ئێران هەفتەی یەكەمی سزاكانی چۆن بەڕێ كرد؟

:: PM:09:30:14/08/2018 ‌

لە یەكەم هەفتەی سەپاندنی سزاكانی ئەمەریكا بۆ سەر ئێران، تاران هەڵمەتی راگەیاندنی بەو ئاراستەیە چڕ كردەوە بەوەی ئاماژەی ئەرێنی هەیە لە باشتربوونی دۆخی ئابووری ئەو وڵاتە، كاتێك چەندان راپۆرت و شرۆڤە لە میدیاكانی ئێران لەو بارەوە بڵاو كرایەوە كە دەتوانرێت لە چوارچێوەی جەنگێكی دەروونی حسێبیان بۆ بكرێت، لەو كاتەی بە پێی چاودێران دابەزینی بەهای دراوی ئێران لە بەرانبەر دۆلاری ئەمەریكا بەردەوامە و نرخ بەرەو گرانییە و هەڵاوسانیش لە بەرزبوونەوەدایە. 

هاوكات دۆخێكی رەشبینی لەبارەی دواڕۆژی ئەو وڵاتە و كرانەوەی ئابووری بە رووی رۆژئاوا باڵی بەسەر تاراندا كێشا، ئەوەیش دوای پاشەكشەی زۆرێك لە كۆمپانیاكانی ئەوروپا لە ئێران، بۆیە وەك هەوڵێك بۆ گەیشتن بە پلانێكی سەركەوتوو بۆ خۆگونجاندن لەگەڵ دۆخی دارایی پڕ لە تەنگژەی ئەو وڵاتە، تاران لادانی وەلیوڵا سەیف پارێزگاری بانكی ناوەندی ئێرانی راگەیاند، هەروەها دادگە فرمانی گرتنی ژمارەیەك كەسایەتی بە تۆمەتی یاریكردن بە نرخی دراوەوە دەركرد لە نێوانیان گەورە بەرپرسێكی بانكی ناوەندی ئێران هەبوو بەناوی ئەحمەد عێراقچی.

پێش ماوەیەكی كەم لە راگەیاندنی یەكەم وەجبەی سزاكانی ئەمەریكا، بەهای دۆلار لە بەرانبەر تمەن ژمارەیەكی نوێی پێوانەیی لە دابەزین تۆمار كرد كە 110 هەزار ریال بۆ هەر دۆلارێك (11 هەزار تمەن بۆ هەر دۆلارێك)، ئەوەیش لاوازترین بەهای تمەنە لە بەرانبەر دۆلار لە مێژووی خۆیدا كە بەهۆی سیاسەتە ناوخۆییە هەڵەكان و دەستوەردان دەرەكییەكانی وای بەسەر هات، بۆیە حەسەن روحانی سەرۆكی ئێران تەنیا بژارەیەكی لەبەردەم بوو ئەویش رەوانەكردنی ئاماژە بەوەی بە پەلە كار بۆ چارەسەركردنی تەنگژەكە دەكات، رەنگە ئەوەیش بڕیارەكەی بە گۆڕینی پارێزگاری بانكی ناوەندی ئێران لێك بداتەوە.  

پێشبینی دەكرێت سزا نوێیەكانی ئەمەریكا بۆ سەر ئێران دەرگەی فرەوانی سەرچاوەی داهات و ئالوگۆڕی دراو لەسەر ئێران دابخات، هەروەها رێگری بكات لە دەستكەوتنی تەكنۆلۆجیا و كەرەستەی نوێ، بەڵام لەوە مەترسیدارتر و كاریگەرتر رێگری كردنە لە فرۆشتنی نەوتەكەی كە هەڕەشەی راستەوخۆ بۆ داڕمانی ئابووری ئەو وڵاتە و دروستكردنی هەژاندنێكی كۆمەڵایەتی و سیاسی كە ڕەنگە ببێتە سەرەتایەك بۆ رووخانی رژێمی سیاسی ئەو وڵاتە لە كۆتادا. 

ئێران بە كردەنی دەستی كردووە بە فیڵكردن لە سزاكانی ئەمەریكا بە رێگەی جیاواز، ئەو كاتەی محەمەد باقر نەوبەخت، سەرۆكی رێكخراوی پلاندانان و بودجەی ئێران 12 گورزی بۆ رووبەڕووبوونەوەی گەمارۆكانی ئەمەریكا پێشكەیش كرد و بانكی ناوەندی ئێرانیش داوای لە دەسەڵاتی دادوەری كرد ژمارەیەك گیراو لە دۆسیەی بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ و دراوی بیانی ئازاد بكات كە زۆرینەیان لەوانەن شارەزایی باشیان لە بازاڕی دراو و شێوازەكانی فیڵكردن لە سیستەمی داراییەكانی دنیادا هەبێت بۆ فیڵكردن لە سزاكانی سەر ئێران.  

هەروەها داوا لەوانە دەكرێت كە بازاڕی لاوەكی دراو چالاك بكەن كە بانكی ناوەندی ئێران لە چوارچێوەی پێشنیازە نوێكانی بۆ رێگرتن لە داڕمانی زیاتری بەهای تمەن خستییە روو و بە كردەنیش ئەو بازاڕە هاتە كردنەوە لە تاران و بە سەرپەرشتیی بانكی ناوەندی ئێران. 

هەروەها تاران رێوشوێنی تری بۆ رووبەڕووبوونەوە لە سزاكان وەرگرتووە لەوانە قەدەغەی هەناردنی 18 جۆر كاڵای كشتوكاڵی و پێڕەوكردنی پڕۆژەی " TIR"ی ئەلیكترۆنی لەلایەن فەرمانگەی گومرگەوە بۆ ئاسانكردنی پرۆسەی گواستنەوەی زەوینی بۆ زیاترین بڕی نەوت و پتڕۆكیمیایی و هەناردەی تری قەدەغەكراو بۆ وڵاتانی دراوسێ كە پێشبینی دەكرێت بە سەپاندنی سزاكانی ئەمەریكا پابەند نەبن وەك توركیا و عێراق و ئەفغانستان و پاكستان.

هەروەها راپۆرتەكان ئاماژە بۆ ئامادەیی تاران دەكەن بۆ دەست پێكردنی دەستەوارەی گۆڕینەوەی نەوت بە كاڵاكان و بۆ ئەو مەبەستەیش ئێران دەستی كردووە بە هەڵمەتێكی دیپلۆماسی بۆ گەڕان بەدوای هاوبەشی نوێی ئابووری و ئامادەیی پێشان داوە بۆ ئەوەی هەریەك لە چین و رووسیا و هیندستان مامەڵەی جیاوازیان بۆ بكرێت لە بوارەكانی بازرگانی و وەبەرهێنان لە ئێران.

هەروەها ئێران رێككەوتننێكی لەگەڵ رووسیا واژوو كردووە لە بواری بیمەیی و بەر لە سەپاندنی سزاكانیش كاری كردووە بۆ دامەزراندنی لقی بانكی (باسغارد)ی ئێرانی لە شاری بۆمبای هیندستان، هەروەها هەوڵی پتەوكردنی پێوەندییە ئابوورییەكانی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێی داوە.   

بە پێی ئاژانسەكانی هەواڵی ئێران عەبدولناسڕ هیمەتی، پارێزگاری نوێی بانكی ناوەندی ئێران لە 7ی ئەم مانگە گورزێك پێشنیازی بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ بازاڕی دراو خستە روو وەك نەخشەرێگەیەك بۆ دەربازكردنی وڵات لەو تەنگژەیە كە مەبەستی سەرەكی رێگرتنە لە داڕمانی زیاتری بەهای تمەن لە بەرانبەر دۆلاری ئەمەریكایی و دراوەكانی تریش، هاوكات بۆ رووبەڕووبوونەوەی سزاكانیشە لەبارەی رێگرتن لە ئالوگۆڕی دۆلار و زێڕ لەگەڵ ئێرانەوە. 

بە كورتی بیرۆكەی ئەو پێشنیازە بریتییە لە دامەزراندنی بازاڕێكی لاوەكی دراو لە ئێران بە هاوشێوەی بۆرسەی ئالوگۆڕی دراو بەتایبەتی دۆلار، دووبارە كاراكردنەوەی كۆمپانیاكانی ئالوگۆڕی دراو بە چاودێری بانكی ناوەندی و نابێت زیاتر لە سێ رۆژ دراو لای خۆیان گل بدەنەوە، گەڕاندنەوەی سوودی پارەی دانراو بە دۆلار لە بانكەكان بە دۆلار یان بە بەهاكەی و بە نرخی بازاڕ، نەوەك نرخی فەرمی و ئازادكردنی هێنانی دراو زێڕ بۆ ناو ئێران و بی خستەسەری باج. 

سەرچاوە/ حەفریات

 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل