هەسارەیەكی نوێ دۆزرایەوە.. دوو هێندەی زەوی ئاوی لەسەرە

:: AM:09:21:19/08/2018 ‌
زانایانی بواری گەردوونناسی هێما بۆ ئەوە دەكەن سێیه‌كی هەسارە دۆزراوه‌كان لە دەرەوەی كۆمەڵەی خۆرن و ڕێژەیەكی زۆری ئاو لەسەر ئەو هەسارانە هەیە و ئەمەیش وای كردووە ئەگەری بوونی ژیان لەسەر ئەو هەسارانە زۆر بەهێز بێ و بوونەوەرە ئاسمانییەكانیشی لێ بژین.

ڕۆژنامەی "سەن"ی بەریتانی بڵاوی كردووەتەوە، نزیكەی نیوەی ئەو هەسارانە كە قەبارەیان دەگاتە دوو تا چوار هێندەی زەوی بە ئاوی شل و بەفر داپۆشراون. 

بە پشتبەستن بەو داتا و زانیارییانەی لە تەسلكۆپی "كیبلەر"ی ئاسمانی گەیشتوونەتەوە سەر زەوی و ڕوانگەی غایا كە لە 2013 بۆ گەردوون هەڵدراوە، زانیارییەكان دووپاتیان لێ كراوەتەوە و بە تەواوی دروستن.

لی زینگ زانا و توێژەری گەردوونی لە زانكۆی هارڤارد لەوبارەوە گوتی، ئەگەری بوونی ڕێژەیەكی زۆری ئاو لە هەسارەكانی دەرەوەی كۆمەڵەی خۆر، هەموومانی شۆك كردووە، پێشبینی دەكرێ پلەی گەرمای ئەو هەسارانە 200 تا 500 پلەی سیلیزی بێ، بۆیە بەردەوام ئاوی سەر ئەو هەسارانە دەبێتە هەڵم و بە ئاسمان بڵاو دەبێتەوه.

بۆ یەكەمجار هەسارەكانی دەرەوەی كۆمەڵەی خۆر لە 1992 دۆزرانەوە و تا ئێستەیش گەڕان و پشكنین لە گەردوون بەردەوامە بۆ دۆزینەوەی نهێنییەكانی تری گەردوون.

لە ماوەی ڕابردوویش ئاژانسی بۆشاییگەری ئاسمانی ئەمەریكا "ناسا" بڵاوی كردەوە، كە كۆگایەكی گەورەی ئاوی لە ژێر جەمسەری باشووری هەسارەی مەریخ دۆزیوەتەوە.


وشە - باز ئه‌حمه‌د