فیفا 19 دەكەوێتە بازاڕەوە.. بزانە 10 باشترین یاریزانی یارییەكە كامانەن؟

:: AM:10:04:13/09/2018 ‌

بەفەرمی ئاستی سەرجەم یاریزانەكانی یاریی فیفا 19 ئاشكرا كران و بۆ یەكەمجاریش ئاست و هێزی هەردوو باشترین یاریزانی جیهان كریستیانۆ رۆناڵدۆ و لیۆنێل میسی لە یارییەكەدا لە یەك ئاست دانران.

دوێنێ چوارشەم كۆمپانیای دروستكەری یارییەكانی پلەی ستەیشنی فیفا ناوی باشترین یاریزانەكانی فیفا 19ی لە رووی ئاست و هێزەوە ئاشكرا كرد كە بڕیارە دوای چەند رۆژێكی تر بكەوێتە بازاڕەوە.

كۆمپانیاكە بۆ یەكەمجار ئاست و هێزی رۆناڵدۆی پورتوگالی لە یانەی یۆڤێنتۆسی ئیتاڵی و میسی ئەرجەنتینی لە یانەی بەرشەلۆنەی ئیسپانی لە یەك ئاست و لە ریزبەندی یەكەمی یاریزانەكان دانا بە هێزی 94%.

لە یاریی فیفا 19ی ئەمجارەدا 10 یاریزان وەك باشترین یاریزانی یارییەكە دەستنیشان كراون كە ئەوانیش برێتین لە (رۆناڵدۆ، میسی، نیمار دا سیلڤا، تۆنی كڕووس، لوكا مۆدریچ، كیڤن دی بڕۆین، ئیدین هازارد، سێرجیۆ رامۆس، لویس سوارێز و دێڤید دی خیا).

لە یارییەكەدا پلەی سێیەمی باشترین یاریزان بە نیمار دا سیلڤای ئەستێرەی بەڕازیلی لە یانەی پاریس سان جێرمانی فڕەنسی دراوە بە هێزی 92%.

هەروەها هێزی محەمەد سەڵاحی ئەستێرەی میسڕی لە یانەی لێڤەرپوولی ئینگلیزی بە 88% دیاری كراوە لە ریزبەندی 27ی باشترین یاریزانەكانی فیفا 19.

جێی باسە یارییەكانی فیفا یەكێكە لە بەناوبانگترین یارییە ئەلیكترۆنییەكان كە هەوادارێكی زۆری لەسەرتاسەری جیهان هەیە و بڕیاریشە لە چەند رۆژی داهاتوودا بەفەرمی ڤێرژنی نوێی (فیفا 19) بكەوێتە بازاڕەوە.



وشە - ئامانج ئه‌كره‌م