"ئیسلامیی توندڕۆ کاریگەریی هەبووە لەسەر دیدی خەڵک بۆ رەوتە ئیسلامییەکان"

:: AM:10:12:15/08/2018 ‌

کارگێڕی ئەنجوومەنى جێبەجێکردنى یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان، باس لە کۆمەڵێک فاکتەر دەکات کە گەشەى رەوتى ئیسلامی لە کوردستان لەناویاندا یەکگرتووی ئیسلامی لە دیوە سیاسییەکەی سست کردووە و دەڵێ "بڕوایەک لەناو یەکگرتوو دروست بووە، بایکۆتی پرۆسەى سیاسیی بکەین". 

سەمیر سەلیم کە ماوەیەکی زۆرە دیمانەى لەگەڵ هیچ میدیایەکی کوردی نەکردووە، لەو دیمانەیەدا لەگەڵ "وشە" قسە لەسەر چەندان تەوەر دەکات هەر لە دۆخی ناوخۆی حزبەکەی تا دەگات بە هۆکاری بەستنى هاوپەیمانى لەگەڵ بزووتنەوەى ئیسلامی و نەهاتنە پێشەوەی گۆڕان و کۆمەڵی ئیسلامی تا دەگات بە پرسی هەڵبژاردن و بژاردەى بوون بە ئۆپۆزسیۆن. ئەوەش نایشارێتەوە "چوار ساڵى رابردوو گوشاری زۆرمان لەسەر بوو بەهۆی تەمومژی ئیسلامی توندەڕۆ لەوانە داعش، هەروەها ئیرهابی فیکری لە میدیاکانەوە بۆ سەرمان، هۆکار بوون لە سستبوونى گەشەى یەکگرتوو".

هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان بڕیارە لە 30ی ئەیلوول بەڕێوە بچێ، دۆخی ناوخۆی یەکگرتوو ئامادەیە بۆ ئەو هەڵبژاردنە تا بتوانێت بە لایەنى کەمەوە دەنگەکانى کە کەمیی کردووە، بیگەڕێنێتەوە قەبارەى خۆی؟
یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان بەشێکە لەو واقیعەی هەرێمى کوردستان پێیدا دەڕوات، ئەو کێشە و گرفتانەى بەرۆکی هەرێمى کوردستانی گرتووە، بەرۆکی یەکگرتوویشی گرتووە، یەکێک لەو دۆخانە رووداوەکانى دواى ریفڕاندۆمە کە هێشتا بەشێکی ماوە، دووەم، هەڵبژاردنى پەرلەمانى عێراق، دەکرا بکرێت بە وێستگەیەک بۆ یەکخستنەوەی یەکڕیزی و متمانە، بە دڵنیایییەوە بێ کاریگەری نەبووە بەسەر یەکگرتووەوە، بەڵام یەکگرتوو حزبی هەڵبژاردن نییە تا بە هەڵبژاردنێک بپووکێتەوە، بەڵکو جووڵانەوەیەکی کۆمەڵایەتییە بە کولتوورێکی ئیسلامی کە گەورەترە لە پڕۆژەیەکی سیاسی، بۆیە نە پاشەکشە دەکات نە شکست دێنێت، بەڵام ئێمە نەوەیەکمان بەرهەم هێناوە بە کەم رازی نییە و ویستیشی زۆرە و دۆخەکە نادیدە ناگرن، ئەمە وایکردووە لێرە و لەوێ گرفت دروست ببێت.

کەواتە نەوە نوێیەکە کێشەى بۆ دروست کردوون، لە نێوان هەردوو هەڵبژاردن کە چوار مانگە، چیتان کردووە بۆ ئەوەى جەماوەرتان زیاتر لێ نائومێد نەبێت؟
جەماوەر لە یەکگرتوو نائومێد نەبووە، بەڵکو لەو دۆخە نائومێد بووە کە دوو حزبی دەسەڵات کەشوهەوایەکی خنکێنەریان بەرهەم هێناوە و پێیان وایە بەهۆی ئەو پاڵپشتییە نێودەوڵەتییەى هەیانە، بەهۆی هاوئاهەنگی سیاسی و تەناهی لە ئاستی هەرێمایەتى، خەڵکەکە لەوە نائومێد بووە نەک ئێمە. نائومێدییەکە لەوێوەیە کە ئەو حزبانەى دەسەڵات لە هیچ شتێک سڵ ناکەنەوە، نە خاڵی نەگۆڕیی نیشتمانى و نە نەتەوەیی نەماوە، تەنانەت ئەخلاقیش نەماوە، مامەڵە لەگەڵ داگیرکەران دەکەن، ئەو وڵاتە یەکێکە لە سیما هەرە دیارەکانى دەسەڵاتی کوردی.

بەڵام خەڵک دەنگ بەوان دەدەن و بە ئێوە نایدەن؟
خەڵک لەژێر کارتێکەرەکانى بژێوی و ترس و بەرژەوەندی، بڕیار وەردەگرێت.

لە پاڵ ئەو هەموو تێگەیشتنەی هەتانە، ئامادەکاری چیتان کردووە بۆ هەڵبژاردن؟
یەکگرتوو حزبێکە کار لەسەر پەروەردەکردنى تاک دەکات، پێی وایە کە واقیع خراپ بووە، مرۆڤ تێکی داوە، بۆیە دەبێت هەر مرۆڤ چاکی بکاتەوە لە رێى هۆشیارکردنەوەوە، دووبارەى دەکەمەوە یەکگرتوو بە ئەنجامی هەڵبژاردن کۆتایی نایەت.

کەواتە ئامادەکاریتان کردووە و دەنگتان زیاد دەکات؟
هەڵبژاردنى 12ى ئایار بۆ نائومێدکردنى خەڵک بوو، نایەڵین ئەو سیاسەتە سەرکەوتوو بێت، جموجۆڵێکی کۆمەڵایەتى ماڵەوماڵمان دەست پێ کردووە.

بەشداری لە کوردستان 40% بوو، وا حیساب دەکرێت 60%ـەکە دەنگی ناڕازی بێت، چیتان کردووە تا خەڵک ئەمجارە بچێتە دەنگدان؟
ئەوەى نەچووەتە دەنگدان ئۆپۆزسیۆن نەبوون، بەڵام کۆمسیۆن زوو فریای هەردوو پارتى دەسەڵات کەوت. یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان بەپێى لێکدانەوەیەکی ئاماری کۆمپیوتەری 65%ی دەنگەکانى دزراوە، خۆیشیان یەقینیان هەیە و نەتەوە یەکگرتووەکانیش دەزانێت کە پارتە فەرمانڕەواکان نەیانتوانی نیوەی دەنگی خۆیشیان بهێنن. بەڵگەمان هەیە لە سلێمانى باڕکۆد هەیە 20 دەنگی بۆ یەک کاندید پێ دراوە، بۆیە لایەنگیری دادگە و کۆمسیۆن بۆ بەرژەوەندی حزبی دەسەڵات، ماناى ئەوە نییە ساختەکاری نەکراوە.

زۆرباشە.. هەوڵتان داوە سەرکردەکانى چوونە پاڵ هاوپەیمانى یان ئەوانەى لە ماڵەوە لێی دانیشتوون، بیانگەڕێننەوە؟
بەشێکیان هەوڵیان داوە بگەڕێنەوە و دەزانن ئەزموونەکە سەرکەوتوو نەبوو، لای ئێمەش هەوڵی جۆراوجۆر هەبووە، بەڵام بە ژمارە لە بەردەستم نییە کە چەندن ئەوانەی گەڕاونەتەوە.

کاتى خۆی قسەى لەسەر کرا کە ئەوان یەکێک بوون لە هۆکارەکانى کەمکردنەوەى دەنگی یەکگرتوو؟
نەخێر ئەوان هۆکار نەبوون، چونکە هیچ کام لەوانە نەیانتوانیوە رێکخستنەکانى یەکگرتوو لەگەڵ خۆی ببات، چونکە لەناو یەکگرتوو تەکەتول نییە، جا ئەگەر ئەو کەسە لە لووتکەى دەسەڵاتیش بووبێت.

بۆ هەڵبژاردنى پەرلەمانی کوردستان بەرەى ئیسڵاحتان لەگەڵ بزووتنەوە راگەیاند، ئەمە بۆ؟
شەقامی گشتى و شەقامی ئیسلامی داواکاری هەبوو کە حزبە ناڕازییەکان بەیەک لیست دابەزن، ئێمە ئامادەییمان دەربڕی تەنانەت بۆ بزووتنەوەى گۆڕانیش، بەڵام ئەوان نەهاتنە پێشەوە و ئامادەیییان نەبوو.

بۆچوونێک هەیە پێی وایە یەکگرتوو دەیەوێت شکستەکەی بشارێتەوە لە هەڵبژاردنى پەرلەمانی عێراق؟
دوور لە پرسیارەکەت، ئەمە خوێندنەوەیەکی بێ مانایە، چونکە ئەنجامی هەڵبژاردن کەس ددانى پێدا نانێت. تەنانەت پارتى دەڵێ لە سلێمانى ساختەکاریم لێ کراوە. یەکێتیش دەڵێ لە هەولێر و دهۆک، بۆیە ماڵ دزراو شکستی نەهێناوە و دەزانین کێ دەنگەکانمانی دزیوە و چۆنیش دزیویەتى. جگە لەمە گۆڕانکاری گەورە بەڕێوەیە، بەتایبەت دواى کشانەوەى ئەمەریکا لە رێککەوتنی ناوەکی لەگەڵ ئێران کە کاریگەری لەسەر نەخشەى سیاسیی ناوچەکە دەبێت بە عێراق و هەرێمی کوردستانیشەوە، دەمانەوێ رەوتى ئیسلامی لەو شەپۆلی گۆڕانکارییە پارێزراو بێت و لەم قۆناغە نەبێتە ئامرازی مەترسی بەسەر پڕۆژەى کوردی.

کەواتە بۆ کۆمەڵی ئیسلامی نەهاتە ریزەوە؟
ئەوان خوێندنەوەى سیاسیی خۆیان هەبووە، پاساوی خۆیان هەیە، ئێمەش رێزیان لێ دەگرین.

بەڵام زۆرجار خوێندنەوەی ئەوە دەکرێت یەکگرتوو میانڕۆ و کۆمەڵ توندە، ئەمە هۆکار بێت بۆ نزیک نەبوونەوەی هێزە ئیسلامییەکان، بە نموونە رووداوەکەی پارێزگا؟
بەو جۆرە نییە، کۆمەڵی ئیسلامی بڕیاری ستراتیجی داوە کە واز لە هێزی چەکدار بهێنێت، ئەو ڤیدیۆیەى پارێزگا تۆمەتە و دەبێت بسەلمێنرێت، ئەو سیناریۆیانەی نمایش کران هێزی ئەوەى تێدا نییە بیسەلمێنێت کۆمەڵ تێوەگلاوە. لەگەڵ کۆمەڵی ئیسلامی جیاوازی سیاسیمان هەیە نەک جیاوازی مەنهەجی، پێم وانییە کۆمەڵ بەشێک بێت لە توندڕۆیی، جگە لەمە سیاقی مێژوویی کاریگەری هەیە لەسەر بیرکردنەوەی تاک، بۆیە نەگەیشتینە بڕیاری هاوبەش، بەڵام هەوڵەکان بەردەوامن.

بەگشتى هێزی ئیسلامی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست چاوی لەسەرە، بەتایبەت دواى 2003، ئەمە تا چەند زیانى لە پێگەى حزبی ئیسلامی و یەکگرتووی ئیسلامی داوە؟
تەمومژی دروست کردووە و وایکردووە وەک خۆیان نەبینرێن. داعش و ئەوانی پێش ئەویش کاریگەری هەبووە بەسەر دیدگەى خەڵک بۆ بینینى رەوتە ئیسلامییەکان، رژێمە دەسەڵاتدارەکان کردوویانەتە پاساو تا رەوتە ئیسلامییەکان بخەنە ژێر رکێفی خۆیان، بەڵام پێم وانییە سەرکەوتوو بن.
پێوەند بە یەکگرتوو، دەتوانم بڵێم گەشەکردنى هێواش کردووەتەوە بە بەراورد بەو خێرایییەی لە نەوەتەکان هەیبوو، جگە لەمەش لە چوار ساڵى رابردوو یەکگرتوو لەژێر کاریگەری ماشێنێکی میدیایی خراپ بوو، ئیرهابی فکریمان لە دژ بەکار هاتووە.

بەڵام لە نەوەتەکان دوو فاکتەر هۆکار بوون لە گەشەکردنى یەکگرتوو، ئەوانیش کۆمەکی رابیتە و ناهۆشیاری بەهۆشی شەڕی ناوخۆ، بەڵام دوای 2003 و هاتنە پێشەوەی سۆشیال میدیا، خەڵک تێگەیشت مسوڵمانبوون جیاوازە لە حزبی ئیسلامی، ئەمە بە هۆکارێکی تر نازانیت؟
نەخێر، یەکگرتوو لە گەشەى کۆمەڵایەتى سست نەبووە، خەڵکێکی زۆر رووی لە مزگەوتەکان کردووە، تەنیا لە گەشەى سیاسی نەبێت کە ئەمەش کۆمەڵێک فاکتەری دەرەکی و ناوەکی هەیە، خەڵک پێ وایە یەکگرتوو دەبێت چارەسەری خێرای بۆ بدۆزێتەوە، بۆیە کە بزووتنەوەى گۆڕان دروست بوو خەڵک پێی وابوو ئەو دەتوانێ ئەوە بکات و دەنگیان پێی دا، بەڵام کە نەوشیروان مستەفا وەفاتی کرد، بزانە گەشە سیاسییەکەی ئەویش روو لە کوێ دەکات.

مەبەستتە بڵێی گۆڕانیش پاشەکشەی کردووە؟
هەڵبژاردنی رابردوو هەموو شتێکی بۆ دەرخستین.

بەڵام ئەوانیش دەڵێن دەنگمان دزراوە؟
بەڵێ دەنگیان دزراوە، بەڵام خۆ بەشێکی ئەوەیە کێشەی تریان بووە، هەڵبژاردنى داهاتووش کۆمەڵێک شتی ترمان بۆ دەردەخات.
هەر پێوەند بە پرسیارەکەی پێشترت، یەکێکی تر لە هۆکارەکان، یەکگرتوو بەشداری لە حکوومەت دەکات، بەڵام حکوومەت گەمارۆی ئەو وەزارەتانە دەدات کە بەدەست یەکگرتووە، ئەمەش هۆکارێک بوو لە کشانەوەمان لە حکوومەت دواى ئەوەى خەڵکەکەمان لێمان نیگەران بوون. وەزارەتى کارەبا بە نموونە، دەمانتوانى لەو وەزارەتە چاکسازی بکەین، بۆ ئەوەی شکستت پێ بهێنن، بەرهەمهێنانى کارەبایان لە گازوایل نەکردە غاز کە نیوەی کەمتری تێچووی ئێستەی دەبوو.

نێوانی حزبەکان جۆرێک لە ساردی هەیە، ئەو دۆخە بەردەوام دەبێت تا دواى هەڵبژاردن یان هەوڵ هەیە بۆ ئاشتەوایی؟
سیاسەت بەلا لووت ناکرێت، راستە دڵمان شکاوە، بەڵام دەبێت پارتى و یەکێتى داوای لێبووردن بکەن و بڵێن ئەو ساختەکارییەی کردمان پێویستمان پێی هەبوو.

بەڵام ئەوان دەستپێشخەرییان هەبوو بۆ هاوپەیمانى لە بەغدا؟
ناکرێت بە دەنگی ئێمە لە بەغدا پیاوەتى بکەن، ئەمە ناکرێت.

کەواتە تا دواى هەڵبژاردن وا بەردەوام دەبێت؟
وردە جووڵە هەیە، بەڵام هەروا ئاسان نییە. دەبێت دوو پارتى فەرمانڕەوا داوای لێبوردن بکەن و قوربانى بدەن بۆ ئەو دزییەى کردوویانە، وا نازانم متمانە بگەڕێتەوە، کەوایە پارتى فەرمانڕەوا دەبێت ئەو عەقڵەى بگۆڕێت.

دەبنە ئۆپۆزسیۆن؟
دەرئەنجامی هەڵبژاردن دیاری دەکات و هێشتا بڕیاری لێ نەدراوە، ئەگەرچی ویستێک هەیە بایکۆتى پرۆسەى سیاسی بکەین و کار لەسەر ئیسڵاحە کۆمەڵایەتییەکە بکەین.

بە خوێندنەوە بۆ رابردوو؟
دۆخەکە گۆڕانکاری بەسەردا هاتووە و شەڕی داعش نەماوە و گەمارۆی ئابووریش نەماوە کە حزبی فەرمانڕەوا لە کوردستان خراپ قۆستیانەوە، لە بری ئەوەى ببێتە خاڵى چاکسازی، زیاتر خەڵکەکەیان خنکاند، بەڵام ئەگەر وەک رابردوو بێت، ئەوا قسەى ترمان دەبێت، چونکە ئەو دوو فاکتەرە نەماون و دۆخی تر دێتە پێشەوە و قسەى تریش دێتە پێشەوە، بۆیە ناتوانم بڵێم دەبینە ئۆپۆزسیۆن یان نا.

لە رابردوو کە بزووتنەوەى گۆڕان دروست بوو، لە دەنگی هەمووانى برد، ئێستە گۆڕان لە دۆخێکی خراپدا دەردەکەوێت، پێت وایە ئەمە وا دەکات دەنگەکانتان بگەڕێننەوە؟
کادرمان رۆیشتووە بەڵام دەنگێکی زۆرمان بۆ گۆڕان نەچووە، دەنگی گۆڕان هی یەکێتیی نیشتمانى بووە. لەگەڵ ئەمەشدا یەکگرتوو لە هەوڵی گێڕانەوەی دەنگەکانیەتى و لە هەوڵی دەستخستنى دەنگی خۆڵەمێشییە کە هەڵبژاردنى رابردوو 60%ی خەڵکی کوردستان بەشداری نەکردووە، دەمانەوێت بڕوایان پێ بهێنین لە رێى پڕۆژەیەکەوە ئەو دۆخەی هەیە تێپەڕێنین.

بزووتنەوەی گۆڕان، ئاسان نییە نوقڵانەى خراپی بۆ لێ بدەى. کێشەى سیاسی لەناو حزبێک هەیە، ئەوەتا یەکێتى کێشەى گەورەی هەبوو بەڵام توانی خۆی دەرباز بکات لە واقیعی خۆی. گۆڕان بزووتنەوەیەکی جەماوەرییە و بنەمایەکی ئایدۆلۆجی و مێژوویی هەیە کە سەر مەشقی کۆمەڵەى رەنجدەران بووە.

ئێستە قسە لەسەر دواخستنى هەڵبژاردن دەکرێت، بۆچوونى یەکگرتووی ئیسلامی چییە؟
یەکگرتووی ئیسلامی لەگەڵ هەڵبژاردندایە لە کاتی خۆیدا، چونکە کێشە کەڵەکەبووەکان و گەندەڵی بە هەڵبژاردن و هێنانە دی دۆخێکی سیاسی تازە چارەسەر دەبێت یان سنوورێکی بۆ دادەنرێت. بۆیە دواخستنى هەڵبژاردن مانای درێژکردنەوەی ئەو واقیعە گەندەڵ و ساختەکارییەیە، هەڵبژاردن لە یەک کاتدا دوا دەخرێت کە پاساوەکەی گەورەتر بێت لەو واقیعەی ئێستە تێیداین و مەترسییەکەی گەورەتر بێت.

پاساوی گرێدانى دوو هەڵبژاردن بەیەکەوە، پاساوێکی بەهێز نییە. دەکرێت هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکان شەش مانگ دوا بخرێت، نەک هی پەرلەمان دوا بخرێت.

دواى تاقیکردنەوە و شکستی سیستەمی زیرەک لە عێراق، کۆمسیۆنى هەڵبژاردنی کوردستان بڕیاری دا بە دەست دەنگەکان جیا بکاتەوە، وەک خۆتان دەڵێن دەنگتان دزراوە، ئەی بەدەست جیاکردنەوە بۆتان دەگەڕێنێتەوە؟
سیستەمە ئەلکترۆنییەکە هەموو گیانى ساختەکاری بوو، بە رێژەیەک دەنگەکانمان بۆ دەگەڕێتەوە ئەگەر ساختەکاریی تر نەکرێت وەک چۆن لە هەڵبژاردنەکانى رابردووشدا بە دنیایەک ساختەکاری هەڵساوینەتەوە. بۆیە ئەم هەڵبژاردنەش بێ ساختەکاری نابێت، بەڵام پێ دەچێ لەوەى ئەلیکترۆنییەکە کەمتر بێت، بەڵام ئەگەر خەڵک بەشداری دەنگدان نەکات، ئەوا ساختەکارییەکە زیاتر دەبێت، ئەمە دەکەوێتە سەر ئەوەى چەند دەتوانین خەڵک هان بدەین بەشداری هەڵبژاردن بکەن، وەک دەسەڵاتیش ئیش لەسەر ئەوە دەکات خەڵک نەچێتە دەنگدان.


وشە - فه‌رمان سادق