دوای شكستی سوننەكان.. كورد و شیعە بڕیار لەسەر چارەنووسی سەرۆك پەرلەمان دەدەن

هاوكاتی ئاڵۆزی و مشتومڕی نێوان هەردوو بەرەی شیعە لەسەر پێكهێنانی لیستی گەورە، سوننەكانیش زیاتر پەرتەوازە دەبن و لە چوارەوە بۆ نۆ كاندید بۆ پۆستی سەرۆكی پەرلەمان زیادیان كردووە. سەركردەیەكی سوننە دەڵێ، پۆستی سەرۆكی پەرلەمان بە دەنگدان لە دانیشتنی داهاتوودا یەكلا دەكرێتەوە.

لەگەڵ ئەوەی تەنیا سێ رۆژ بۆ تەواوكردنی دانیشتنی یەكەمی پەرلەمان كە بە كراوەیی بۆ رۆژی شەموو 15ی ئەیلول/ سێپتێمبەر، هەڵپەسێردرا ماوە، ناوماڵی سوننە و كورد و شیعە زیاتر پەرتەوازە بوونە، نە هەردوو بەرەی شیعەی نزیك لە ئەمەریكا و ئێران توانیویانە لیستی زۆرینە پێك بێنن بۆ پێكهێنانی حكوومەت، نە سوننەیش لەسەر كاندیدێك بۆ پۆستی سەرۆكی پەرلەمان كۆكن و نە پارتی و یەكێتی و لایەنە كوردستانییەكان لەسەر پۆستی سەرۆك كۆمار رێككەوتوون.

ئەگەرچی پێشتر شەش لایەنی سوننە هاوپەیمانی (میحوەری وەتەنی)یان پێكهێنا، بەڵام لە دەستنیشانكردنی یەك كاندید بۆ پۆستی سەرۆكی پەرلەمان شكستیان هێنا، ئەمەیش وای كرد لە دانیشتنی كردنەوەی خولی چوارەمی پەرلەمان لە بڕی كاندیدێك، چوار كاندید پێشكەیش بكەن.

لە ماوەی 10 رۆژی رابردووی هەڵپەساردنی دانیشتنی پەرلەماندا، سوننە جارێكی تر شكستیان هێنا لەوەی ژمارەی كاندیدەكانیان كەم بكەنەوە و لەسەر كاندیدێك رێككەون، بە پێچەوانەوە محەمەد خالیدی دەڵێ ژمارەكە لە چوارەوە بووە بە نۆ كاندید، بریتین لە ئوسامە نوجێفی، محەمەد خالیدی سەرۆكی لیستی بەیارق خەیر لە پەرلەمانی عێراق و خالد عوبێدی وەزیری پێشتری بەرگری و سەركردەی لیستی بەیارق خەیر، ئەحمەد عەبدوڵا جبووری سەرۆكی حزبی جەماهیری وەتەنی، محمەد حەلبووسی، تەڵاڵ زەوبەعی، محەمەد تەمیم و رەشید عەزاوی.

بەڵام فەرمانگەی راگەیاندنی پەرلەمانی عێراق دەڵێ ژمارەی كاندیدانی سوننە بۆ پۆستی سەرۆك پەرلەمان بوون بە حەوت كاندید، دوای ئەوەی خالد عوبێدی، سەرۆكی لیستی نەسڕ لەسەر پارێزگای نەینەوا ناوی خۆی تۆمار كرد.

محەمەد خالیدی دەڵێ، هۆكاری زیادبوونی كاندیدانی سوننە بۆ پۆستی سەرۆكی پەرلەمان، بۆ شكستهێنانی لیستە سوننەكان دەگەڕێتەوە لە رێككەوتن لەسەر یەك كاندید، ئەمەیش وای كرد ژمارەكە لە چوارەوە ببێ بە نۆ كاندید.

"هەر یەكێك لەو نۆ كاندیدە توانی 166 دەنگی ئەندامانی پەرلەمان بەدەست بێنێ، دەبێتە سەرۆكی پەرلەمان، بە مانایەكی تر، سوننە شكستیان لە رێككەوتن لەسەر یەك كاندید دەبەنە ناو پەرلەمان، تا پەرلەمانتاران ئەو پرسە یەكلا بكەنەوە، بە جۆرێك دوو لەوانەی زۆرترین دەنگ بە دەست دێنن، بۆ قۆناغی دووەم سەردەكەون، لە قۆناغی دووەمدا كامیان 166 دەنگ بە دەست بێنێت ئەوا دەبێتە سەرۆكی پەرلەمان"، خالیدی وای گوت.

 عەدنان سەڕاج، سەرۆكی سەنتەری عێراق بۆ گەشەپێدانی میدیایی دەڵێ دیارترین هۆكاری شكستی سوننە لە هاوپەیمانیەتییەكانیان و دەستنیشان نەكردنی كەسایەتییەك وەك كاندید بۆ پۆستی سەرۆكی پەرلەمان، بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە ئەوان لە دەرەوەی عێراق رێككەوتن لەسەر هاوپەیمانیەتییەك دەكەن كە لەلایەن وڵاتانی هەرێمایەتی پشتگیری دەكرێ.

زیاتر گوتی، "خولەكانی رابردوویش سەلماندوویەتی كە هەر هاوپەیمانیەتییەكی سوننە لە دەرەوەی عێراق پێكهێنرابێ، شكستی هێناوە و پەرتەوازە بووە، ئەمەیش هۆكاری شكستی هاوپەیمانی میحوەری وەتەنی و دابەشبوونی سوننەكانە".

محەمەد عەلی زەینی، سەرۆكی تەمەن دەڵێ، هەموو كاندیدانی لیستە سوننەكان بەیەكەوە وەك یەك پاكێج ناوەكانیان لە دانیشتنی داهاتووی پەرلەمان دەخرێنە روو، تا پەرلەمانتاران دەنگیان پێ بدەن.

زیاتر گوتی، "بەگوێرەی رێككەوتنی لایەنە سیاسییەكان بێ، لە ناوەڕاستی ئەم مانگە واتە 15ی ئەیلوول، لە دانیشتنی داهاتووی پەرلەمان دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان دەكرێ، واتە سەرۆك و هەردوو جێگرەكەی، بۆیە ئەوەی تا ئێستە روون بووەتەوە و ناوەكانی پێشكەش بە فەرمانگەی راگەیاندنی پەرلەمان كراوە، تەنیا كاندیدی سوننەكانن، هێشتا كورد و شیعە هیچ ناوێكیان بە پەرلەمان نەداوە بۆ جێگرانی یەكەم و دووەمی سەرۆك كە دەبێ لە هەمان دانیشتندا دەنگیان پێ بدرێ".
 
پەرتەوازەیی سوننە لە كاتێكدایە شیعەیش بە هەمان شێوە لە پێكهێنانی لیستی گەورەی پەرلەمانی شكستیان هێناوە، بە تایبەت دوای رووداوەكانی بەسڕە كە بەهۆیەوە زیاتر لە 11 كەس كوژران و كونسوڵخانەی ئێران و بارەگای میلیشیا چەكدارەكان و حزبە شیعەكانیش سووتێران.

رووداوەكەی بەسڕە وای كرد عەلی سیستانی مەرجەعی باڵای شیعەكانی عێراق خەت بەسەر عەبادی بدا و بەگوێرەی زانیارییە دزە پێكراوەكان موقتەدا سەدر و هادی عامری نزیكن لە پێكهێنانی هاوپەیمانیەتییەكی نوێ كە پێ دەچێ هەر پێنج لایەنە شیعەكان دواتر بچنەوە ناو یەك هاوپەیمانیەتی كە 192 كورسیان دەبێ.

لەسەر ئاستی كوردستانیش، هێشتا پارتی و یەكێتی كۆك نین لەسەر پۆستی سەرۆكی كۆمار، جگە لەمەیش ئەو دوولایەنە هەوڵدەدەن لەگەڵ چوار لایەنە ناڕازییەكە دانیشتن بكەن بۆ یەكخستن و پێكهێنانەوەی هاوپەیمانی كوردستانی.



وشە - فه‌رمان سادق


PM:06:52:12/09/2018




ئه‌م بابه‌ته 507 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



زۆرترین خوێنراو‌
بابەتی پێوه‌ندار ‌