۆستی
وشە -
سهرخێڵ هاشم