رێواس ئه‌حمه‌د له ڕۆمانى "له ئامێزم بگره" به‌شێوازێكى هونه‌ریى رۆمانێكى ئاوێته‌بوو به واقیع، به‌سه‌رهاتى ژنه‌كان ده‌گێڕێته‌وه. له‌باره‌ى واده‌ى نووسینى ڕۆمانه‌كه ده‌ڵێ، "زۆربه‌ى به‌شه‌كانى ئه‌م رۆمانه‌م له دوورگه‌یه‌كى یۆنان له نزیك په‌یكه‌رى ئه‌فرۆدیت نووسیوه‌ته‌وه".
رێواس ئه‌حمه‌د بانیخێڵانى ژنه نووسه‌ر و ڕۆماننووسی كورد، تا ئێسته كۆمه‌ڵێك رۆمانى بڵاو كردوونه‌ته‌وه، ئه‌گه‌رچى به‌قه‌باره كورتن، به‌ڵام چه‌ند تایبه‌تمه‌ندییه‌كى هه‌یه له‌وانه: ساده له ده‌ربڕین، بوێر له گوتن، نزیكبوون له واقیع. ئه‌م سێ خه‌سڵه‌ته وا ده‌كات رۆمانه‌كانى رێواس له به‌رهه‌مى ژنانى تر جیا بكرێته‌وه.
یه‌كێك له ڕۆمانه‌كانى رێواس ناوێكى ساده‌ى هه‌یه ئه‌ویش "له ئامێزم بگره" وه‌ك له پێشه‌كییه‌كه‌ى ئاماژه‌ى بۆ كراوه، هه‌مان كاره‌كته‌رى ڕۆمانى ژن له‌م رۆمانه‌دا دووباره كراونه‌ته‌وه، نووسه‌ر له 96 لاپه‌ڕه‌دا به‌رده‌وام ده‌بێت له‌سه‌ر گێڕانه‌وه‌ى به‌سه‌رهاتى ژنه‌كان.
كاره‌كته‌رى سه‌ره‌كیى رۆمانه‌كه ناوى "هه‌تاو"ـه، ژنێكى كوردى هه‌رێمى كوردستان كه له سوێد نیشته‌جێیه، ئه‌و ژنه ته‌نیا خه‌ڵكى وڵاتێك نییه كه جیۆگرافیاكه‌ى دابه‌ش بووبێت، به‌ڵكو ناسنامه‌ى كۆمه‌ڵایه‌تى و هه‌موو حه‌ز و ئاره‌زووه‌كانیشى دابه‌ش بووه.
سه‌ربورده‌ى ئه‌و ژنه به‌سه‌ر كۆمه‌ڵێك كاره‌سات دابه‌ش ده‌بێت، به‌هۆى پێشمه‌رگایه‌تى له خۆشه‌ویسته‌كه‌ى داده‌بڕێت، به‌هۆى پاره و هه‌نده‌رانه‌وه شوو به كه‌سێك ده‌كات كه خۆشى ناوێ، به‌هۆى خۆشه‌ویستى بۆ پیاوێكى سوێدى له مێرده‌كه‌ى جیا ده‌بێته‌وه، به‌هۆى ئه‌وه‌ى به "قه‌حپه" ناو ده‌برێت گوایه به‌دواى پیاوێكى سویدی كه‌وتووه، له هه‌واڵى دایكى دابڕاوه، منداڵێكى له پیاوه‌كه سویدییه‌كه هه‌یه، له‌لایه‌ن كه‌سوكار و مێرده كۆنه‌كه‌ى هه‌ڕه‌شه‌ى كوشتنى له‌سه‌ره، دۆستى دێرینى كه به‌هۆى پێشمه‌رگایه‌تى لێى دابڕاوه ده‌گه‌ڕێته‌وه ناو ژیانى.
هه‌موو ئه‌مانه وا ده‌كه‌ن ئه‌و ژنه بیر له نووسینه‌وه‌ى ئه‌و به‌سه‌رهاتانه بكاته‌وه، نه‌ك ته‌نیا خۆى، به‌ڵكو به‌سه‌رهاتى ژنانى تریش ده‌گێڕێته‌وه، چه‌ندان كاره‌كته‌رى تر له‌ناو ڕۆمانه‌كه هه‌ن كه باسیان لێوه ده‌كرێت و هه‌ریه‌كه‌یان شایه‌نى ئه‌وه‌ن سه‌ربورده‌یان بزانرێت. هه‌موو ئه‌مانه‌ش به زمانێكى هێمن نووسراونه‌ته‌وه، ئه‌مه له ئه‌ده‌بیاتى دنیا شتێكى نامۆ نییه، چونكه سه‌رجه‌م حیكایه‌ته‌كانى "هه‌زار و یه‌ك شه‌وه" له زمانى ژنه‌وه هاتووه‌ته گێڕانه‌وه.
زمانى پیاو له گێڕانه‌وه، زمانى ژن له گێڕانه‌وه، چ جیاوازییه‌كیان هه‌یه؟ رێواس له كۆتایی ڕۆمانه‌كه‌ى بابه‌تێكى كورتى نووسیوه و ده‌ڵێ، "له رۆمانه‌كه‌مدا ژنان زۆر به ڕاستگۆیی باسی ئازار و هه‌ست و نه‌ستی خۆیانیان كرد. ئه‌م ڕاستگۆییه محاڵه له‌ناو پیاواندا ببینرێ. پیاوه‌كانمان وه‌ك قوتوویه‌كی داخراو وان، ته‌نانه‌ت بۆ خۆشیان سه‌ری قوتووه‌كه ناكه‌نه‌وه. من زۆر هه‌وڵم داوه یارمه‌تی ئه‌و پیاوانه بده‌م كه بوونیان هه‌بووه له ژیانمدا تا خۆیان وه‌ك گوڵی به‌هاره بكه‌نه‌وه. له زۆربه‌ی هه‌وڵه‌كانمدا سه‌رنه‌كه‌وتم".
هه‌ر له‌م بابه‌ته‌دا له‌باره‌ى كاتى نووسینى رۆمانه‌كه‌وه رێواس نووسیویه‌تى، "لێتان ناشارمه‌وه زۆربه‌ی به‌شه‌كانی ئه‌م رۆمانه‌م له دوورگه‌یه‌كی یۆنان نووسیوه. ڕۆژێك به‌لای په‌یكه‌ری خواوه‌ندی خۆشه‌ویستی ئه‌فرۆدیتی كچی زێووس تێپه‌ڕیم. له به‌رده‌م په‌یكه‌ره‌كه‌دا وه‌ستام و بیرم كرده‌وه، ده‌بێت نهێنیی خۆشه‌ویستی چی بێت له ژیانماندا، ئاوا میهره‌بانی و ئارامیم بێ هیچ مه‌رجێ پێ ده‌به‌خشێ".
وه‌ك پێشتریش ئاماژه‌ى بۆ كرا، ئه‌و ڕِۆمانه نه‌ك ته‌نیا نزیكه له رووداوه راسته‌قینه‌كان، به‌ڵكو ئاوێته‌ى واقیعه، رێواس ئه‌حمه‌د خۆیشى له پێشه‌كى كتێبه‌كه‌ى ددانى به‌و راستییه‌دا ناوه و نووسیویه‌تى، "زۆرن ئه‌و ژنانه‌ی خۆشم ویستوون، زۆرن ئه‌و ژنانه‌ی دڵیان وه‌ك ئامێز بۆ كردوومه‌ته‌وه. له‌گه‌ڵیاندا گریام و پێكه‌نیم، له‌گه‌ڵیاندا ڕێی بیابانمان به‌ره‌و سه‌رابی خه‌ون گرته‌به‌ر. ئه‌وانه ژنانێكی دانسقه بوون، هه‌ر جاره‌ی یه‌كێكیان ئه‌فسانه‌ی خۆیانیان بۆ ده‌گێڕامه‌وه. منیش دانه به دانه‌ی ئه‌و ئه‌فسانانه‌م ده‌هۆنییه‌وه و ده‌مكردنه ملوانكه‌ی گه‌ردنی هۆشم".