راهێنەرە نوێیەكەی ریال مەدرید فەشەلی هێناوە

:: AM:11:51:22/07/2018 ‌

جولین لۆپێتێگی راهێنەری نوێی یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی فەشەلی هێناوە لە رازیكردنی مانەوەی بەشێك لە یاریزانان لە ریزی تیپەكەی بۆ وەرزی داهاتوو.

رۆژنامەی (ماركا)ی نزیك لە یانەی ریال مەدرید نموونەیەكی لە فەشەلی لۆپێتێگی هێنایەوە ئەویش ماتیۆ كۆڤاسیچی ئەستێرەی هێڵی ناوەڕاتسی كڕواتی.

لۆپێتێگی نەیتوانیوە كۆڤاسیچ رازی بكات دەستبەرداری بیرۆكەی جێهێشتنی یانەی شاهانە بێت كە لە كاتی بەڕێوەچوونی یارییەكانی مۆندیالی 2018ی رووسیادا رایگەیاندبوو.

بەگوێرەی سەرچاوەكە لۆپێتێگی هەینی رابردوو راستەوخۆ لەگەڵ كۆڤاسیچ كۆبووەتەوە و هەوڵێكی زۆری داوە رازی بكات واز لە بڕیاری رۆیشتن بێنێ، بەڵام ئەستێرە لاوەكەی كڕواتیا تا كۆتایی پێداگیری لە رۆیشتن كردۆتەوە.

هەرچەندە كۆڤاسیچ لە ماوەی 3 وەرزی رابردوودا لە ریزی یانەی ریال مەدرید ئاستێكی باشی پێشكەش كردبوو، بەڵام بەهۆی بوونی هەرسێ ئەستێرە كاسیمێڕۆ و كڕووس و مۆدریچ هەلێكی كەمی یاریكردنی لە پێكهاتەی سەرەكی پێدراوە.

لای خۆشیانەوە هەریەك لە یانەكانی مانچستەر سیتی و لێڤەرپوولی ئینگلیزی و بایرن میونشنی ئەڵمانی و یۆڤانتۆسی ئیتاڵی بەڵێنیان بە كۆڤاسیچ داوە هەلی زیاتری یاریكردنی پێ بدەن ئەگەر رازی بێت پەیوەندییان پێوە بكات.

بەگوێرەی زانیارییە رۆژنامەوانییەكانیش سەرۆكایەتی یانەی ریال مەدرید رازی دەبێت بە فرۆشتنی كۆڤاسیچ ئەگەر دەستەوارەیەكی لەسەرووی 50 ملیۆن یۆرۆوە پێشكەش بكرێ.

جێی باسە یانەی ریال مەدرید لەگەڵ هاتنی لۆپێتێگی لەم چەند رۆژەی دواییدا باشترین یاریزانی لەدەستدابوو كە ئەویش كریستیانۆ رۆناڵدۆی ئەستێرەی پورتوگالی بوو بۆ یانەی یۆڤانتۆسی ئیتاڵی، چاوەڕوانیش دەكرێ لەم هاوینەدا چەند ئەستێرەیەكی تریش لەدەست بدات لەوانە گاریس بێڵی ویڵزی و كایلۆر ناڤاسی گۆڵپارێزی كۆستاریكی.




وشە - ئامانج ئه‌كره‌م