سیستانی هیوای عەبادی لە گۆڕ نا.. كاندیدەكانی سوننە دوو هێندە دەبن

:: AM:11:11:11/09/2018 ‌
لەگەڵ ئەوەی سەردانیان دەكات بۆ بەدەمەوە هاتنی داواكارییەكان، عەبادی بەسڕە دەكاتە سەربازگە و سیستانیش هیوای كاندیدبوونەوەی لە گۆڕ دەنێت كە تەنیا چوار رۆژ ماوە بۆ كۆبوونەوەی پەرلەمان. كاندیدی سوننەكان بۆ دوو هێندە زیاد دەبێت و سەرۆك كۆماریش لە نێوان پارتی و یەكێتی یەكلایی نەبووەتەوە.

عەبادی.. بەسڕە دەكاتە سەربازگە و ئینجا سەردانی دەكات
دوو رۆژە بەسڕایییەكان ناڕەزایەتییەكانیان سڕ كردووە بەهۆی بڵاوە پێكردنی 25 هەزار چەكدار بە بڕیاری عەبادی كە تەنانەت چایخانە و كافتریایەك لەو بەسڕەیە شك نابەی ژمارەی چەكدارانی لە خەڵكی شارەكە زیاتر نەبێت كە بەلای حكوومەتەوە بڕیاری خۆپێشاندانەكانی لێوە دەدرێت، هاوشانی ئەوەش گەڕەكە هەژارنشینەكان كە داینەمۆی خۆپێشاندانەكانن، ژمارەی چەكداران تێیدا لە دارتەلەكان زیاترە و لە سەربازگە دەچێت، پێ دەچێت هەنگاوەكەی حكوومەت رەزامەندی حزبە شیعییەكانی لەسەر بێت كە تەنیا 10 رۆژ ماوە بۆ دەستپێكردنی رێوڕەسمی ساڵانەی موحەڕەم كە ترسی ئەوەیان هەیە رێوڕەسمی ئەمساڵ ببێتە هەڕەشە لەسەر پێكهێنانی حكوومەت و راپەڕین دژیان.

عەبادی كە بەسڕە و میسان و ناسڕیەی كردووە بە سەربازگە و رۆژ دوای رۆژ هێزی زیاتر لە بەغدا و بابل و دیالە بۆ دەنێرێت، ئێوارەی دوێنێ سەردانی شارەكەی كرد بە مەبەستی كۆبوونەوە لەگەڵ سەرۆك هۆزەكان و چالاكانی شارەكە، بەڵام زۆرینەی چالاكان و سەرۆك هۆزەكان ئامادە نین پێشوازی لە عەبادی بكەن و تۆمەتباری دەكەن بە كوشتنی 11 چالاك و برینداركردنی چەندانی تر.

لە دوای دەستپێكی خۆپێشاندانەكان لە هەشتی تەمووزی رابردوو تا ئێستە، ئەمە سێیەم سەردانی حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی بۆ بەسڕە، بەرپرسێكی حكوومەتیش كە هاوسەفەری عەبادییە، دەڵێ سەرۆك وەزیران لەگەڵ چالاكان و كەسایەتییەكان كۆ دەبێتەوە بۆ ئەوەی باسی بەرنامەی خێرایی حكوومەت بكات.

هاوكات پارێزگاری شارەكە هەزار و 400 هەلی كاری راگەیاند لەسەر میلاكی وەزارەتی پەروەردە وەك بەشێك لە بەرنامەی دامەزراندنی 10 هەزار كەس لە بەسڕە بە مەبەستی كەمتركردنەوەی رێژەی بێكاری.

فایز ئەلسەعد یەكێك لە سەرۆك هۆزەكانی بەسڕە، دەڵێ خەڵكی بەسڕە لە عەبادی تووڕەن، هیچ سەرۆك هۆزێكیش ئامادە نییە لەگەڵ عەبادی كۆ ببێتەوە. گوتی "سەرۆك هۆزەكان كۆبوونەوە لەگەڵ عەبادی رەت دەكەنەوە، ئەوانەشی كە پێشوازییان لێی كرد نوێنەرایەتی خەڵكی بەسڕە ناكەن".

هەر لە بەسڕە ئێوارەی دوێنێ دوای كۆبوونەوەی لەگەڵ چەند سەرۆك هۆزێك و لیژنەی وزاری حكوومەت، عەبادی حەوت بڕیاری راگەیاند، لەوانە شەشیان پێوەندار بوون بە دابینكردنی ئاوی پاك و حەوتەمیان پرسی دامەزراندنی بێكاران بوو.

سیستانی هیوای عەبادی لە گۆڕ نا
لەگەڵ ئەوەی تەنیا چوار رۆژ ماوە بۆ كۆبوونەوەی دووەمی پەرلەمان، عەلی سیستانی مەرجەعی باڵای شیعەكان لە عێراق لە لێدوانێكی تایبەت لەسەر ماڵپەڕی فەرمی خۆی رای گەیاند، مەرجەعییەت لەگەڵ ئەوەدا نییە كەسێك بكرێتە سەرۆك وەزیران كە پێشتر پۆستی باڵای لە حكوومەت هەبووبێت.

چاودێران وەها شرۆڤەی لێدوانەكەی سیستانی دەكەن كە هیوای عەبادی لە گۆڕ ناوە، هەروەها دەڵێن قسەكانی سیستانی نووری مالیكی و هادی عامری و عادل عەبدولمەهدی و عەلی عەلاق و تاریق نەجم و قاسم ئەعرەجیش دەگرێتەوە.

لە بەرانبەر ئەوەدا هەندێك لە پەرلەمانتاران بۆچوونەكەی سیستانی رەت دەكەنەوە و دەڵێن، دەستنیشانكردنی سەرۆك وەزیران بەپێی دەستوور لە دەسەڵاتی لیستی گەورەدایە نەك مەرجەعییەت، بۆیە ئەو بۆچوونەی مەرجەعییەت "زۆر وردەكاری" نییە.

ئەوان روونی دەكەنەوە كە لە شەخسی سیستانی ئەو قسەیەیان نەبیستووە، تەنانەت ناوی كەس و لایەنیشی نەداوە، بەڵام ئەگەر بە گشتی وەری بگریت ئەوا هەموو حزبەكان دەگرێتەوە چ ئەوانەی لە دەسەڵاتن یان سەربەخۆن، چونكە زۆرینەی خەڵك هیوای بەوانە نەماوە بتوانن چاكسازی بكەن یان بەڕەنگاری گەندەڵی ببنەوە.

كەسایەتییەكی نزیك لە مەرجەعییەت ئاشكرای دەكات، ئەگەر لایەنە سیاسییەكان ئامۆژگارییەكانی مەرجەعییەت كە لە گوتاری هەینی 27ی تەمووزی رابردوو، روونی كردبووەوە لە بارەی دەستنیشانكردنی كەسانی نوێ و بە توانا و پاك و بوێر، رەنگە ببێتە دەلیچەیەك لە نێوان دەسەڵات و مەرجەعییەت، بەڵام ئەگەر ئەوە نەكەن، ئەوا مەرجەعییەتیش بەردەوام دەبێت لە بایكۆتكردنی حزبە سیاسییەكان و پشتگیریكردن لە مافەكانی خەڵك.

هەر پێوەند بەو پرسە، سەباح ئەلساعدی سەركردە لە هاوپەیمانی نەسڕ ئاشكرای دەكات كە سیستانی بە نووسراوی فەرمی ناوی پێنج كەسایەتی نووسیوە كە پشتگیرییان ناكات بۆ وەرگرتنەوەی پۆستی سەرۆك وەزیران.

لەسەر ئەو بابەتە سەركردەیەكی هاوپەیمانی نەسڕ دەڵێ، بەیاننامەكەی مەرجەعییەت رەتكردنەوە نییە، بەڵكو دووپاتكردنەوەیە لەسەر ئەوەی پشتگیری كەسێك ناكات پێشتر سەرۆك وەزیران بووبێت، یان هەر پۆستێكی باڵای هەبووبێت، گوتی "بەو مانایە دێت سیستانی پشتگیری لە عەبادی و مالیكی و عامری و تاریق نەجم و عادل عەبدولمەهدی و عەلی عەلاق و قاسم ئەعرەجی و عەلی دەوایی ناكات".

چاودێران كۆكن لەسەر ئەوەی دواكەوتنی عەبادی لە وەڵامدانەوەی داواكاری خۆپێشاندەرانی بەسڕە و ئەوەی بەدوایدا هات، وایكرد سیستانی دوا بزمار لە تابووتی خۆ كاندیدكردنەوەی عەبادی بدات، پێیان وایە ئەمەریكاش لە وەها دۆخێكدا نایەوێ رووبەڕووی مەرجەعییەت ببێتەوە ئەگەرچی پشتگیری سەرسەختانەی كاندیدكردنەوەی عەبادی دەكەن.

هەڵوێستەكەی سیستانی دژ بە عەبادی نزیكە لە هەمان هەڵوێستی دژ بە مالیكی كە چوار ساڵ پێش ئێستە ناچاری كرد خۆی بۆ خولی سێیەم كاندید نەكاتەوە.

پێوەند بە نزیكبوونەوەی هاوپەیمانی سائیروون بە سەركردایەتی موقتەدا سەدر و هاوپەیمانی فەتح بە سەركردایەتی هادی عامری. بەدر محیبس سەركردە لە هاوپەیمانی فەتح دەڵێ، نزیكبوونەوە لە نێوان سەدر و عامری هەیە لەسەر بەرنامەی حكوومەت، بەڵام تا ئێستە باسی هیچ ناوێك نەكراوە كاندید بكرێت بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆك وەزیران.

سوننە و كورد ناو ماڵیان وێرانە
كاتێك چوار رۆژ ماوە بۆ دەستپێكردنەوەی دانیشتنی هەڵپەسێردراوی پەرلەمان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆك پەرلەمان و جێگرانی كە بەپێی دابەشكاری پشك پشكێنە بەر هێزە سوننەكان كەوتووە، سوننەكان لە بری كۆكبوون لەسەر یەك كاندید لە كۆی چواریان، ژمارەكە بۆ هەشت كاندید زیادی كردووە كە هەریەكە لە محەمەد تەمیم، ئوسامە نوجێفی، تەڵال زەوبەعی، محەمەد حەلبووسی، ئەحمەد خەڵەف جبووری، رەشید عەزاوی، ئەحمەد عەبدوڵا جبووری و محەمەد خالیدی.

هاوكات پارتی و یەكێتی كە دوێنێ لە كۆبوونەوەدا بوون، نەگەیشتوون بە رێككەوتن لەسەر كاندیدێك بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆك كۆمار كە بەپێی پشك پشێكنە بەر كورد دەكەوێت، بۆ ئەمە بەپێی بەلاغی كۆتایی كۆبوونەوەكەیان كە خۆی لە سێ خاڵدا دەبینێتەوە، یەكێكیان پێوەندە بە یەكخستنی ناو ماڵی كورد لە ئاستی عێراق و كوردستان كە بۆ ئەمە هەردوو حزب، داوای كۆبوونەوەی هاوبەش دەكەن لەگەڵ لایەنەكانی تر كە پێ دەچێ پرسی پۆستەكانی بەغدا كە دیارترینیان پۆستی سەرۆك كۆمارە، لەگەڵ چوار لایەنە ناڕازییەكە تاوتوێ بكەن.



وشە - فه‌رمان سادق