مەلەك ڕۆژهات: ناتوانم لەسەر شانۆ گۆرانی بڵێم و ڕەوشی گەلەكەم پشتگوێ بخەم

:: AM:09:53:11/12/2016 ‌

 مەلەك ڕۆژهات كە خاتوونە گۆرانیبێژی دیاری باكوری كوردستانە، لە منداڵییەوە خولیای كاری هونەری بووە و لە ساڵی 2002 یەكەمین بەرهەمی هونەری تۆماركراوی خۆی بەناوی (ئەشقی دڵان) بڵاو كردەوە. خاوەنی چەند ئەلبوومێكە و لە ئێستەدا سەرقاڵی پڕۆژەیەكی هونەریی نوێیە. "وشە" لە هەلێكدا چەند پرسیارێكی ئاراستە كرد.

* بۆچی ماوەیەكە لە ناوەندی هونەریدا دەرناكەوی؟
ماوەیەكە خۆم ناوبڕم داوەتە كاری هونەری، ئەوەش بەمانای ئەوە نایەت لە هونەر دوور كەوتبێتمەوە.

* كەواتە گۆرانیی نوێت هەیە؟
بەڵێ چەند هۆنراوەیەكی نوێم نووسیوە و بەنیازم دوو گۆرانیی نوێیش كلیپ بكەم، بۆ ئەو مەبەستەش بەنیازم بەم زووانە سەردانی باشووری كوردستان بكەم.

* تۆ كە لە ئێستەدا لە توركیا دەژیت، لەمپەری بەردەمت چین؟
 من پێشتر و ئێستەش ڕووبەڕووی بەربەست بوومەتەوە، بۆ هەموو هونەرمەندێكی نەتەوەیی ئاستەنگی زۆر هەیە، بەتایبەتی هونەرمەندی ژن، لەبەرئەوەی‌ باری ژنی كورد زۆر گرانە، بەڵام ژنی كورد هەمیشە لێهاتوو و چەلەنگن و دەزانن  تێبكۆشن و ناترسن و شۆڕشوانن.

* چ خوێندنەوەیەكت بۆ ڕەوشی ئێستەی باكوری كوردستان هەیە؟
ڕەوشی باكور بۆ كوردان زۆر خراپە، كوردان كۆمەڵكوژ دەكەن، زارۆ و زێچان دەكوژن و بەنامووسی كوردان  دەلیزن، جەستەی ژنی كورد ڕووت دەكەن و بێ نامووسی خۆیان وێنا دەكەن. بۆیە نەفرەت لە كردەوەی ئەوانە دەكەم و شەرمەزاریان دەكەم، تا دڵۆپەیەك خوێنی كوردان مابێت، ئێمە سەری خۆمان بۆیان نەوی ناكەین.

* بەردەوامی ئەو ڕەوشە چۆن دەبینی؟
ڕەوشی باكور بەتایبەت بۆ گەلی كورد نادیارە، لەبەرئەوەی نادیارە كە مرۆڤانێك مرۆڤایەتی و شەرەف و هەست و ویژدانیان ون كردووە، دیارە چیمان بەسەر دێنن.

* لەم ماوەیەدا خرانه ژێر چاودێری و لێكۆلینەوە، هۆكاری چی بوو؟
ڕاستە من خرامە ژێر لێكۆلینەوە و دادگەیی كرام، ئەمەش لەبەر ئەوەی بەشداری كۆنسێرتی سیاسیم كرد و وێنەی سیاسیم هەیە، گۆرانیم لەسەر پێشمەرگە و یەپەگە گوتووە، من وەك كچە كوردێك و خاوەن ویژدان، شۆڕشێك هەیه، هەر كەسێك دەڵێت كوردم، ئەوا دەبێت لەناو شۆڕشدا بێت، بۆ ئەوەی كۆتا بە خوێن ڕشتنی گەلەكەمان بێت. دەڵێن هونەرمەند دەبێت سیاسی نەبێت؟ بەڵام چۆن دەبێت هونەرمەندی ژن كەڕ و بێ دەنگ بێت و پشتی خۆی لە دۆزی خۆی بكات. نەخێر من ناتوانم لەسەر شانۆی بیانی هونەر پێشكەش بكەم و ‌ڕەوشی گەلەكەم لە بیر بكەم.

* ئەی ڕەوشی هونەری كوردی چۆن دەبینی؟
دەتوانم بڵێم هونەری كوردی مردووە، چونكە وەك جاران گۆرانی و ئەلبووم زۆر بڵاو ناكرێنەوه و سیدی نافرۆشرێن، بەتایبەت لە باكوری كوردستان لە ئێستەدا دەرفەت نییە، لەبەرئەوەی  پیسكۆلۆژی گەلەكەمان خراپە و ناتوانین  هونەر بكەین.

* زۆر لە گۆرانیبێژان كێشەی نەبوونی سپۆنسەریان هەیە، ئێوەش هەمان كێشەتان هەیە؟
وەكیلەكانی ئێمە هەموو دەستبەسەر كران، من ئەمە شەرمەزار دەكەم، رەنگە ئەوان دەستی ئێمە كەلەپچە بكەن، بەڵام ناتوانن زمان و ئاواتەكانمان كەلەپچە بكەن، بۆیە ئیتر ناتوانن هەوڵی سڕینەوەی گەلی كورد لە مێژوودا بدەن. بۆیە ئێمە پێویستیمان بەسپۆنسەری زیاترە، بۆ ئەوەی هونەر ڕانەوەستێت، چونكە هونەر بوونی ئێمەیە.

وشە/ هەژار مەموزینی










وشە - تایبه‌ت