داهێنانێكی نوێ.. هەم فڕۆكەیە و هەم شەمەندەفەر

كۆمپانیایەكی فڕەنسی دیزاینی داهێنانێكی ناوازەی كردووە، ئەویش بەیەكەوە بەستنەوەی فڕۆكە و شەمەندەفەرە لە یەك بەرهەمدا، كە دەتوانێ هەم وەك شەمەندەفەرێك لەسەر زەوی بڕوات، هەمیش وەك فڕۆكەیەك بە ئاسمانەوە بفڕێت.

ئەو دیزاینە نوێیە كە بە شۆڕشێك لە بواری هاتوچۆ هەژمار دەكرێ، لەلایەن كۆمپانیای "ئاكا تەكنەلۆجیز"ی فڕەنسی خراوەتە ڕوو، دەتوانرێ باڵەكانی هەڵبگیرێتەوە، یان لێ بكرێتەوە لەو كاتەی  بەسەر وشكایی هاوشێوەی شەمەندەفەرێك بڕوات، دەچێتە سەر سكەی شەمەندەفەرەكان و وەك هەر شەمەندەفەرێكی تری ئاسایی دەتوانێ گەشت بكات.

كۆمپانیای "ئاكا" دەیەوێ لەگەڵ كۆمپانیای "بۆینگ"ی ئەمەریكی، دیزاین و پڕۆژە نوێكەی بە تەواوی بكاتە واقیع، لە لایەنی فڕۆكەوانییەوە كۆمەك و یارمەتی و هاوبەشی لە بۆینگی ئەمەریكی وەربگرێ، پڕۆژەكەیش بە ناوی "لینك ئەند فلای" ناو نراوە، وردەكارییەكەیشی بە گرتەیەكی ڤیدیۆی سێ ڕەهەندی بەرهەم هێنراوە.

هەوڵدان بۆ گەیشتن بە ڕێككەوتن لەگەڵ كۆمپانیای بۆینگ، لە كاتێكدایە كە ئەو كۆمپانیایە فڕەنسییە لەگەڵ كۆمپانیای ئایرباس و رۆنۆ هیچ هاوئاهەنگییەكی نەكردووە، لە كاتێكدا ئەوان كۆمپانیای وڵاتانی ئەوروپان و ئێستەیش ئەمەریكا و ئەوروپا لە گرژی ئابووری بەهێزدان.

مۆریس ریسی سەرۆكی جێبەجێكاری كۆمپانیاكە گوتی، دوای ئەوەی ئۆتۆمبێلی فڕیو و خۆكار و كارەبایی بەرهەم هێنران و خرانە بازاڕەوە، بیرمان لەوە كردەوە، شەمەندەفەری فڕیو دیزاین بكەین و هەوڵ بدەین بیهێنینە واقیعەوە.



وشە - باز ئه‌حمه‌د


AM:10:19:12/07/2018




ئه‌م بابه‌ته 895 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌