کفری.. گرووپێکی شێوەکاری ژنانی هەرێمی کوردستان کۆدەکاتەوە

:: AM:11:00:17/08/2018 ‌
گرووپێکی شێوەکاری لە شارۆکەی کفری، سەرەڕای ئەوەی کە یەکەم گرووپی دامەزراوه‌ی تایبەت بە ژنانە لەو شارۆکەیە، ژنانی شێوەکار و دەستڕەنگینی سەرتاسەری هەرێمی کوردستانی بەیەکەوە کۆکردووەتەوە.

گرووپی کیژانی شێوەکاری کفری لە 25ى كانوونى یه‌كه‌مى ساڵى 2016 لە شارۆکەی کفری لەلایەن "گوڵاڵە حەمیدەوە دامەزراوە" و زیاتر لە 97 ئەندامی ژنی هەیە لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان.

گوڵاڵە حەمید، سەرۆکی گرووپەکە بۆ سایتی "وشە" گوتی، لە گرووپەکەماندا جگە لە خانمی شێوەکار ئەو خانمانەیش هەن کە دەست ڕەنگین یاخود بەهرەیەکیان هەیە، وە گرووپەکە هەموو چین و توێژێک لەخۆدەگرێت، بڕوانامە لە گرووپەکەدا گرنگی نیە و هەر کەسێک بەهرەیەکی هەبێت و لە هەر تەمەن و پلە و پۆستێک بێت دەتوانێت ببێتە ئەندام لە گرووپەکە.

گوڵاڵە، زیاتر گوتى، بۆ یەکەم جار بوو لە شارۆکەی کفری کە گرووپێکی تایبەت بە ژنان دابمەزرێت و هانی ژنان بدات کە لە چوارچێوەی ماڵەوەدا بێنە دەرەوە و وایان لێ بکات کە تواناکانی خۆیان دەربخەن و پەرەی پێبدەن، لە ڕووی داهاتیشەوە سودیان پێ بگات.

خانمانی ئەو گرووپە، لە بۆنە و یادەکاندا چالاکیەکانیان ئەنجام دەدەن و تابلۆ و کارە دەستییەکانیان نمایش دەکەن و چاوی بینەر بە تابلۆی جوان نەخشاو و کاری دەستی ناوازە تێر دەکەن و سەرنجیان بە لای کارەکانیان ڕادەکێشن کە بە کەلوپەلی شکاو بێ سود دروست کراوه‌ته‌وه‌.

گرووپەکە جگە لە پێگەیاندنی خانمان بە شێوەکاری و کاری دەستی، خولی زمانەکان و کۆمپیوتەر بۆ خانمان دەکەنەوە و فێریان دەکەن، هەروەها پڕۆژەی دیواربەندیشیان لەناو کفریدا ئەنجامداوە و دیوارەکانیان بە ڕەنگ نەخشاندووە، وە لەناو پەرلەمانی عێراقیشدا لە 2017 لە ساڵیادی ئەنفالدا پێشانگایەکیان کردووەتەوە و سەرنجی پەرلەمانتارانی کورد و عەرەبیان بەلای تابلۆکانیاندا ڕاکێشاوە کە تایبەت بووە بەو یادە.

نمایش کردنی کارەکانی ئەم خانمانە تەنها لەناو کفریدا نەبووە، بەڵکو لە سلێمانی و عێراق بووە و لە پلانیاندایە لە هەولێریش چالاکی ئەنجام بدەن و ئەو شارەیش بێ بەش نەکەن لە کارە ناوازەکانیان و تابلۆ و کاری دەستی و پەیکەرتاشی.

خانمان لە کارەکانیاندا هەوڵدەدەن کەلوپەلە شکاوەکان بەکاربهێننەوە و دووبارە سودیان لێوەرگرنەوە هەم بۆ پاراستنی ژینگە هەمیش بۆ دروستکردنی کارێکی جوان، لە کارەکانی ئەم خانمانەدا ڕەنگی کوردایەتی پێوە دیارە و کەلەپوری کورد لە کارەکانیاندا ڕەنگی داوەتەوە.

پێدوایستییەکان بۆ درووستکردنی کارێک، لەلایەن گرووپەکەوە بۆ خانمان دابین دەکرێت بە هاوکاری سپۆنسەرەکان، وە لە کاتی فڕۆشتنی کارەکانیاندا خانمان خۆیان نرخ دیاری دەکەن و دوای فرۆشتنیشی داهاتەکەشی هەر بۆ خۆیان دەبێت.

"لە پرۆژەیەکی دیکەماندا چەند خوێندنگەیەکمان ڕاسپارد کە منداڵان هان بدەن کە هەندێک کەلوپەل هەیە فڕێی نەدەن و کۆی بکەنەوە و لەگەڵ خانمانی گرووپەکەماندا کاری دەستڕەنگینی پێ بکەن، ئەمە هەم سودی بۆ خانمان هەبوو هەمیش وا لەمنداڵەکان دەکەن ژینگە بپارێزن و فێری بەهرەیەکیش ببن"، گوڵاڵە وای گوت.

سەرۆکی گرووپەکە ئاشکرایشی دەکات، کە ئەندامەکانی گرووپەکە جیاوازن لە هەموو ڕوویەکەوە، بە شێوەیەک هەندێکیان تەمەنیان لە 10 ساڵیدایە و هەندێکیشیان لە سەروو 45 ساڵیەوەیە، هەیە مامۆستایە و هەشە ئەندازیار و ژنی ماڵەوە و قوتابین.

سلێمانی/ لۆڤە محەمەد
































وشە - محەمەد میران