لە كوردستان رێژەی بێكاری و نەخوێندەواری و گەشەی دانیشتووان لە دابەزیندایە

:: PM:03:26:13/09/2018 ‌

 

ئەمڕۆ چوارشەم رێكخراوی نێودەوڵەتیی كۆچ بە هاوكاری دەستەی ئاماری هەرێمی كوردستان و سندووقی نەتەوەیەكگرتووەكان بۆ كاروباری دانیشتووان رووپێوێكی لەبارەی دیموگرافی هەرێمی كوردستان بڵاو كردەوە. رووپێوە دیموگرافییەكە لە نێوان تشرینی یەكەم و دووەمی ساڵی 2017 ئەنجام دراوە و دەرەنجامەكان ئەوە پێشان دەدەن كە رێژەی گەشەی دانیشتووانی هەرێمی كوردستان بەراورد بە  رابردوو پاشەكشەی كردووە، بەڵام ریژەی خوێندەواری بەرز بووەتەوە و دۆخی ژیانی هاووڵاتیانیش باشتر بووە و رێژەی بێكاریش دابەزیوە.

 

سیروان محەمەد سەرۆكی دەستەی ئاماری هەرێمی كوردستان روونی كردەوە رووپێوەكە زۆر گرنگە و زۆربەی بودجەكەش لە لایەن وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا دابین كراوە. ئەو دەڵێت راپۆرتەكە لە حەوت بەش دێت كە باری تەندروستی و كار و دانیشتووان و چەندین بواری تری لە كوردستان خستووەتەڕوو.

 

پێویستە بگوترێت چەندین دەیەیە هیچ سەرژمێرییەكی گشتی لە عێراق و كوردستان نەكراوە و بۆیەش زیاتر پشت بە رووپیوی دەبەسترێت.

 

سەرۆكی دەستەی ئاماری هەرێمی كوردستان بۆ"وشە" گوتی سەرژمێری دەبی لە عیراق بكرێت و كورستان بە جیا ئەنجامی نادات و ئەو رووپێوییەش كە كراوە قەبارەی گەورەیە و 66 هەزار كەس پرسیاریان لێ كراوە. ئەو هەروەها گوتی رێژەی متمانەی ئەم رووپێوە ئەوەندە بەرزە كە بارودۆخی هەرێمی كورستان بە تەواوی دەردەخات.

 

ئەو خۆشحاڵی خۆی لەوە دەربڕی كە رێژەی بێكاری لە دابەزیندایە و كۆتایی ساڵی 2017 بریتی بووە لە 10.2 لەكاتێكدا ساڵی 2015 گەیشتە سەرووی 13.5. ئو بەرپرسە دەلی لە 2016ەوە رووی لە دابەزین كردووە چونكە رێژەی بێكاری لە كۆتایی ساڵی 2016 بریتی بوو لە 12.8.

 

جیرارد وایت سەرۆكی نێردەی رێكخراوی نێودەوڵەتیی كۆچ پێی وایە ئەم رووپێوە هەوڵێكی هاوبەشی راستەقینەیە لەگەڵ حكوومەتی هەرێمی كوردستان و سندووقی نەتەوەیەكگرتووەكان بۆ دانیشتووان و هیواشی خواست پشكی هەبێت لە دەستنیشانكردنی پێویستییەكانی زۆربەی خێزانە ناسەقامگیرەكان لە قۆناغی دوای قەیران.

 

 لە لایەكی ترەوە راماناتان بالاكریشنان نوێنەری سندووقی نەتەوەیەكگرتووەكان بۆ دانیشتووان لە عێراق گوتی" ئەم رووپێوە پێویستییەكانی تازەكردنەوەی ئامارەكانی دانیشتووان و كۆمەڵایەتی و ئابووری دەستەبەر دەكات و وەكوو نەخشەرێگایەك وایە بۆ داهاتووی هەرێمی كوردستان و پێشخستنی سیاسەتەكان و پلاندانان لەم هەرێمە

 

سێ دەیە لەمەوبەر تەمەنی نیوەی دانیشتووانی هەرێمی كوردستان لە خوارووی 15 ساڵ بوو بەڵام گەشەی خێرای دانیشتووان ئەو گڕو تینەی خۆی لەدەست داوە و زیاتر بەرەو ئاساییبوونەوە و سەقامگیری رۆیشتووە و بە گشتیش ژمارەی ئەندامانی خێزانەكان بەراورد بە رابردوو دابەزیوە. بۆ نموونە لە ساڵی 2007 تێكڕای قەبارەی هەر خێزانێك بریتی بووە لە 6.2 ئەندام بەڵام لە ساڵی 2017 بۆ 5.1 دابەزیوە و ئەمەش دەری دەخات لە كوردستان ژیان گۆڕانكاری بەسەر هاتووە و قەبارەی خێزانەكان بچووكتر بوونەتەوە.

تەمەنی كار

هەر بە پێی ئامارەكە 35%ی دانیشتووان لە تەمەنی ژێر 15 ساڵیدان و بە گشتی 61%ی دانیشتووان لە گرووپی تەمەنی چالاكدان و 4%ی دانیشتووانی هەرێمی كوردستان تەمەنیان لە سەرووی 65 ساڵدایە.

 

یەكێكی تر لەو دەرەنجامانەی لە رووپیوەكە دەركەوتووە ئەوەیە تێكڕای تەمەن بۆ هاوسەرگیری لە هەرێمی كوردستان بۆ رەگەزی نێر بریتییە لە 24 ساڵ و شەش مانگ و بۆ رەگەزی مێ 20  ساڵە.

 

پێشكەوتنێكی تر كە لە هەرێمی كوردستان بەدەست هاتووە ئەوەیە رێژەی مردنی منداڵانی تازە لەدایكبوو دابەزیوە وساڵی 2011  لە هەر هەزار منداڵ كە تازە لە دایك دەبوون  28 كەسیان دەمردن، بەڵام ئێستە بۆ 23 كەس دابەزیوە كە نیشاندەری پێشخستنی كەرتی تەندروستییە لە هەرێمی كوردستان.

 

نە خوێندەواری

یەكێكی تر لە دەرەنجامەكانی ئەو رووپیوییە بریتییە لە دابەزینی رێژەی نەخوێندەواری لە هەرێمی كوردستان و بە گشتتی 45%ی دانیشتووانی سەرووی تەمەن شەش ساڵ بڕوانامەی سەرەتاییان نییە، بەڵام سەرەڕای ئەمە 80%ی ئەوانە توانای نووسینەوە و خوێندنەوەیان هەیە. لە نێو ئەو ژمارەیەی بڕوانامەیان نییە  و توانای نووسین و خوێندنەوەیان هەیە 65%یان پیاو و 44%یان ئافرەتن.

 

سەرووی 40%ی دانیشتووانی 15تا 65 ساڵ بەشێكی چالاكی هیزی كاری هەرێمی كوردستان پێك دەهێنن و ریژەی ئەو ئافرەتانەی كار دەكەن بەراورد بە پیاوان زۆر كەمترە و 15%ی ئەو ئافرەتانە كار دەكەن كە لە تەمەنی كاركردندان لە كاتێكدا بۆ پیاوان رێژەكە 70%ە.

 

لە نێو پیاواندا نزیكەی نیوەیان لە كەرتی حكوومیدا كار دەكەن و ئەوانەی تر لە كەرتی تایبەت كار دەكەن، بەڵام لە نێو ئەو ئافرەتانەی كە كار دەكەن زیاتر لە 75%یان بۆ حكوومەت كار دەكەن یان فەرمانبەری حكوومەتن.

 

 لە نێو ئەو پیاوانەی كار دەكەن 44% لە كەرتی حكوومین، 12% لە كەرتی تایبەتدان، 21% خاوەن كاری خۆیانن، 21  كرێكاری رۆژانەن و 2%ی تر بی هیچ كرێیەك بۆ خێزانەكانیان كار دەكەن.

 

هەر بە پێی رووپێوەكە 78  تا  93%ی ئافرەتانی تەمەن 25 تا 64 ساڵ كابانی ماڵەوەن یان كاری نێو ماڵ دەكەن و ئەو پیاوانەش كە كار ناكەن زۆربەیان گەنجن و خەریكی خوێندنن.

 

نیشتەجێبوون وباری ژیان

 

دوو لەسەر سێی خێزانەكانی هەرێمی كوردستان خانووی نیشتەجێبوونی خۆیان هەیە و 8%یش لەوانە لە شوێنێك دەژین كە لە لایەن خزمەكانیان بۆیان دابین كراوە. نزیكەی نیوەی خیزانەكان زێرابی ئاوی قورسیان هەیە و نیوەكەی تر بیر بەكار دەهێنن.

 

تۆڕی گشتی ئاو لە هەموو شوێنێك هەیە. لەگەڵ ئەوەشدا كە هەموو خێزانێك كارەبای نیشتمانی پێگەیشتووە هاوكات پشت بە مۆلیدەی گەڕەكیش دەبەسترێت و 2%ی دانیشتووان مۆلیدەی تایبەت بە خۆیان هەیە.

 

43%ی خێزانەكان ئۆتۆمبێلكیان نییە و 68%یان ئامێرێكی پێوەندیدار ITیان نییە و 54% ئینتەرنێتیان لەبەردەستدا نییە ، هاوكات 19%ی خێزانەكان هیچ مۆبایلێكی زیرەكیان نییە.

 

سەفین دزەیی گوتەبێژی حكوومەتی هەرێمی كوردستان  گەشبینی خۆی لەوە دەربڕی كە كۆمپانیاكان خەریكە دەگەڕێنەوە  ودرێژە بە چالاكییەكانیان دەدەن و متمانەبوون بە حكوومەتیش وای كردووە بەشێك لە كۆمپانیاكان بە قەرز پڕۆژەكان جێبەجێ دەكەن. ئەو هەروەها گوتی هەموو هەوڵێكی حكوومەت ئەوەیە پاشەكەوت نەمێنێت بو خزمەتگوزارییەكانی ئاو و كارەبا و پێداویستییەكانی تر لە مەودوا زیاتر پەرە بە كارەكانیان بدەن و لە داهاتوودا ژیانی خەڵكی هەرێمی كوردستان زۆر لە ئێستا باشتر بێت.



وشە - سلێمان تاشان