دواى بڵاوكردنه‌وه‌ى 11 كتێب له بوارى فیكر و مه‌عریفه‌ى ئاینى، چۆلى فایه‌ق یه‌كه‌م كارى ئه‌ده‌بى خۆى له شێوه‌ى یادنامه بڵاو ده‌كاته‌وه. له دیمانه‌یه‌كى كورتى له‌گه‌ڵ "وشه" چۆڵى باس له سه‌ركه‌وتنى كتێبه‌كه‌ى ده‌كات و ده‌ڵێ، "دوو ساڵ به‌وردى كارم له‌سه‌ر كردووه".
له ماوه‌ى رابردوودا كتێبێك به ناوى "فاتێ ئێوارانم بنووسه‌وه، كیژهى مرۆدۆست" له ناوه‌ندى ئه‌ندێشه بڵاو كرایه‌وه، قه‌باره‌ى كتێبه‌كه مامناوه‌ند و له 137 لاپه‌ڕه پێكهاتووه، نووسه‌رى كتێبه‌كه چۆلى فایه‌قه.
ئه‌و كتێَبه ده‌قێكى ئه‌ده‌بى كراوه‌یه باس له كچێكى یاخى ده‌كات و ته‌وه‌رى گرنگى ئه‌و كتێبه ئه‌و بیر و تێگه‌یشتنه باوانه‌ن كه له‌باره‌ى ئاینه‌وه هه‌ن، به‌شێوه‌یه‌كى هونه‌ری و به ته‌كنیكێكى تایبه‌ت بابهتهكان له كۆى رووداوه‌كانى پێوه‌سته به كاره‌كته‌رى سه‌ره‌كى ده‌قه‌كه "فاتێ" باس كراون و شوێنیان كراوه‌ته‌وه.
ئه‌وه‌ى تێبینى ده‌كرێت، ئه‌م تێكسته كۆمه‌ڵێك نووسینى ره‌خنه‌یى و هه‌واڵ و راپۆرتى له‌سه‌ر كراوه، نووسه‌ر بۆ "وشه" باسى له هۆكاره‌كانى سه‌ركه‌وتنى كتێبه‌كه‌ى كرد و گوتى، "پێشبینیم ده‌كرد له‌لایه‌ن خوێنه‌ران ئه‌و پێشوازییه‌ى لێ بكرێت، چونكه به‌ر له چاپ، بۆ ئه‌وه‌ى به ته‌واوه‌تى لێى دڵنیا ببمه‌وه، نیشانى چه‌ند هاوڕێیه‌كى نووسه‌ر و ڕه‌خنه‌گرم دا، ئه‌وان ئه‌م ده‌نگدانه‌وه‌یان لێ چاوه‌ڕێ ده‌كرد ".
هه‌رچه‌نده ناوى "چۆلى فایه‌ق" یه‌كه‌م جاره له‌سه‌ر كتێبێك ده‌نووسرێت، به‌ڵام نووسه‌رى ئه‌و كتێبه پێشتر به ناوى "عه‌بدوڵا عالایى" كۆمه‌ڵێك كارى له‌سه‌ر ره‌خنه‌ى فیكریى و خوێندنه‌وه‌ى مه‌عریفه‌ى ئاینى كردووه، ئه‌و كتێبانه‌ى تا ئێسته چاپى كردوون، 11 كتێبه.
چۆلى باسى له چه‌ند هۆكارێك كرد كه بوونه‌ته هۆى سه‌ركه‌وتنى كتێبه‌كه، ئه‌و هۆكارانه وه‌ك ئه‌و ده‌ڵێ "پێوه‌ندییان به شێواز و زمان و ناوه‌ڕۆكى تێكسته‌كه‌وه هه‌یه". زیاتر گوتى "به‌ر له هه‌ر شتێك، عیشق و شه‌یداییم بۆ ئه‌م ده‌قه. له ماوه‌ى دوو ساڵدا به‌وپه‌ڕى له‌سه‌رخۆیى و وردییه‌وه, پچڕ پچڕ كارم تێدا كردووه. هه‌ر كارێك به عیشقه‌وه بێت، به ڕێژه‌ییش بێت, هه‌ر سه‌ركه‌وتوو ده‌بێت".
دووه‌م هۆكار به‌لاى نووسه‌ره‌وه، ئه‌و زمانه‌یه كه ده‌قه‌كه‌ى پێ نووسراوه‌ته‌وه، زمانێك تێكه‌ڵ، به‌پێى كاره‌كته‌ره‌كانى ناو كتێبه‌كه دێته گۆڕین. چۆلى گوتى "زۆربه‌ى خوێنه‌ران به‌ر له ناوهڕۆك، ده‌ستخۆشى زمانه‌كه‌یان لێ كردووم. من به كوردییه‌كى ڕێزمانى ده‌نووسم، به‌ڵام كه له‌سه‌ر زارى كاره‌كته‌رێك ده‌دوێم، ڕێك به ئاست و تواناى زمانه‌وانى كه‌سه‌كه، به‌گوێره‌ى ناوچه‌كه‌ى خۆى ده‌دوێم".
"من كه له كتێبه‌كه له یه‌ك دوو شوێن له‌سه‌ر زارى چایچییهكى بن قه‌ڵات قسه ده‌كه‌م، نابێت به ئاستى زمانى خۆم گفتوگۆكانى بگوازمه‌وه، به‌ڵكو ڕێك زمانه میلی و بازاڕییهكهى ئه‌و داده‌نێمه‌وه. ئه‌وه‌یش له ئه‌ده‌بیاتى گێڕانه‌وه‌دا باوه، بگره هونه‌ر و ته‌كنیكیشه. له‌ناو عه‌ره‌بیشدا نه‌جیب مه‌حفووز له زۆر به‌رهه‌مه‌كانیدا واى كردووه" چۆلی وا ده‌ڵێ.
بوێرییه‌ك له هه‌ڵبژاردنى ناوه‌ڕۆكى كتێبه‌كه هه‌یه، ئه‌ویش تاوتوێكردن و باسكردنى ئه‌و بابه‌تانه‌یه كه كۆمه‌ڵگه باسكردنیان به "حه‌رام" ده‌زانێ، له خوێندنه‌وه‌ى تێكسته‌كه‌ى نووسه‌ر، پاشخانێكى قووڵى له مه‌عریفه‌ى ئاینى هه‌یه، هه‌رچه‌نده له‌سه‌ر زارى كاره‌كته‌ره‌كانه‌وه بۆ جوانى ده‌قه‌كه، ده‌ربڕینى بیرۆكه‌كان ساده كراونه‌ته‌وه.
چۆلى فایه‌ق له‌سه‌ر ناوه‌ڕۆكى كتێبه‌كه‌ى ئه‌وه‌ی خسته‌ڕوو كه "ده‌ستبردنه بۆ شتگه‌لێك مرۆڤ ناتوانێت ده‌ستبه‌رداریان بێت و ناشزانێت چۆن مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵدا بكات, ئه‌و كتێبه به جۆرێك له جۆره‌كان, شتێكه له ڕۆحانییه‌ت، به‌ڵام ئه‌و ڕۆحانییهتهى كه به‌شێك له توێژه‌ران به (ڕۆحانییهتى نادینى) تاریفى ده‌كه‌ن، به‌و مانایه‌ى تاكێك ده‌توانێت ڕۆحانى بێت، بێ ئه‌وه‌ى خۆى به یه‌ك ئاینى دیاریكراوه‌وه ببه‌ستێته‌وه.
به‌وه‌یش ده‌رفه‌تى دۆزینه‌وه‌ى گۆشه جیاوازه‌كانى ڕۆحانییهتى باشتر بۆ ده‌ڕه‌خسێت. ئیتر تاكى له‌م سه‌رده‌مه‌دا, به گشتى بۆشایى ڕۆحانییهتى هه‌یه".
هه‌رچه‌نده له‌سه‌ر كتێبه‌كه نووسراوه "یاداشت" ئه‌وانه‌ى له‌سه‌ر كتێبه‌كانیان نووسیوه، به‌ناوى جیاجیاى وه‌ك رۆمان، یادنامه، یاداشتى رۆژانه ناوى ده‌به‌ن، نووسه‌ر له‌باره‌ى ژانرى ده‌قه‌كه‌یه‌وه بۆچوونی خۆی دركاند، "خۆم زۆر به هه‌ڵبژاردنى ژانر سه‌رقاڵ ناكه‌م, به‌و مانهیهى پێڕه‌وى له‌و مه‌رج و ستایله بكه‌م كه ڕه‌خنه‌گران دایانناوه، (فاتێ) له فۆڕمى (یاداشته_رۆمان)دا نووسراوه, به زمانێكى شیعرى. له‌ناویشدا چه‌ند چیڕۆكێك هه‌یه. ستایل و سهبكهكهى نوێ و جیاوازه, ئه‌وه‌ى من ئاگه‌دارم له پێش فاتێ, به‌و ستایل و سه‌بكه, به‌رهه‌ممان نییه. شێوازه نوێیه‌كه‌ى, ڕۆڵى له سه‌ركه‌وتنیدا هه‌یه".
به‌شه‌كانى كتێبه‌كه به‌سه‌ر گێڕانه‌وه‌ى یاده‌كانى "57" رۆژ دابه‌ش كراوه، له‌و باره‌یه‌شه‌وه چۆلی گوتى، "ژماره 57ی ڕۆژه‌كه شتێكى مه‌عنه‌وییه, پێوه‌ندیى به 57 ساڵه‌ى باوكمه‌وه هه‌یه، كه ئه‌وسا بۆ ساڵێك و نیو من و ئه‌و له ئیسته‌نبوڵ ژیاین. ڕۆحى شاد. ژماره‌كه پێوه‌ندى به ته‌كنیكه‌وه نییه، شتێكى مه‌عنه‌وییه. به‌ڵام دابهشكردنكردنى كتێبه‌كه به‌سه‌ر ڕۆژه‌كان، ته‌كنیكه‌كه خۆیه‌تی".
وێڕاى زۆریى نووسینه‌كان كه له راگه‌یاندن و تۆڕه‌كانی كۆمه‌ڵایه‌تی بڵاو ده‌كرێته‌وه، نووسه‌رى "فاتێ ئێوارانم بنووسه‌وه" پێی وایه هێشتا دیوى تر ماوه له كتێبه‌كه قسه‌ى له‌سه‌ر بكرێت.