پاریس لە فرۆشتنی نیمار نەرمی دەنوێنێ

:: PM:01:16:19/07/2018 ‌

زانیارییە میدیاییەكان ئاشكرای دەكەن كە یانەی پاریس سان جێرمانی فڕەنسی بۆ لەمەودوا لە فرۆشتنی ئەستێرە بەڕازیلییەكەی نیمار دا سیلڤا نەرمی دەنوێنێ بەتایبەتی بۆ یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی.

بەم دواییە دەنگۆی ئەوە هەبوو كە سەرۆكایەتی یانەی ریال مەدرید بۆ پڕكردنەوەی شوێنی كریستیانۆ رۆناڵدۆ هەوڵی گرێبەستكردن لەگەڵ نیمار دەدات، بەڵام یانەكە لە كاتی بەڕێوەچوونی یارییەكانی مۆندیالی 2018ی رووسیا هەموو ئەو دەنگۆیانەی رەت كردەوە.

لای خۆیەوە رۆژنامەی (مۆندۆ دیپۆرتیڤۆ)ی ئیسپانی ئاشكرای كرد: یانەی پاریس سان جێرمان بەفەرمانی ناسڕ خەلیفی سەرۆك لە ماوەی گواستنەوەی ئێستای یاریزاناندا ڤیتۆی لەسەر نیمار هەڵگرتووە و بۆ هەموو یانەیەك فەراهمە ئەگەر هەوڵی كڕینی بدات.

سەرچاوەكە جەختیشی كردەوە كە خەلیفی تا ئێستا دوودڵە لە دەستبەرداربوونی نیمار، بەڵام ئەگەر ناچاری فرۆشتنی بوو ئەوا بە كەمتر لە 200 ملیۆن یۆرۆ نایفرۆشێتەوە دوای ئەوەی هاوینی رابردوو بە 220 ملیۆن یۆرۆ لە یانەی بەرشەلۆنەی كڕی.

ئەمە وای كردووە یانەی ریال مەدرید دووبارە پێداچوونەوە بە پلانەكانی بكاتەوە بۆ گرێبەستكردن لەگەڵ نیمار بەتایبەتی كە فلۆرنتینۆ پێرێزی سەرۆك یەكێكە لە هەوادارانی ئەستێرەكە و بە ئاستی یاریكردنی سەرسامە.

رۆژنامەكە ئاشكراشی كرد كە سەرجەم یاریزانانی یانەی پاریس سان جێرمان قابیلی فرۆشتنن، تەنیا كیلیان مباپێی هێرشبەری لاوی یانەكە بەفەرمانی خەلیفی هێڵی سوورە و بەهیچ شێوەیەك قابیلی دەستلێدان نییە.




وشە - ئامانج ئه‌كره‌م