گواردیۆلا دەگەڕێتەوە بەرشەلۆنە

:: AM:10:55:13/09/2018 ‌

پێپ گواردیۆلای راهێنەری یانەی مانچستەر سیتی ئینگلیزی ئاشكرای كرد كە خوازیارە كۆتایی ژیانی راهێنەرایەتی لە یانەكەی پێشووی بەرشەلۆنەی ئیسپانی بێت.

گواردیۆلا بەشێوەی فەرمی لە ساڵی 2007 بە تیپی دووەمی یانەی بەرشەلۆنە دەست بە كاری راهێنەرایەتی كرد و دواتریش بووە راهێنەری تیپی یەكەمی یانەكە.

راهێنەرە ئیسپانییەكە دواجار لە هاوینی 2013 ریزی یانەی بەرشەلۆنەی جێهێشت و رووی لە یانەی بایرن میونشنی ئەڵمانی كرد، دواتریش لە هاوینی 2016 بەفەرمی بووە راهێنەری یانەی مانچستەر سیتی.

لە نوێترین چاوپێكەوتنیدا لەگەڵ رۆژنامەی (مۆندۆ دیپۆرتیڤۆ)ی كەتەلۆنی رایگەیاند: بەدڵنیایەوە كۆتایی ژیانی راهێنەرایەتیم وەك ئەوە دەبێت كە چۆن دەستم پێی كرد.

ئەو راهێنەرە تەمەن 47 ساڵییە هەروەها گوتی: دوایین كاری راهێنەرایەتیم ئەو شوێنە دەبێت كە تێیدا دەستم پێی كرد ئەویش یانەی بەرشەلۆنەیە.

جەختیشی كردەوە كە لە هەموو ئەو یانانەی كاری راهێنەرایەتی تێدا كردووە هەوڵی داوە بەشێوەیەك یاری بكات كە خۆی دەیەوێ و پلانی بۆی داڕشتووە.

جێی باسە گواردیۆلا وەك یاریزانیش ماوەیەكی درێژ لە ریزی یانەی بەرشەلۆنە یاری كردووە لە وەرزی 1990 تا 2001 و لەگەڵ ئەو یانەیەشدا چەندان دەستكەوتی مێژوویی بەدەستهێنابوو.




وشە - ئامانج ئه‌كره‌م