گۆشتی قوربانی له‌م جۆره‌ نایلۆنه‌ مه‌كه‌ن

:: PM:12:12:16/08/2018 ‌
ئامادەكارییەكانی هاووڵاتییانی هەرێمی كوردستان و دامەزراوەكان بۆ جەژنی قوربان بەردەوامە و بەرپرسێكی شاری سلێمانی داوا لە هاووڵاتییان دەكات بۆ گۆشتی خێر نایلۆنی رەش بەكار مەهێنن.

ئەمڕۆ پێنجشەم 16ـی ئاب، ئاوات محەمەد قایمقامی سلێمانی لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەنووسیدا ڕای گەیاند، سەرجەم ئامادەكارییەكان تەواو بووە بۆ جەژن و داواكارین هاووڵاتییان ڕێز لە بڕیارەكان بگرن.

قایمقامی سلێمانی گوتی، پێویستە هاووڵاتییان ئاژەڵ كاتێك دەكڕن لە سەربڕخانەكان بێت و مۆری پێوە بێت و تەندروست بێت بۆ ئەوەی تووشی نەخۆشی نەبن و پارێزراو بن.

ئاماژەی دا، داوا لە هاووڵاتییان دەكەین گۆشتی خێر لەناو كیسی نایلۆن ڕەش نەكەن، چونكە ڕێ پێدراو نییە و ناتەندروستە، بۆیە هیوادارین نایلۆنی سپی بەكار بهێنن تا دووچاری هیچ كێشەیەكی تەندروستی نەبن.

ساڵانە لە هەرێمی كوردستان لە ڕۆژانی جەژن دەزگە تەناهییەكان دەخرێنە ئامادەباشی بۆ ڕێكخستنی كاروباری هاووڵاتییان و چەندان بڕیار لەلایەن قایمقام و پارێزگاری شارەكان دەردەچن بەمەبەستی پارێزگاریكردن لە سەلامەتی هاووڵاتییان.



وشە - رامیار جەواد