هاوڕەگەزبازەكان لە نانسی عەجرەم تووڕەن

:: AM:10:21:21/08/2018 ‌

دوای ئەوەی خاتوونە گۆرانیبێژی لبنانی نانسی عەجرەم ئاهەنگێكی گەورەی لە سوید ساز كرد و نەیهێشت هاوڕەگەزبازەكان بێنە ئاهەنگەكەوە. بۆیە ئەوان لێی تووڕەن و سەركۆنەی دەكەن.

پێگەی "ئیلاف" ئەمڕۆ سێشەم هەواڵەكەی بڵاو كردووەتەوە كە ئاهەنگەكەی نانسی لە 17ی مانگ لە سوید ساز كرا. رای گەیاندووە چونكە هاوڕەگەزبازەكان ویستوویانە بە ئاڵای تایبەتی خۆیان كە پێكهاتووە لە "پەلكەزێڕینە" بێنە ناو ئاهەنگەكەوە، بەڵام رێیان لێ گیراوە. ئەوەیش تووڕەی كردوون و سەركۆنەی دەكەن.

بەڕێوەبەری كارە هونەرییەكانی نانسی كە جیجی لامارایە پێشتر رای گەیاندبوو، لە سەرەتاوە لەگەڵ سەرپەرشتیارانی فێستیڤاڵی یوتبۆری رێككەوتبوون كە ناكرێ ئاڵای "پەلكەزێڕینە" بێتە ناو هۆڵی ئاهەنگەكە. چونكە هەمان رۆژ لە سوید ئاهەنگێكی زۆر گەورەی هاوڕەگەزبازەكان لە سوید ساز دەكرا. بۆیە ئاهەنگەكەی نانسی پێوەندیی ئەو چالاكییە نەبووە.

نانسی عەجرەم لبنانییە و لە گەڕەكی ئەلشەرفیەی بەیرووت لە ساڵی 1983 لە دایك بووە و مەسیحییە. لە ساڵی 2009دا هاوسەرگیریی لەگەڵ پزیشكی ددان فادی ئەلهاشم كردووە و دوو منداڵیان هەیە. لە تەمەنی 12 ساڵیدا بەشداریی لە بەرنامەی "ئەستێرەكانی دواڕۆژ" كردووە و مەدالیای زێڕینی وەك گۆرانیبێژ وەرگرتووە و بەدوایدا دەستی بە تۆماركردنی گۆرانیی كردووە.

لە تەمەنی 18 ساڵیدا خوێندنی دەنگ و موزیكی تەواو كردووە و بەدوایدا ئەلبوومەكانی "محتجالك" و "شیل عیونك عنی"ی بڵاو كردەوە، بەڵام لە ئەلبوومی "یا سلام"دا وەك ئەستێرە ناسرایەوە و تا ئێستە دەیان گۆرانیی كلیپ كردووە و وەك ئەستێرەیەكی زۆر ناوداری گۆرانیی عەرەبی دەناسرێتەوە. لە ساڵی 2009دا لە نەتەوە یەكگرتووەكان وەك باڵوێزی نیازپاكی هاتە هەڵبژاردن. نانسی تا ئێستە دەیان خەڵاتی موزیك و گۆرانیی وەرگرتووە و نۆ ئەلبوومی بڵاو كردووەتەوە.




وشە - وشیار ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د