دوای 30 ساڵ بۆ یەكەم جار رووپێوی دیموگرافی هەرێمی كوردستان راگەیەنرا

:: PM:01:12:13/09/2018 ‌

ئەمڕۆ چوارشەم رێكخراوی نێودەوڵەتیی كۆچ بە هاوكاری دەستەی ئاماری هەرێمی كوردستان و سندووقی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ كاروباری دانیشتووان یەکەم رووپێوی لەبارەی دیموگرافی هەرێمی كوردستان بڵاو كردەوە.

ئەو رووپێوەی ئەمڕۆ لە هۆڵی سەعد عەبدوڵا بە ئامادەبوونی وەزیری پلاندانان و پارێزگارەكانی هەولیر و سلێمانی و نوێنەری پارێزگاكانی تر و ژمارەیەك كونسوڵی وڵاتان و نوێنەری یۆنامی بەڕێوە چوو، یەكەم رووپێوی دیموگرافییە كە لە 30 ساڵی رابردوودا لە هەرێمی كوردستان دەكرێت.

رووپێوەكە زانیاری گشتی لەبارەی دۆخی ئێستەی دیموگرافیای دانیشتووانی هەرێمی كوردستان، كار، داهات، خاوەندارێتی خانوو، خوێندەواری و پێداویستییەكانی تری ژیان دەخاتە ڕوو.

پێویستە بگوترێ لە میانەی رێوڕەسمەكە دكتۆر عەلی سندی وەزیری پلاندانانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان باسی لەوە كرد كە لەو رووپێوە زانیاری لەسەر 12 هەزار و 700 خێزان كۆ كراوەتەوە و لە هەر خێزانێك 55 پرسیار كراوە و باری گشتی خێزانەكان بە وردی هەڵسەنگاندنی بۆ كراوە و دواجار ئەنجامەكان ئاشكرا بوون.

سندی روونی كردەوە لە كوردستان و عێراق هیچ سەرژمێرییەكی گشتی نییە، بۆیە بە پێویستیان زانیوە بۆ بەرچاوڕوونی پلانەكانی داهاتوویان پشت بە رووپێوی دیموگرافی ببەستن.

وەزیری پلاندانان ئەوەشی خستەڕوو كە تا كۆتایی ئەمساڵ دوو رووپێوی تر لە هەرێمی كوردستان رادەگەیەنرێن كە تەواوكەری ئەم رووپێوە دەبن و لە پلانەكانی ساڵانی داهاتوو پشتی پێ دەبەستن.

یەكێك لەو رووپێوانە فرەنیشاندەرە و بە هاوكاری یونیسێف رادەگەیەنرێت و رووپێوی دووەمیش لە بارەی باری ژیان و گوزەرانی هاووڵاتییانە و  بە هاوكاری بانكی جیهانی جێبەجێ دەكرێت. 



وشە - سلێمان تاشان