هاوكات لەگەڵ نزیكبوونەوەی جەنگی ئیدلب، توركیا بە پاساوی خاوەندارەتییان بۆ دەوڵەتی عوسمانی، هەوڵی دابڕینی 15 گوندی پارێزگای ئیدلب بۆخۆی دەدا، كە ئەوەیش وەك شارەزایان دەڵێن پێشێلكردنی یاسای نێودەوڵەتییە.
روانگەی سووریا بۆ مافی مرۆڤ لەو بارەوە ئەمڕۆ پێنجشەم رای گەیاند، لە سەرچاوەی باوەڕپێكراوەوە زانیاری پێ گەیشتووە بەوەی ئەنكەرە هێزەكانی خۆی لە چەند ناوچەیەكی پارێزگای ئیدلب لە باكوری رۆژئاوای سووریا كۆ كردووەتەوە بۆ پاراستنی چەند ناوچەیەك كە وەك دەڵێ خاوەنداریەتی بۆ توركەكان دەگەڕێتەوە و لەو بارەوە باسی بوونی بەڵگەنامەی عوسمانی دەكا.
سەرچاوەكان دووپاتی دەكەنەوە كە ئەو 15 گوندە دەكەونە باشووری رۆژهەڵاتی دەشتی ئیدلب، لەوانە گوندەكانی سەیادی و برسە و خیارە و سراع و سەریعن، سەرچاوەكان دەڵێن ئەگەر جەنگی ئیدلب روو بدا ئەوە توركیا ئەو گوندانە دەپارێزێ.
پێشتر توركیا بە هەمانشێوە پشتی بە بەڵگەنامەی دەوڵەتی عوسمانی دەبەست بۆ سەلماندنی خاوەنداریەتی چەند ناوچەیەكی سووریا لە دوای 2011 لەوانە جرابلس و منبەج و ئەو ناوچانەی تەرمی سەرانی عوسمانیان تیادا نێژراوە.
لەو بارەوە ئەیمەن سەلامە، مامۆستای یاسا و شارەزای یاسای نێودەوڵەتی دەڵێ، بە پێی دادگای دادی نێودەوڵەتی ئەو بەڵگەنامانە هیچ سەروەری توركیا بەسەر خاكە داگیركراوەكان ناسەلمێنن و تەنیا بانگەشەن و جێی باوەڕكردن نین.