بەرشەلۆنە پێویستی بە پۆگبا نەماوە

:: AM:11:08:19/08/2018 ‌

ماوەی چەند هەفتەیەكە دەنگۆی نزیكبوونەوەی یانەی بەرشەلۆنەی ئیسپانی لە پۆڵ پۆگبای ئەستێرەی فڕەنسی و یانەی مانچستەر یونایتدی ئینگلیزی بڵاو دەكرێتەوە، بەتایبەتیش دوای ئەوەی بڵاو كرایەوە كە ئەو یاریزانە پەیوەندیی لەگەڵ جۆزێ مۆرینۆی راهێنەری پورتوگالی باش نییە.

بەڵام سەرچاوە رۆژنامەوانییەكانی ئیسپانیا زانیارییەكی تریان لەمبارەیەوە بڵاو كردەوە و جەختیان كردەوە كە یانەی بەرشەلۆنە لەسەر داوای ئێرنێستۆ ڤالڤێردی راهێنەر وازی لە بیرۆكەی گرێبەستكردن لەگەڵ پۆگبا هێناوە.

ڤالڤێردی پێیوابووە تیپەكەی چیتر پێویستی بە یاریزانی هێڵی ناوەڕاست نییە دوای گرێبەستكردن لەگەڵ ئەرتۆرۆ ڤیدال لە یانەی بایرن میونشن و ئارسەر میلۆی ئەستێرەی لاوی بەڕازیلی لە ماوەی گواستنەوەی هاوینەی یاریزاناندا.

راهێنەری یانەی بەرشەلۆنە بە بەرپرسانی یانەكەی راگەیاندووە بۆ تیپەكەی لە یارییەكانی وەرزی نوێدا پێوستی بە پۆگبا و هیچ یاریزانێكی تری هێڵی ناوەڕاست نییە، چونكە بە هاتنی ئەم ئەستێرە فڕەنسییە دەبێت ئیڤان راكیتیچ لە پێكهاتەی سەرەكی تیپەكەی دوور بخاتەوە.

ئەمە لە كاتێكدایە كە ڤالڤێردی بڕوایەكی تەواوی بە تواناكانی ئەستێرە كڕواتییەكە هەیە و لەسەرجەم یارییەكاندا بە تەواوی پشتی پێ دەبەستێ.

بۆ لەدەست نەدانی راكیتیچ كە وەرزی رابردوو رۆلی گرینگی گێڕابوو لە بردنەوەی هەردوو ناسناوی خول و جامی شای ئیسپانیا، راهێنەری یانەی بەرشەلۆنە داوای لە بەرپرسانی یانەكەی كردووە واز لە بیرۆكەی گرێبەستكردن لەگەڵ پۆگبا بهێنن.




وشە - ئامانج ئه‌كره‌م