هەوڵەكانی ئاشتی شكستی هێنا.. شەڕ چارەنووسی یەمەن یەكلایی دەكاتەوە؟

:: PM:02:08:10/09/2018 ‌
لوتكەی جنێڤ شكستی هێنا و شەڕی قورس لە حەدیدەیە. نێردەی نەتەوەیەكگرتووەكان بۆ رازیكردنی حوسییەكان لە مەسقت لەگەڵیان كۆ دەبێتەوە، وەزیری دەرەوەی یەمەنیش، گریفیس بە نەرمی نواندن بۆ حوسییەكان تۆمەتبار دەكات، حوسییەكانیش سعوودیە تۆمەتبار دەكەن بەوەی رێگری لێكردوون بچن بۆ جنێڤ.

مارتن گریفیس نێردەی نەتەوەیەكگرتووەكان بۆ یەمەن، ماوەیەكی زۆرە ئامادەكاری دەكات بۆ بەستنی لوتكەی جنێڤ سێ لە نێوان حوسییەكان و حكوومەتی یەمەن، بەڵام هەوڵەكانی پێش بەستنی لووتكەی سێی جنێڤ شكستی هێنا، بەهۆی ئەوەی شاندی حوسییەكان سەردانی جنێڤیان نەكرد.

گریفیس دەڵێ راوێژی بەرهەمداری كردووە لەگەڵ شاندی حكوومەتی یەمەن بە سەرۆكایەتی عەبدرەبە مەنسوور هادی، بەڵام شكستی هێناوە لە رازیكردنی حوسییەكان بۆ سەردانیكردنی جنێڤ، ئەمەش وایكرد شاندی حكوومەتیش بگەڕێنەوە یەمەن، گوتی "نەمتوانی قەناعەت بە حوسییەكان بهێنم، بەڵام لە هەوڵەكانمان بەردەوام دەبین". 

كۆنگرەی جنێڤ لەبارەی دۆسیەی یەمەن یەكەمجار لە 16ی حوزەیران/ یۆنیۆی 2015 بەسترا لە نێوان شاندی حكوومەتی یەمەن و لایەنەكانی تر. لە یەكەم كۆنگرەدا بان كی مۆن سكرتێری پێشتری نەتەوەیەكگرتووەكان داوای راگرتنی شەڕی كرد، بەڵام هەوڵەكانی شكستی هێنا و تا ئێستە شەڕ بەردەوامی هەیە و هیچ لایەنێكیشیان ئامادە نین دانوستاندنی راستەوخۆی لە نێوان یەكتریدا ئەنجام بدەن.

لوتكەی ئەمجارەی جنێڤ گرنگترین دۆسیەی ئاڵوگۆڕ و ئازادكردنی بەندكراوەكانی یەكتری بوون، لەگەڵ دۆسیەی فڕۆكەخانەی سەنعا. گریفیس كە ماوەی حەوت مانگە لەلایەن نەتەوەیەكگرتووەكانەوە  دەستنیشان كراوە، لە نێوان مەسقت شوێنی حەوانەوەی سەركردەی حوسییەكان و سەنعای پایتەختی یەمەن، لە فڕین دایە، چاوەڕوان دەكرێت دوای شكستەكەی جارێكی تر سەردانی مەسقت بكات و لەگەڵ عەبدولمەلیك حوسی سەركردەی حوسییەكان كۆ ببێتەوە.

عەبدولمەلیك حوسی لەبارەی شكستی لوتكەی جنێڤ دەڵێ تاكە مەرجی شاندی ئێمە گەیشتنیان بوو بە جنێڤ بە رێیەكی سەلامەت، بەڵام هاوپەیمانان بە سەركردایەتی سعوودیە رێگەی نەدا بریندارەكانمان بگوازینەوە بۆ عومان یان ئەوروپا.

سەركردەی حوسییەكان جەختی لە شكستی هەوڵەكانی نەتەوەیەكگرتووەكان كردەوە و سعوودیەشی تۆمەتبار كرد بە شكستەكە، هاوكات داوای لە چەكدارانی حوسی كرد لە بەرەكانی جەنگ دژی هاوپەیمانان و حكوومەتی یەمەن بجەنگن. 

جێی باسە حوسیییەكان بۆ لوتكەی جنێڤ داوای گەرنتی چوون و گەڕانەوەی شاندەكەیان لە نەتەوەیەكگرتووەكان كرد، بەوەی سعوودیە پیلانی گرتنی ئەندامانی شاندەكەی هەیە، وەك ئەوەی لە لوتكەی دووەم لە كوێت روویدا كاتێك شاندی حوسییەكان گەڕانەوە عومان بە مەبەستی گەڕانەوە بۆ یەمەن، ماوەی سێ مانگ بەهۆی گەمارۆی سعوودیە بۆ سەر ئاسمانی یەمەن، نەیانتوانی بگەڕێنەوە.

بەرانبەر بە شكستی هەوڵەكانی نەتەوەیەكگرتووەكان، خالد یمانی وەزیری دەرەوەی یەمەن، حوسییەكانی تۆمەتبار كرد بە شكستی لوتكەكە و رای گەیاند هیچ كاتێك ئەوان هەست بە بەرپرسیاریەتی ناكەن، ئەوەشی خستەڕوو كە گریفیس نێردەی نەتەوەیەكگرتووەكان كەسێكی سەركەوتوو نەبووە لە رازیكردنی لایەنە ناڕازییەكان، تۆمەتی ئەوەشی خستە پاڵی كە پشتگیری لە حوسییەكان دەكات و راشكاوانە ناڵێت ئەوان هۆكاری شكستی گفتوگۆان بوون.
بەرانبەر بەو تۆمەتە، نێردەی نەتەوەیەكگرتووەكان دەڵێ ئەوە كاری ئەو نییە هەڵەی لایەنەكانی ناكۆك دەستنیشان بكات، بەڵكوو كاری ئەو چارەسەركردنی كێشەكان و لەیەكتر نزیككردنەوەی هەردوولایەنی كێشە دارە.

گریفیس سێیەم نێردەی نەتەوەیەكگرتووەكان بۆ دۆسیەی یەمەن لە دوای 2014، بۆیە لەبەردەم پڕۆسەیەكی ئاڵۆزی زۆر قورس دایە.

شكستی لوتكەی جنێڤ سێ هاوكاتە لەگەڵ دەستپێكردنەوەی شەڕ لەرۆژی هەینی رابردوو كە ئەمە هۆكارێكی تری شكستەكە بوو، لە شاری حەدیدەی سەر دەریا سوور كە ئامانجێكی گەورەی هاوپەیمانی و حكوومەتی یەمەنە لە دەستی حوسییەكانی دەربهێنێت، شەڕ دەستی پێكردووەتەوە و هێزەكانی بەرگری سەر بە هاوپەیمانی عەرەبی سەركەوتنی باشیان بەدەستهێناوە و توانیویانە خۆیان بگەیەنن بە هەندێك گەڕەكی باشووری شارەكە بەلای كەناراوەكانی دەریای سوور، هاوكات ئەو هێزە هەوڵدەدات رێی سەرەكی نێوان حەدیدە و سەنعای پایتەخت ببڕێت.

عەلی حەمید ئەهدەل رۆژنامەنووس لە بارەی شەڕی حەدیدە دەڵێ هێزە هاوبەشەكان لە دوو رۆژی رابردوودا توانیویانە هێزەكانی حوسییەكان راكێشنە شەڕێك لە دەرەوەی شارەكە، ئەمەش پێچەوانەی ئامانجی حوسییەكانە كە خۆیان بۆ شەڕی كۆڵان بە كۆڵان ئامادە كردبوو.

ئەوەشی خستەڕوو ئێستە شەڕەكە نزیكە لە بەندەری شارەكە و هێزەكانی حووسییەكانیش ورەیان دابەزیوە و هەوڵدەدەن زۆرترین كەس بكەنە چەكدار و رەوانەی بەرەكانی شەڕی بكەن.

چاودێران كۆكن لەسەر ئەوەی جەنگی حەدیدە لە چەند رۆژی داهاتووودا دەبێتە مانشێتی میدیاكان بەهۆی شەڕی نێوان هاوپەیمانان و حوسییەكان.

ئەنوەر قرقاش وەزیری كاروباری دەرەوەی ئیماڕات لە تویتێكدا لە تویتەری خۆی، دەڵێ لە بنەڕەتدا حوسییەكان ویستی بەشداریان لە لوتكەی سێی جنێڤ نەبوو، ئێستە دۆخەكە بۆ كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی باش روون بووەتەوە كە حوسییەكان هیچ كات ویستێكی ئەرێنیان نەبووە.

شارەزایەكی پێوەندییە نێودەوڵەتییەكان دەڵێ گریفیس هەوڵێكی تر دەداتەوە لەگەڵ حوسییەكان بۆ ئەمەش سەردانی مەسقت دەكات بۆ كۆبوونەوە لەگەڵ سەركردەی حوسییەكان بەو ئامانجەی لە ماوەیەكی كەمدا جارێكی تر كۆبوونەوەكان دەست پێ بكەنەوە.
ئەرحەب سەرحی شارەزا لە پێوەندییە نێودەوڵەتییەكان روونی كردەوە كە گریفیس هەم بۆ رزگاركردنی هەوڵەكانی حەوت مانگ پێش ئێستەی هەمیش رزگاركردنی هەوڵەكەی نەتەوەیەكگرتووەكان، جارێكی تر دەست بە كۆشش دەكاتەوە.



وشە - فه‌رمان سادق