یانەی هەولێر پێشتر بەنیازبووە زەوییەكانی یاریگەی فڕەنسۆ هەریری بفرۆشێت

:: AM:10:12:12/09/2018 ‌

یانەی وەرزشی هەولێر دانی بەوەدانا كە پێش پێنج ساڵ بەنیازبوون زەوییەكانی دەوروبەری یاریگەی فڕەنسۆ هەریری بفرۆشن، بەڵام هیچ كڕیارێكیان نەبووە.

ئاشكراكردنی ئەم بابەتە لەكاتێكدایە كە ماوەی چەند رۆژێكە دەنگۆی ئەوە بڵاو دەكرێتەوە كە گوایە یاریگەی فڕەنسۆ هەریری كە دەكەوێتە ناوچەقی شاری هەولێر، دەفرۆشرێت و لە شوێنێكی تر یاریگەیەكی ناودەوڵەتی بۆ یانەكە دروست دەكرێ.

ماڵپەڕی یانەی هەولێر لەمبارەیەوە ئاشكرای كرد: سه‌باره‌ت به‌م ده‌نگۆیانه‌ی كه‌ گوایه‌ یاریگه‌ی شه‌هید فره‌نسۆ هه‌ریری بۆ مه‌به‌ستی وه‌به‌رهێنان تێك ده‌درێت و له‌ شوێنی تر یاریگه‌ دروست ده‌كرێته‌وه‌، ئه‌م ده‌نگۆیانه‌ هیچ بنه‌مایه‌كی فه‌رمییان نییه‌ و سه‌رله‌به‌ری وەک یانەی وەرزشی ھەولێر ڕه‌تی ده‌كه‌ینه‌وه‌.

هەروەها ئاشكرای كرد: یانەکەمان پێنج ساڵ لەمەوبەر بیرۆکەی ئەوەی خستەروو کە زەوییەکانی دەوروبەری یاریگە بە مەبەستی وەبەرھێنان و باشکردنی لایەنی دارایی و دروستکردنی یاریگەیەکی ناودەوڵەتی بۆ یانەکەمان، بەسەرپەرشتی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بفرۆشێت، بەڵام ئەو کات ھیچ وەبەرھێنەرێک نەھاتە پێش بۆ جێبەجێکردنی پرۆژەکە.

یانەكە هەروەها دەڵێت: داوا لە ھەموو لایەک دەکەین لە تۆرە کۆمەڵاتییەکان کەس موزایەدە لەسەر ئێمە ناکات و خۆمان بە خەمخۆری یانەکە و ناوی شەھید فرانسۆ ھەریری دەزانین و ھەموو ھەولێک دەدین بۆ پێشخستنی یانەکەمان لەھەموو روویەکەوە.

جەختیشی كردەوە: دڵنیایی هه‌موو لایه‌ك ده‌كه‌ینه‌وه‌ كه‌ یاریگه‌ی فڕەنسۆ هەریری وه‌ك خۆی ده‌مێنێته‌وه‌، چونكه‌ به‌شێكه‌ له‌ شانازی مێژووی شاری هه‌ولێر.

لای خۆشییەوە سەفین كانەبی سەرۆكی یەكەتیی تۆپی پێی كوردستان دوێنێ سێشەم لەسەر لاپەڕەی تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی (فەیسبووك) پەیامێكی سەبارەت بەم بابەتە بڵاو كردبووەوە.

كانەبی لە پەیامەكەدا رایگەیاندبوو: چەند رۆژێكە دەنگۆی ئەوە بڵاو دەكرێتەوە كە گوایە یاریگەی فرەنسۆ هەریری دەفرۆشرێت و تێک دەدرێت.

سەرۆكی یەكەتیی تۆپی پێی كوردستان لەمبارەیەوە جەختی كردەوە: لێرەوە بە هەموو وەرزشوانانی کوردستان رادەگەینم ئەم دەنگۆیانە دوورن لە راستییەوە و بە هیچ شێوەیە ئێمە رێگە نادەین یاریگەیەك كە شەهید فرەنسۆ هەریری دروستی کردبێت، تێک بدرێت.

كانەبی هەروەها رایگەباندبوو: ئەم یاریگەیە وەک قوتابخانەیەک بووە بۆ پێگەیاندنی هەزاران یاریزانی کوردستان بە گشتی و شاری هەولێر بە تایبەتی، بۆیە دڵنیاتان دەکەمەوە ئەم یاریگەیە وەک رەمزێکی هەولێر و کوردستان دەمێنێتەوە و دەستکاری ناکرێت.

لە كۆتاییدا سەرۆكی یەكەتیی تۆپی پێی كوردستان رایگەیاند: ئەگەر باس لە دروستکردنی یاریگەیەکی نێودەوڵەتی نوێ دەکرێت، ئەوا پێویست ناکات لە بەرامبەر تێکدانی ئەم یاریگەیە یاریگەیەکی تر دروست بکرێت، بەڵکو جگە لە یاریگەی فرەنسۆ هەریری، شاری هەولێر پێویستی بە چەندان یاریگەی دیکە و هۆڵی وەرزشی تر هەیە.




وشە - ئامانج ئه‌كره‌م