بەڕازیل سەركەوتنێكی گەورەی بەدەستهێنا و ئەرجەنتینیش یەكسان بوو

:: AM:09:15:13/09/2018 ‌

بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەم لەچوارچێوەی یارییە دۆستانەكانی هەڵبژاردەكان، هەڵبژاردەی بەڕازیل سەركەوتنێكی گەورەی تۆمار كرد و ئەرجەنتینیش بەبێ ئامادەبوونی لیۆنێل میسی یەكسان بوو.

هەڵبژاردەی بەڕازیل لەنێو یاریگەی لاندرۆڤەر لە هەرێمی مارینلادی ئەمەریكا بە ئەنجامی 5-0 گۆڵ لە هەڵبژاردەی سیلڤادۆری بردەوە.

گۆڵەكانی هەڵبژاردەی بەڕازیل لەلایەن یاریزانان نیمار دا سیلڤا لە خولەكی 3 بەڕێگەی لێدانی سزا، ریچارلیسۆن هێرشبەری یانەی ئێڤەرتۆنی ئینگلیزی 2 گۆڵ لە خولەكانی 16 و 50، فیلیپ كۆتینیو لە خولەكی 30 و ماركۆس كۆریا لە خولەكی 90 تۆمار كران.

لەلایەكی تریشەوە هەڵبژاردەی ئەرجەنتین لە دووەم یاریی دۆستانەیدا بەبێ ئامادەبوونی ئەستێرەی یەكەم و كاپتنەكەی لیۆنێل میسی لە هەرێمی نیۆجێرسی ئەمەریكا بەبێ گۆڵ لەگەڵ هەڵبژاردەی كۆڵۆمبیا یەكسان بوو.

هەڵبژاردەی ئەرجەنتین كە لە مۆندیالی 2018ی رووسیا خراپترین ئاستی پێشكەش كردبوو، سەرەتای ئەم هەفتەیە لە یارییەكی دۆستانەی تردا بە 3 گۆڵی بێ وەڵام لە هەڵبژاردەی گواتیمالای بردبووەوە.




وشە - ئامانج ئه‌كره‌م