پوتین تۆپی مۆندیالی پێشكەش بە ترەمپ كرد

:: AM:09:20:17/07/2018 ‌

سەرۆكی رووسیا فلادیمێر پوتین لە پەراوێزی كۆنگرە رۆژنامەوانییەكەی دیداری هیلسینكی پایەتەختی فینلەندا تۆپێكی مۆندیالی 2018 كە وڵاتەكەی بەسەركەوتوویی مێوانداری كرد، پێشكەش بە دۆناڵد ترەمپی سەرۆكی ئەمەریكا كرد.

لە كۆنگرە رۆژنامەوانییەكەدا پوتین وەك دیارییەك تۆپێكی مۆندیالی پێشكەش بە ترەمپ كرد كە یەكشەمی رابردوو كۆتایی هات و تێیدا هەڵبژاردەی فڕەنسا بووە پاڵەوانی پاڵەوانیەتییەكە دوای ئەوەی لە یاریی كۆتاییدا بە ئەنجامی 4-2 گۆڵ لە هەڵبژاردەی كڕواتیای بردەوە.

لەبەرامبەریشدا ترەمپ سوپاسی دیارییە بەنرخەكەی پوتینی كرد و جەختیشی كردەوە كە دڵنیایە وڵاتەكەی لە مۆندیالی 2026 لەگەڵ وڵاتانی مەكسیك و كەنەدا وەك رووسیا دەتوانن باشترین مێوانداریكردنی مۆندیال ئەنجام بدەن.

سەرۆكی ئەمەریكا دیارییە بە نرخەكەی لە پوتین وەرگرت و دای بە میلانیای خێزانی كە لە تەكی دانیشتبوو و جەختیشی كردەوە كە كاتێك گەڕایەوە ئەمەریكا تۆپەكە دەدات بە باڕۆنی كوڕە بچووكی.




وشە - ئامانج ئه‌كره‌م