لە مەدرید دەگە لە یاریزانێكی بەرشەلۆنە دراوە

:: PM:12:46:12/09/2018 ‌

لە شاری مەدریدی پایەتەختی ئیسپانیا فێڵ لە یاریزانێكی یانەی بەرشەلۆنە دەكرێ و بە دەگە پارەیەكی زیادی لێ دەسەنرێ.

رۆژنامەی (مۆندۆ دیپۆرتیڤۆ)ی كەتەلۆنی ئاشكرای كرد: مونیر حەدادی هێرشبەری یانەی بەرشەلۆنە بۆ ئاهەنگی رۆژی لەدایكبوونی هۆڵێكی بەناوبانگی شەوانەی شاری مەدریدی بەكرێ گرتبوو.

رۆژنامەكە هەروەها بڵاوی كردەوە: حەدادی بەر لە ئەنجامدانی ئاهەنگەكە لەگەڵ هاوڕێ نزیكەكانی، رێكەوتنی لەگەڵ خاوەنی هۆڵەكە كردبوو و لەسەر نرخی بەكرێ گرتنی هۆڵەكە لە تەواوی شەوەكە رێككەوتبوون.

دوای تەواوبوونی ئاهەنگەكە خاوەنی هۆڵەكە پسوولەی تێچووەكانی ئاهەنگەكەی دابوو بە حەدادی كە 16 هەزار یۆرۆ بووە، ئەمەش جیاوازییەكی زۆری لەگەڵ ئەو بڕە هەبوو كە لەسەری رێككەوتوون و بۆیە كێشە لەنێوان هەردوولا دروست دەبێت.

بۆ چارەسەركردنی كێشەكەش حەدادی پەنای بردۆتە بەر پۆلیس، بەڵام چارەسەركردنی كێشەكە بەدڵی ئەو نەبووە كە پێیوابووە نرخەكەی دوو هێندەی بۆ زیادكراوە و لەبەرامبەریشدا پۆلیس تەنیا 1000 یۆڕۆی بۆ كەمكردۆتەوە.




وشە - ئامانج ئه‌كره‌م